"an independent online kurdish website

ئێوارە هاوینێک کە ڕەشماڵان بارگە و چیغیان تێک دەنا، لە کوێستانێکی کۆچەر و لەسەر ڕەوەزی نیشتمانێکی سوور لەژێر سێبەری خڕی دەم کانیاوی شەتاو بۆنی خوێنی سڕ و قژی زەرد و ناوی بەرزیان قەراری بڕیبووم،

دوو دڵۆپە خوناوکەی زێڕین بە کەژاوەی فرمێسکێکی ڕوون چوونە هەناوی شار و لە بیچمی فریشتە لەسەر باڵی پەپوولە خرخاڵ و ملوانکەیان کردە دیاری، دوو پەریی بوێر لە ئاسمانەوە باڵیان گرت و بوونە شەونم و بەسەر ئاخی تینوودا بارین، ئەوان ڕوندکی هەور و کەش و سەقا و پاناو نەبوون، ئەوان خەرمانەی مانگ و جیلوەی بەهار و هەناسەی میترا، شمشاڵێک بوون مێشکی گەنیوی کۆنیان کون کون دەکرد و سروشتێکی سەربزێوی ئەوینداری مرۆڤ و چیا و گوڵ و جامانە و ملوانکە و باران و میوان و هەوری و مێلاقە و شلێرە و مەمۆڵە حەزی لێبوون …

لە مێشکم دا ئەفسانەیەکن پیرۆز، لە بیرم دا هێمای ڕابوون، لە ئاسماندا هەتاو و لە زەوی ڕووبار و لە ژووری هەموو مرۆڤێک پەرستار و لەسەر تاخچە نیگارێکی هەرماو، باوەشیان پڕ لە شێعر و هەناسەیان عەتر و ڕوخساریان بووکێکی سووری ئەرخەوانی. گوڵە لاولاوە بە پەیژەوە سەرهەڵدەکا و دەخزێتە هەناوی ژان و باڵا دەگرێ و بە شیرێک هەرەسم دەکا و ڕێگا هەتڵە دەکا … لێم ون نابی مەگەر ئاخ چاوم داپۆشێ و ئەلحەد سەرم بگرێ. هەتا هەتەر کا سۆمای چاوم، هەر ئەتدۆزمەوە باوانی خەیاڵی خاک، سرەوەی سکڵی گڕ …

بە دەنگی ژێی تەمبوور دەتلاوێنمەوە ئۆگری لایەلایەی نیشتمان، خەمی وڵات هەمووی سووتمانێکە لە دڵی سپی و چاوانی ئەفسووناوی مەرگی برا، نزایەک هەتا مەل فڕی چریکەی هەراسانی باڵندەیەک و قاسپەی کوێستانێکی بێکەس و غەوارەیەکی تینوو بە خوێنی کەعبەی هەورام.

دوو پەڕەسێلکە لە کونجی ئەو نیشتمانە مەزنە هۆنەری ئەوێنێک بوون بە ڕەنگی کەسک بۆ ژیان و سپی خۆشەویستی و خوێنێکی سوور لە دەماریان قەتیس، ئەوان لە ساڵی دوای فەرمان، فەرمانە و هەزارجار دەبمە فریزوو زەرد دەبم و دەڕوێمەوە. بەباوەشێک برا کۆشێک نەشمیلان و بەرهەڵبێنەی سپی تاسکڵاوێکی خونکارانە ڕوحیان دەبەر مەسیح دەنا و لەبەر وڵات کڕنۆشی خاکیان دەکرد و لەسەر داوێنی تاڵوو بە پێکەنینەوە ڕەگیان دادەکوتا و لەژێر هەتاو سەریان بەرز دەکرد و شەرمی خۆر دەبووە خەرمانە و تریفە هێور فریشتەی لەباوەش دەگرت و شەوی شەهلا ڕێژنەیەک شەم شاری دادەگرت. برا برا، ڕۆڕۆ ناکەم هەتا ماوم ئەسرین دەکەمە ڕووبار و بێستانی بۆسۆی هەناومی پێ دەدێرم، پاراو دەبێ ئەوکاتەی غەمێکی قورس و هەنیسکێک، قوڕگم دەگرێ و سڵ دەکا نایەتە دەر لە جەرگی کێڵدراوم، هەموو کازێوەیەک دەمی خەرمانان برووسکەیەک، تەزوویەک، مچووڕکێک، بێ هەست لەشم دادەگرێ و مژێکی تووش سینگم دەگرێ و دەمباتە سەر دار، پەتێکی ڕەشی هۆنراو بە کەزیلەی ڕەشماڵیکی ون، سپیدارێک لە لێرەواری بوغزی ئەهریمەن ئەوندە تەم، ئەوەندە ڕەش، ئەوەندە تاڕ، ئەوەندە نگریس و ئەوەندە تاڵ و قیزەون، بێزم لە دار و پەت و کورسیلە دەبێتەوە …

ئەوە بێشکەی مێژووە و کۆرپەی سەرتاسەری ئاخمی پێ دەلاوێنمەوە و وانەی ژن و ژین و ژان و خۆشەویستی و ئەمەگ و بوێری و کەرامەتی مرۆڤی پێ دەهۆنمەوە، ئەوان هەرماوی شەقامێکن لە شاری شەڵاڵ لەخوێن هەتا ڕۆچنەیەک هەبێ هیوا پێخوست دەکا، ئاواتی ئەو دژەی قاڵم دەکاتەوە و جوانیم هەڵداوەسێ و بێ بزەیانە دامدەپڵۆسێ، ئاژەڵی پیرۆز!

کاتێک شەماڵێکی فێنک لە کازێوەیەکی غەریب جۆلانەی بە دوو پەتی شێت دەکرد، هۆنراوەی قەتماخەبەستووی دوو شەهلای نەسرین، لە بارەگای نیشتمان بە زەردەخەنەیەکی تاڵ حەز و ئاواتیان تیماری ئەو مێشکانە بوو لە زناوی نەزانی و قۆپیی کۆنەپەرەستی و ماخولیای تەنکەڕدێنێکی بۆگەن، نوقمی زێراوێکی گڵاو بوون، ئەوان بە قاقایەکی گەوجانە وایاندەزانی دوو گوڵ دەژاکێنن، ئەوان تینووی هەڵقرتاندن و گۆشدراوی خوێن بوون، ئەمە خەیاڵێک بوو خاو، دوو بنە گێلاس هەزاران ئاژێر دەداتەوە.

لە چاویان پەردەیەکی ڕەشی ئاماڵ مەرگ، وایاندەزانی سڵ دەکەن، دەشەمزێن، هاواری ترس و پەژیوانی دەچڕن، دەلەرزن، تێک دەچن، دەبوورێنەوە، چۆک دادەدەن، دەمیان ویشک و دەنگیان کز دەبێ… نا نا، ئەوان بە پەلی بەن نێوکیان بڕابوو کنێرە دەسرازە و شیلان مەمکۆڵە و بەستەڵەکی چلوورە کایە و ئاوی کانیاو ژەکی دایک و چیای زانست مێشکێکی پەیت، بە خوێندن فڕچکیان گرتبوو، بە گەورەیی بە زانایی بە ئەهوەنی بە شۆڕش و سەرهەڵدان، بە مافخوازی بە هەستێکی پڕ لە مرۆڤایەتی لە دیوەخانی مێرێکی مشووری قووڵ و مەند و برای جوامێری دەهەندە و دلۆڤان.

ئەوان وەک دوو پەرستاری دڵسۆزی وەفادار نەیانویست مەرگی یەکتر ببینن …

بەو هەرمانییە! لە تەنیشت بەردەبێر بەڵێنم دا هەوار چۆل نەکەم و چیا و شار بکەم بە گوارەی نیشتمان و هەتا هەتا هەتایە کڕنۆش بەرم بۆ گەورەیی دوو تەمەنی گەنج کە خوێنی دەماری شۆڕشیان هەڵبەست و بوون بە هەور و برووسکە و

هەموو خەرمانان بەسەرماندا دەبارن …

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی