"an independent online kurdish website

کاک عەلی رەحیمی چالاکی سیاسی دێرینی سەردەمی پاشایەتی، زیندانی کراو و پاشان دوور خراوە دوابەدوای بۆمبارانی شیمیایی شاری سەردەشت بە هۆی ئەرکی پێسپێردراوی لە بەشی بێهۆشی نەخۆشخانەی ئەم شارە ،

 پێراگەیشتنی پەرۆشمەندانە بە  ژاراوی بوەکان بۆ خۆشی بە خەستی تووشی کارەسات دەبێت.

ئێش و ئازاری ژاری بۆمبارانی شیمیایی وێرای ئازار و زەختی بەردەوامی دەسەڵاتدارانی حاکم بەسەر ژیانی خەڵک بۆ مل کەچ کردنیان و بەر هەڵستکاری ئەم زاتە لە کۆتایی خۆیدا ناچار بە پەڕیوە بوونی بەرەو هەندەران دەکات.

عەلی وێرای بەشێکی بەرجاوی خەڵکی شارە نیشتمان پەروەرەکەی لە دەرەوەی وڵاتیش کۆڵ نادات. ئەو سەرەڕای کێشە بەردەوامەکانی کاردانەوەی ژاری شیمیایی لە سەر لەشی وەک دەنگی ژاراوی کراوەکانی سەدەشت ئەو پەڕی حەولی خۆی لە هۆلەند بۆ لە قاودانی بێ بەزەیی بەرانبەر خەڵکی ستەم لێکراوی ئەو شارە دەخاتە گەڕ. تێکۆشانی بێ وچانی عەلی و دەوری بەرچاوی لانی کەم لە ساز دانی هێما یا پەیکەری شیمیایی لێدراوانی سەردەشتی لە هۆلەند ـ شارەکانی ڕۆتر دام و دنهاگ  لێ دەکەوێتەوە.

ڕەحیمی خەباتکاری دێرن هاوکاتی گوشارە تاقەت پڕووکێنەکانی لێکەوتەی شیمیایی لە سەر لەشی ئەو پەڕی بەرپرسایەتی خۆی بۆ پەروەردەی جگەر گۆشەکانی دەخاتە گەڕ تا وەک خۆی ببن بە نموونە لە مرۆڤی بە کەڵک و دڵسۆزی داهاتووی وڵات.

هاوڕێ ڕەحیمی، کوڕی کاک عەلی لە دایک بووی شاری سەردەشت بناری بڵفەت ی قارەمانان لە ژێر کاریگەری پەروەردەی زیبا خانمی دایکی و کاک عەلی دەبێتە هیوایەک بۆ دواڕۆژ و ئێستای هولەند و کوردستان.

ئەو ناوەندی “هاوڕێ” بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بە خەڵکی داماو و ڕاستەوخۆ گەیاندنی بە ئەم خەڵکە  وەڕێ دەخات.

هاوڕێ دەرچووی زانکۆی  ئامستردام ـــ هۆلەند لە بەشی کامپیوتر ماوەی شازدە ساڵ وەک ئەندامی ئەنجومەنی بەشێک لە شاری ئامستر دام خزمەت بە خەڵک دەکات.

ئەم گەنجە هەڵکەوتەیە هاوشان وەک ئەندامی تێکۆشەری حیزبی VVD کە ئەم ساڵ زۆرینەی متمانەی خەڵکی هۆلەندی تا ئاستی سەرۆک وەزیران بۆ خۆی تەرخان کرد تێکۆشانی بێ وچانی نواند.

ئاکامی لێ وەشاوەیی ئەم گەنجە کوردە لە پەنا متمانەی حیزبەکەی بوو بە هۆی هەڵبژێرانی وەک ئەندامی پارلمانی هولەند کە ڕۆژانی پێشمان بە فەرمی متمانەی تەواوی پێ بەخشرا.

شک لەوە دا نیە هاوڕێ ڕەحیمی وەک بەڵگەیەکی تری لێ هاتوویی گەنجانی کورد سەلمێنەری ئەو ڕاستیە حاشا هەڵنگرەیە کە هەرچەند نەیارانی نێوخۆ ڕەوتی هەڵکشانی نەوەی نوێ ئەم گەلە بەرتەسک بکەنەوە، لە ژیانی ئازاد و گەشە بێ بەشیان بکەن، ئەوان لە هەر دەرفەتێک بۆ خۆ نواندن تانانەت لە دوور خراوەیی دا توانای بێ ئەملاو ئەولای خۆیان تێدەکۆشن و ئێرادەی خۆیان وەک لێ وەشاوەیی مرۆڤی کورد دەسەلمێنن.

سەرکەوتنی زیاتر بۆ هاوڕێ  وهەموو ئازیزانی وەک ئەو.

سدێق بابایی  ١٩/ ١/٢٠٢٢

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی