"an independent online kurdish website"

پێشمەرگەکان: یادی ئەو گەورە تێرۆریستە دڵی کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستانی زۆر ئازار دا و خەریکە ئاواتەکانی کۆماری ئیسلامی بێتە دی کە هەوڵی تێکدانی ریزەکانی گەلی کورد دەدا و بە زەبری پووڵ و یارمەتی خەڵكانێکی بۆ لای خۆی راکێشاوە.

ئێمە زۆر دڵنیاین کە هەزاران کەس لە دۆستانمان لە باشووری کوردستان زۆر لە ئێمە بەم کردەوە خۆفرۆشیە ناڕاحەتن و ئەم کردەوەیەی چەند بەرپرسێکیان بە دڵ نیە.  باشووری کوردستان ئێستا شوێنی پەناگای زۆربەی کوردە و نابێ ئیزن بدرێ کە کۆماری ئیسلامی ئەو ئارامیە تێک بدات. لەم یادانە دایە کە کوردانی رۆژهەڵات دۆست و دوژمنی خۆیان دەناسن. 

 رۆژی پێنجشەممە 06-01-2022، لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی مەهدی شووشتەری، سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی، بافڵ جەلال تاڵەبانی،  هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی حیزبی و حکومی لەو پارێزگایە، یادی دوو ساڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کرایەوە.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی وتی: “ئەوەی ئەمڕۆ ئێمەی کۆکردووەتەوە، باسی یاد و یادەوەری و شکۆمەندی و جوامێری و بەشداری سەروەر سەردار سولەیمانی و هاوڕێکانیەتی لە پشتیوانیکردنی ئێمە پێشنیازی کرد ئەو رۆژە ببێتە “رۆژی جیهانیی ئاشتی و رۆژی دیالۆگی گەردوونی”.  ……

هەروەها عەدنانی حەمەی مینا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە نوێنەرایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ‘قاسم سولەیمانی’ی وەک “دۆستی گەلی کورد و گەلی عێراق و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و شەهیدی فەرماندە” ناساند و گوتی: “هەمیشە فەزڵ و چاکەی دۆستانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەیاد ناکەین و بەردەوام ئەو وێنە باشانەی پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێرانمان لەبەرچاوە لە قۆناخە سەختەکان کە پێشکەشی خەڵکی کوردستانی کردووە”.

 هەر لە رێوڕەسمەکەدا محەممەدی حاجی محمود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان باسی لە رۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران و فەرماندەکەی پێشووی سوپای قودسی پاسداران لە سەروبەندی هاتنی داعش بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان گوتی: “یەکەم وڵات لە ناوچەکە کۆماری ئیسلامی ئێران بوو، لە رێگەی سێ بۆ چوار فڕۆکە، چەک و تەقەمەنی گەیاندە فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر، هاوکات زیاتر لە 40 کەسی شارەزاشیان گەیاندە ئەوێ بە فەرماندەیی سەردار قاسم سولەیمانی. …. دڵنیام ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران نەبووایەە داعش دەگەیشتە بەغدا و دیمەشق”.

پێشمەرگەکان: دەبێ بگوترێ تێرۆریست قاسم سولەیمانی لە بەرەبەیانی 3ی 1 ی  2020، لە گەڵ  ئەبو مەهدی موهەندیس لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکاوە کوژران.

فیلمی قسەکانیان لە ژێرەوە دانراوە.

لینکی نووسینەکان بۆ سەرجەم نووسەران ناردرا.

دەقی نووسینی چالاکانی سیاسی دژی یاد کردنەوەی ئەم گەورە تیرۆریستە لە شاری سولەیمانی.  نووسەران خۆیان بەرپرسن لە نووسینەکانیان

تەیمور مستەفایی: شێعرێکی فارسی هەیە دەڵێ: تامرد سخن نگفتە باشد   عیب و هنرش نهفتە باشد

لەم ڕۆژانەدا و بۆ خۆش خزمەتی بە ڕێژیمی کۆنەپەرەست و دڕندەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەکێبەرکێیەکی سەیرو سەمەرەدا لە نێوان ژماەیەک لە بەرپرس وبەناو ڕوناکبیڕی باشوری کوردستان، بەتایبەتی لەشاری سلێمانی ،کەوتونەتە پیاهەڵدان بەکۆمەڵیک تێروریستی مرۆڤ کوژ کە بێجگە لە مروڤ کوشتن هیچ هونەرێکی دیکەیان نییە و بۆیەکیان لە مرۆڤایەتی نەبردووە.ئەم  تێروریستانە، ماکەی ڕۆژ ڕەشی و ویرانکارین لە وەڵاتی بەڵا لێدراوی ئێراندا.

کۆمەلێک لەم بەرپرس و بەناو ڕوناکبیرانە لە ڕێوەسمی ڕێکخراو، بۆ ساڵیادی کوژرانی تیروریست قاسم سلێمانی ، فرمێسکی بۆ هەڵدەڕێژن و لە پێدا هەڵدان کەوتوونەتە کێبەرکێ ،یەک بەفەرماندەی لێهاتوو وئوستورەیی ناو دەبات ویەک پێشنیاری زۆر ناماقوڵ وجاهلانە بۆ ساڵڕۆژەکەی دەخاتە ڕوو و ئی دیکەش بە دۆست و فریاد ڕەسی کوردی ناو دەبات ، بەڕاستی کە فاجعەیە .

 لە وڵامی ئەو هەموو پێهەڵدانانەدا تەنیا ئاماژە بە هونەری شەڕ وفەرماندەهی قاسم سلێمانی لە شەڕی کەربەلای ٤ دا دەکەم کە بۆ بەچوکداهێنانی عێراق ڕێکخرا بوو و ئامانجیان لەو هێرشەدا داگیر کردنی شاری بەسرە بووە  دەکەم. 

لەو هێرشەدا قاسم سلێمانی فەرماندەری لەشکەری ٤١ی ساراڵە بووە ، ئەو لەشکەرە کە قاسم سلێمانی فەرماندەی کردووە بێجگە خۆی وگوێی نەبێ کەسی بۆ دەرنەچووە و هەربەوبۆنەشەوە سزا دراوە .لەو شەڕەدا هەربە پێی ئاماری خودی ڕێژیم ٦٠٠٠کەس کوژراون و،١١٠٠٠ بێ سەرو شوێن و ٢٦٠٠٠کەسیش برینداربوون.

 بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم شەڕە خومەینی فەرمانی داوە ٢٥ میلیارد تمەنی ئەوکات  بودجەتەرخان بکری بۆ هەزینەی  شەڕەکە، کە ئاکامەکەبێجگە لەوە زۆر بەتوندی تێک شکان و هیچ ئامانجێکیان نەپێکا، ئەوئامارەش لە سەرەوە هاتووە تەلەفاتی مروڤی ئەو شەڕە بووە بە پێی ئاماری خودی ڕێژیم، دەی پێم بڵێن هونەری ئەم فەرماندە بێجگە لە شکان لە بەرەکانی شەڕدا نەبێ چ بووە؟

خۆ لە کوردستانیشدا بێجگە لەخەڵکی سڤیل کوشتن نەبێ لە بەرامبەر هێزی پێشمەرگەشدا هەروا زبوون و دەستەوەستان بوون.

لە پێدا هەڵگوتنێکی نایابی دیکەدا حاکم لەتیف شێخ مستەفا وەک کەشفێکی تازەی کردبێ ، لە وەسفی خومەینیدادەڵێ :

کە خومەینی ڕایگەیاندووە کە ئەو هیچ سەروت و سامانێکی نییە و ئەگەر ڕۆژێک کوڕ ونەوەکانی دەوڵەمەند بوون ئەوە دەبێ لێپرسینەوەیان لێ بکرێ ؟!!!.

 ڕەستەیەکی جوانە کە دەڵێن بەر بێ خەبەران کەشکەک سەڵەوات.

 بۆ ئاگاداری حاکمی بەڕێز:

کۆی بوودجەی تەرخان کراو بۆ پارێزگاکانی کوردەواری لە ساڵی ۱٤۰۰ هەتاوی بڕی ٦۹٤٨ ملیارد تمەن بووە.لە کاتێکداکۆی بوودجە ناوەندی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی خومەینی ۷٥۷۹میلیارد تمەنە .

دەبینن کە هەموو بودجەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناگاتە بودجەی ئەو ڕێکخراوانە کە بنەماڵەی خومەینی خاوەندارەتی دەکەن.ئەوەش با بمێنی کە داراییەکانی کوڕ ونەوەکانی خۆمەینی لە بانکەکانی سویس و ئاڵمان و…هتد ، سەر لە دەیان میلیارد دۆلار دەدات.

کۆتا ڕەستەئەوەیە کە، ئەم پێهەڵگوتنانە دڵی سەداان هەزار بنەماڵەی شەهید، زیندانی و لێ قەوماو لەدەست ئەم ڕێژیمە جینایەتکارەیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بریندار کردووە و، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم بێ ڕێزیانەیان لە بیر ناچێ.

***

محەممەد سولەیمانی: شینگێرانی قاسم سلێمانی لە باشوور.

ژمارەیەکی بەرچاو لە سیاسیە پلە  باڵاکانی باشووری کوردستان لە ساڵ یادی كوژرانی ” قاسم سلێمانی”   گەورە تیرۆریستی ئێراندا، کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لەسەرکووت و لە ناوبردنی تێکۆشەرانی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵات و هۆکاری نەهامەتی و ناسەقامگیری سیاسی و ناوچەیی بووە لە عێراق و ناوچەیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا،  بە ڕاست و چەپ بەشان و باڵادا هەڵدەدەن و بە یەکێك لە خومخۆر و تێکۆشەرەکانی کوردی ناودەبن و لە ڕادەبەدەر بۆ لە ناوچوونی بەداخن.

دیارە باشووریەکان مافی خۆیانە چۆن و بە چ جۆرێك سیاسەت دەکەن و پەیوەندییەکانیان لە گەڵ داگیرکەرەکانی کوردستاندا ڕێك دەخەن و، کەس لەو بارەوە ڕەخنەی لێ نەگرتوون، سەرەڕایی ئەوەی کەمووکورتی یەك جار زۆریان لەو بوارەشدا هەیە، بەڵام هەرچیەك بێت بە مافی ئەوانی دادەنێێن.

 بە شۆڕشگێر ناوبردنی گەورە تیرۆریستیکی وەك قاسم سلێمانی لە لایەن بەشێك لە سیاسیەکانی باشوور، بێگوومان ناچێتە خانەی وێژدانی سیاسی و نەتەوەیی و هەر وێژدانێکی بەخەبەر لە هەرچواربەشی وڵات ئەسەف بۆ ئەو هەڵوێستە شەرماویە دەردەبڕن. 

 ئەگەر هاتبا و تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵرۆژی لە سێدارەدانی” سەدام و عەلی حەسەن مەجید” دا  بەو جۆرەی ئێوە، لە تازی و قوورپێوانیاندا وەستابان و بە شۆڕشگێر و پشتگیری کوردیان ناوبردبا، هەرچی شتی ناشیاوبوو، بە شۆڕش و سەرکردەکان تان دەگووتین!

بێگوومان هەڵوێستێکی لەو جۆرەی ئەو بەشە لە سیاسیەکانی باشووریش ناچێتە خانەی خزمەت بە شۆڕشی کوردستان و  بەدوورە لە وشیاری سیاسی و نەتەوەیی و ئەوکارە جگە لە زیان گەیاندن بە یەکڕیزی سیاسی و نیشتیمانی، بەرهەمێکی تری نابێت.

دیارە تاران کاری زۆر دەکات تا کورد وەك ڕابردوو بە گژیەکدا بکاتەوە و شۆڕشەکانیان بەرەولاوازی بەرێت و لێکیان دووربخاتەوە.

 بەو هەڵوێست و کاردارەتان،بۆ جارێکی تر خوێتان  کردە نێو برینە قیماغ بەستووەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئازاری جیهادی ٢٨ی گەلاوێژی خومەینی تان بە بیر هێنانەوە کە خوێنی کوردی عەڵاڵ کرد.

کاتێك سیاسیەکی باشوور دەڵێیت: ” میلەتی کورد قازی محەممەد بە پێشەوا دەزانن، بەڵام پێیان شەرمە ئیمامی خومەینی بە پێشەوا ناوببەن” ئیدی ئەو دێرە جگە لە بەد ڕفتاری سیاسی و پشتکردن لە ئازارەکانی بزووتنەوەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەبێت چی ناو لێ بنێین،

ئەی ئەو کەڵفامە سیاسیە دەبێت پەسندی فتوایی خومەینی بکات کە لە ٢٨گەلاوێژدا بە دژی میلەتی کورد دەریکرد و بڕیارە بە هێزەچەکدارەکانی دا، بۆکورد لە نێوبردن.

بەڵام خۆڕاگری خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لوت بەرزی لە قوڕنان و ناچار بە پاشەکەشەی کردن. 

ڕەنگە بەشێك لەو سیاسیانەی ئەمڕۆ لەسەر قاسم دەدوێن، دۆخی سیاسی ئەوکاتی ڕۆژهەڵاتیان بە باشی لە بیرمابێت و هەست بە ئازار بکەنەوە.

 هەر لەو پەیوەندییەدا شتی زۆر لەوەش ناشیاوتر لەسەر قاسم دەنووسرێ و بەداخەوە هەر ئەو کەسانەی ئەمرۆ بە تیروتەسەلی باسی پیاوچاکی قاسمی ئامۆزیان دەکەن، بەداخەوە  هەرگیز بەو شێوەیە ڕێزیان تەنانەت  لە کەڵە  سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی خۆیان چ ئەوانەی شەهید بوون یان لەژیاندا ماون  لە  باشوور نەگرتووە و پێناچێت  شەهیدەکانیان هەر لە بیریش  مابن!

 سەیرە دەبێت چ نەخۆشیەك ڕووی تێکردبین کە دژمنی خوێن و خاك، لە لایەن هێندێك سەرکردەی دیاری باشوور، بەهەواڵ و هاوخوێنی خۆمان ناوبەرین و لە خۆمانیان زیاتر بە پاڕیزەری کوردستان بزانین.

لە کاتێکدا تا سەرئێسقان دژایەتیمان دەکەن و بەردەوام نیکۆلی بوونی کورد دەکەن.

جێگای خۆیەتی ئەوەش بە بیر دۆستە نزیکەکانی ” قاسم”   بخەینەوە، هەر ئەو قاسمەی کە ئەمڕۆ بە شان و شەوکەتی دا هەڵدەدەن و لە پرسەیدا دەوستن،  تا پردێ لە پێش ‌هێزە چەکدارەکانی عێراقی دا بوو بۆ داگیرکردنەوەی هەرێمەکەتان و، بەداخەوە  بەشێکتان تەنانەت لە هەولێر و سلێمانیش لە ترسی قاسمی خزمتان ، ئەو کات بەرەو سەرسنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاتان دەکرد، ناکا بتان گاتێ و لە نێاتان بەرێت، دۆست و پشتگیری پێشمەرگەتان “قاسم” .

باشە ئەگەر ئەوەندە دۆست و پشتگیر پێشمەرگە بوو و هەمووکات  پاراستنی و نەیهێشت کەس پەلامارتان بدات!  

ئەی چۆن بوو لە پاش ١٦ی ئۆکتۆبەر بیروڕایی گۆڕا بە دژە کورد و ، پاشان بە تانکەکانیان بەسەر لاشەی شەهیدە سەربەرزەکانی بەرگریکردن لە کەرکوك و بەشەکانی تری هەڕیم دەڕۆیشتن.

هەر لە ئێوە دەپرسم، ئەی ئەوانیش پێشمەرگە نەبوون یان دەبوو قەدری یان ئەوەبێت کە بەوجۆرە شەهید بن بەدەستی قاسمی و، بەتەنیا  لەبەر ئەوەی بە پێچەوانەی بیری شەرانگێزی تاران بیریان نەکردۆتەوە سەربارەی بە دۆخی سیاسی عێراق.!!

 بە داخەوە  ئەو لێدوان و پێدا هەڵدانەی ئێوە، مرۆڤ ئەگەر چاوی بەدێر و وەسفیاتی بەرێزتان دەکەوێت لەسەر دژەکوردێکی وەك قاسم سلێمانی و ڕێژیمە دڕندەکەیان، دەبێت چاو بگرێ و لە خۆی بپرسێت، بڵێی خەتای کێ بێت کورد بەو ڕادەیە بگۆڕێت و بە دژمنەکەیدا هەڵبدات.

تەنانەت پێشنیار دەکرێت، ڕۆژی لە نێوبردنی ئەو دڕندەیە بکرێتە، ڕۆژی ئاشتی، دەك لەو دەرك و وشیارەتان، بەڕاستی شەرم و کەڵفامی دەبوو سنوورێکی هەبێت.

گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناڵێت، وەرەن شەڕی تاران بکەن، بەڵام دێوەزمە و خوێنخۆرەکانی گەلی کوردمان بۆ مەکەن بە پەیامبەری ئاشتی، هەر نەو و بن عامەکانی قاسم ین لە کوردستان ڕۆژنیە ڕۆڵەکانی کورد لە ڕعژهەڵات لەسەر کورد بوون لە سێدارە و بێ سەروشوین نەکەن.

بێگوومان سیاسەت بە ڕفتار و هەڵوێستی سیاسی و نەتەوەیی دەکرێت و زۆری ماوە ئەو وشیارە لە لای زۆر یەڵ لە سەرکردەکان  دروست بێ، کە دژمن بە دۆست پێناسە بکرێت.

بزووتنەوەی سیاسی ڕۆژهەڵات و سەرکردەکانی هەرگیز نەنگیەکی لەو شێوەیان نەکردووە کە ئەمرۆ شەرمی لێ بکەین و لە بەری ڕابکەین.

بۆ یە جارێکی تریش ئەوەم وتووە کە بەئاڵا و کردار و ڕەفتاری سیاسی و نەتەوەیی لە بەشەکانی تری کوردستان جیاین.

سەربەرزم بە هەڵوێستی سیاسی حیزبەکەم ، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، چ لە رابردووی سیاسی و ئێستادا و هێزە تێکۆشەرەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

محەممەد  سلێمانی

***

بەدرەدین ساڵح: خیانەت کردن

خیانەت «نە» کردن

ئەم دوو وشەیە تەنیا دوو پیتی « نە» یان جیاوازە.

ھەموو مرۆڤێک دەتوانێت بەکەیفی خۆی ئەم

 « نە» یە بەکار بھێنێت واتە بیکات یان نەیکات.

دەمەوێت جیاوازی ئەم دوو پیتە واتە

 « نە» یە لەنێوان دوو ولاتی کوردستان بەھەموو پارچەکانیەوە وولاتی نۆروێژ بەراورد بکەم.

بەراوردێک لەسەر نموونەیەکی زیندوو دەکەم کە ھێندە لێمان دوور نییە ئەویش ھەلس وکەوت و رەفتار و تێگەیشتنی خەلک وحکومەت وسیستەمی ولاتی نۆروێژ لە ھەمبەر ئەو ژمارە کەس وبنەمالە وخەلکەی ولاتەکەیان کاتێک لە نێوان سالیانی ١٩٤٥/١٩٤٦ خاکی نۆروێژ لەلایەن نازیەکانەوە داگیر کرا.

سەرەتا گرنگی داگیر کردنی خاکی نۆروێژ لەلایەن نازیکانەوە باس بکەم با بزانین مەبەستی داگیر کردنی ولاتی نۆروێژ لەلایەن نازیەکانەوە چی بووە.

ھیتلەر وحکومەتەکەی ھەموو ھەنگاوەکانیان ستراتیژی ودوابەدوای لێکۆلینەوەی ورد ھەلھێناوە بۆیە بۆ ئەوەی لە جەنگ بە خالێکی یەکلاکەرەوە بگەن گرنگیەکی زۆریان بە کارگە وپیشەسازی چەک سازی بەھەموو جۆرەکانیەوە دەدا.

لەم سۆنگەیەوە کەوتنە بیری دۆزینەوە ودابین کردن ودروست کردنی چەکی کۆکوژی ناوەکی.

ھەر زوو دەیانزانی کە لە ولاتی نۆروێژ ئەو کەرەستە گرنگەی کە پێی دەگوترێ « ئاوی گران» و باشترین وکاریگەر ترین کەرەستەی دروست کردنی چەکی ئەتۆمییە ھەیە بۆیە بە تەنیشت ھەردوو ولاتی دانمارک و سوید ھەلگەران و بەبێ شەر گەیشتن بە سنوورەکانی ولاتی نۆروێژ.

بە گەیشتنیان لە کەناراوەکانی ئۆسلۆی پایتەخت چەند شەرێکی چاوەروان نەکراو روویدا کە لەشکری پۆشتە وبێ ژوماری نازیەکان کەوتنە بەت زەبری ژمارەیەکی زۆر کەمی پاسەوانی سنووری ئاوی نۆروێژیەکان وچەندین کەشتیان تێک شکاو نقووم بوو سەدان کەسیان کوژراو لەئاوەکاندا تیاچوون.

ئەم رووداوان بوونە مێژوویەکی جوان لە ئازای خوازی ودلسۆزی نۆروێژیەکان بۆ نیشتیمانەکەیان.

دوای ئەم شەرانەی لە کەناراوەکانی ئۆسلۆ رویدا ئیتر بەماوەیەکی کەم لەشکری کەم و بێ ئەزموون وبێ چەکی پێش کەوتووی نۆروێژ ھەرەسی ھێنا و پاشەکشەی کرد و ئۆسلۆ« کریستیانیا» کەوتە دەست.

لێرەوە دەمەوێ ئاماژە بە مەبەستی نووسینەکەم بکەم

١- پادشای نۆروێژ وژمارەیەکی زۆری  بەرپرسانی حکومەت و سوپا وخەلکی نیشتیمان پەروەر خۆیان نەدا بەدەستەوە ولەگەل پاشەکشێ و خۆراگری وھێرشی بەردەوام بۆ سەر سوپای نازیەکان پەنایان بۆ  شاخ و دۆلەکانی نۆروێژ برد.

بەشێکی ئەم کەسانە کە بەھیچ شێوەیەک ئامادەی خۆ بەدەستەوەدان بە داگیر کەر نەبوون  تا کۆتایی شەری دووەمی دونیا ونەمانی ھیتلەر وسیستەمەکەی بەم شێوەیە مانەوە ورۆژانە رووبەروی داگیرکاری ھیتلەر دەبوونەوە.

بەشێکی دیکەیان بە سەختی خۆیان گەیاندە ئینگلستان و وەک ھاوپەیمانی جدی و بوێر لەگەل سوپای ئەو ولاتە رووبەرووی ئەلمانیای نازی بوونەوە.

چیرۆک و داستانی ئەم خەلکەی بە نەبوونی ھیچ چەک وکەرەستەیەکی سەربازی ونەبوونی ھیچ ئامێر وناوەندێکی رێکخستنی سەربازی بەلام بە ھەبوونی ئیرادەیەکی پۆلایین ترسیان خستبووە دلی سوپایەکی زەبەلاحی وەک نازیەکان یەکجار فراوان و زۆرن کە لێرە جێیان نابێتەوە ومەبەستی ئەم نووسینەی منیش نییە.

ئەوانەی خۆیان پاراست و نەچونە ژێر سێبەری داگیرکاری و تا کۆتایی لەپێناوی ئازادی ولات وخۆشبەختی و سەربەرزی نەتەوەکەیان خەباتیان کرد دوایی جەنگ رێزیان گیرا رێنمایی کران کە سودی ھەلە لە رێزگرتن و رابردوویان نەکەن بەلام تا ژیان و دوای خۆشیان بنەمالە و خێزانیان رێزی ئەو ھەلوێست و خەباتەیان گیراو ھەموو چارەسەری پزشکی و پشتگیریەکی  خوێندن و کارسازی وداھێنان و پێش کەوتنیان بە یاسا بۆ دەستەبەر کرا.

٢- بەشی دووەمی ئەو خەلکەی نۆروێژ کە مەبەستی سەرەکی ئەم نووسینەی منن ئەو خەلک و بنەمالە وبەرپرسانەی نۆروێژین کە ژێردەستیان بۆ گرنگ نەبوو لەگەل ھاتنی نازیەکانەوە کەچی دەیان بینی نازیەکان چۆن ولاتەکەیان داگیر و وێران دەکرد ؛ بوون بە نۆکەر وکەواسووری پێش داگیرکەر و ولات و خۆیان و نامووسیان خستە بەردەستیان.

ئەم ژمارە کەسە بوونە ھۆی نائومێدیەکی زۆر لەنێو خەلک و دەکرێ بلێین کۆمەلگەی نۆروێژیان لە مانای نەتەوە و ھاونیشتیمانی بوون کال کردەوە.

ئەمانە کون بەکوون دێ بەدێ و شاخ بەشاخ بوونە چاوساخی نازیەکان بۆ دۆزینەوەی شۆرشگێرەکان.

مێژووی نۆروێژ ھەمیشە وەک پەلەیەکی رەش لەم کۆمەلە خەلکە دەروانێت و یادیان دەکاتەوە بەشێوەیەک ئەم پەلەیە کاری تێکردن کە دوای نەمانی داگیر کاری بە ژمارەیەک یاسای دیار و نادیار ژمارەیەک بریاریان دا بۆ ئەو «نەیە» کە لەسەرەوە باسمان کرد.

خیانەت کردن

خیانەت «نە»کردن

واتە

ھەموو ئەوانەی کە ئەو «نە»یە یان نەپاراست بەپێی ئەو تاوان و خیانەتەی لە گەل و خاک و نیشتیمانیان کردبوو لێکۆلینەوە و دادگایی و بریاریان لەبارەوە درا و جێبەجێ کرا.

بۆ نموونە ئەوانەی کە بەشداری خیانەتە نیشتیمانیەکان ببوون نەک خۆیان بەلکوو منالەکانیشیان بۆیان نەبوو   «تاماوەیەکی یەکجار زۆر کە ماوەکەی لە تەمەنی ئێستای حکومەتی  باشووری کوردستان  ١٩٩١/٢٠٢٢«زیاتر بوو ە» لە ناوەند و ئیدارە و شوێنە ستراتیژ و ئاسایش و بریار دەرەکان دەست بەکار ببن یان دابمەزرێن.

خەلکی نیشتیمان پەروەر تا سالانێکی زۆر خۆیان لە خزمایەتی و ژنخوازی ئەوانیش دەپاراست.

زۆر بەریەک کەوتنی ئیداری و کۆمەلایەتی لێ دروست بوون بەلام یاسا ھەمیشە پشتی ئەوانەی گرت کە لەسەر پاراستنی ئەو «نە» یە پێویستیان بە پشتگیری یاسایی بوو.

کلتوورێکیان لەنێو نەوەکانی دوای ئەم مێژووە داھێنا کە تا ئێستایش بەردەوامە ونەوە بە نەوە خەلکی خۆیان فێر دەکەن کە ھیچ خیانەتێک بێ لێپرسینەوە تێناپەرێت وھیچ ھەلوێستێکی نیشتیمان پەروەری ونیشتیمان پارێزی ئەگەرچی لەسەر ھەموانە ئەرکێکی پیرۆزە بەلام بەبێ پاداشت نامێنێتەوە.

ئەوەی  ئێمەمانان لە دوای راپەرین لە حکومەت و دەستەلات و حزبە کوردیەکانی خۆمان بەگشتی و بەتایبەت لە سەردەمی زێرینی بریاری ریفراندۆم کە تاپۆی کەرامەت و شەرەف و مرۆڤ بوونی ھەموو کوردێکە ، لە ١٦ ئۆکتۆبەر بەدواوە لە ھەندێک حزب و دەستەلاتدار و بەرپرسی حزب و حکومەت دیتوومانە ؛ کورد لە ھەموو مێژووی ژێردەستی خۆیدا سەرشۆری وای نەیدیتوە.

ئەو خۆفرۆشیەی لەژێر دەستەلاتی حکومەتی کوردستان بەئاشکرا دەکرێت خاک و نیشتیمان و داھاتوو حەراج دەکەن لەسەر تیڤیەکان ورەی گەل بە بلاوکردنەوەی تۆوی خۆفرۆشی و جاشێتی بە مۆدێلی دیجیتال و مۆدێرن لەناو کورد بلاو دەکەنەوە ودەکەن بە کلتوور ، مێژووی کورد ھیچ، مێژووی ھیچ نەتەوەیەک بەخۆیەوە نەیدیتووە.

ئێمە پێوستمان بە چەند بریارێکی مێژوویی چارەنووس ساز ھەیە.

– لە پارلەمان چەند بریارێک بۆ ئەم «نە»  یە واتە خیانەت کردن و نەکردنە دەربچن.

– حزبەکان بوێری ئەوەیان ھەبێت کەرامەتی نەتەوە ومەبدەئی کوردایەتی خۆیان پێش ئەو دەنگە خوێریانە بخەن کە لە ھەلبژاردن بەپارە و پۆست و چاوپۆشی لە ئەخلاقی کوردایەتی بەدەستی دێنن.

– بابەتەکە ئەوە نییە حکومەت بێت ئەو ھەزاران خەلکەی جاش و ئەنفالچی و سەرشۆرە لەسێدارە بدات .

– حکومەت ئەو خەلکە رێک بخات و بیان خاتە خزمەتی کوردایەتی بەلام نەیانکات بە کەلەگا بەسەر خەلکی پێچەوانەی خۆیانەوە.

– بە رادەیەک رێزی ئەوخەلکانە بگرێت کە ژیان و گیانیان بە نیشتیمان بەخشێوە کە ھەست بە دلنیایی بکات لەوەی کردویەتی نەک پێچەوانەکەی.

– لە قوتابخانەکان وخوێندگەکان ھەردوو چەمکی خیانەت کردن و خیانەت نەکردن بە شێوەیەکی زانستی شیبکرێتەوە وقوتابیان و خوێندکاران فێر بکرێن بۆچی دەبێت خیانەت نەکەن و خیانەت چ دەرەنجامێکی شومی ھەیە.

ھەولێر

2022/1/08

***

عەلی جەوانمەردی: تو بڵێی گەلی ڕۆژھەڵات ئەو بێ حورمەتیەی بەرپرسانی سلێمانی لە بیر بكات؟ وەك ئەوە وایە ئێمە ڕۆژێك بۆ عەلی كیمیایی ڕێ و ڕەسمی ڕێز لێنان دابنێین، داخوا برایانمان لە باشور چیمان پێ دەڵێن؟ دایكی ئەوانەی عەلی كیمیایی شەھیدی كردون و دایكانی حەلەبچە چیمان پێ دەڵێن…!؟ خۆ مەسەلە جیرانەتی و بەشداری لە پرسەی تێرۆریست قاسمی سولەیمانی با كێشە نەبو، دەمانكوت كاكە خۆ ئەوان شەڕیان ڵەگەڵ ڕێژیمی ئێران نیە!! مەسەلە ئەوەیە ئەو تێرۆریستە وەك شەھیدی نەمر كە قەت لە یادی ناكەن، وەك دۆست و باوكی كورد ناوی دەبەن… قاسمی سولەیمانی بكوژی دەیان تێكۆشەری مەھاباد لە شەڕی دارەلەك و سەدان تێكۆشەری دیكەی كوردی ڕۆژھەڵاتە. ئەی كەركوك چی؟ لە بیرتان چۆتەوە!؟ باشە سبەی ئەمریكا بۆ چی دەبێ پشتیوانی لەو خەڵكە بەو سەركردانەوە بكات!؟  دڵنیا بن ئەمریكاش لە یادی بكات ڕۆژھەڵات لە یادی ناكات!

***

دوکتۆر رۆژان ئاشتاب

لە پەراوێزی پێهەڵگوتن و شینگێڕی بۆ مەرگی قاسم سولێمانی لەلایەن بەرپرسان و ڕێبەرانی  باشووری کوردستانەوە .

بابەتەکەم بە گێڕانەوەی بیرەوەریەک لە مسکۆ دەست پێدەکەم…

زستانی ساڵی١٩٨٦ی زایینی بوو، سەدام حوسێن پاش ماوەیەک دڵشکاوی لە یەکیتیی سۆڤیت، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی مۆسکۆ ئاشت بووە و بە فەرمی بانگهێشتی ئەوێ کرابوو. ئەوکات من لە کۆلێژی زوانی ڕووسی بووم و چەند خۆیندکاری کوردیش لە هەر  چوار بەشی کوردستان، لە بەشی ناوخۆیی دەژیاین و پێوەندیی چڕمان پێکەوە هەبوو. گشتمان وەک برا لە پشت یەک بووین ئەوە نیە کورد دەڵێ: “برا لە پشت برا بێ، مەگەر بەڵا لەلای خودا بێ!”. من نوێنەری خۆیندکارەکان بووم. برێکش ڕووسیم لە ئەوانی تر باشتر بوو. رۆژی بەر لە هاتنی سەدام بۆ مۆسکۆ، لە بەشی پاراستن بانگ کرام و پێیان گوتم “ئاگاداری سەرجەم خۆیندکارە کوردەکان بکە کە بە هێچ  شێوازێک مافی دەنگ کردن و دروشم نووسین و ناڕەزایی دەربڕینتان نییە، نەکا کارێک بکەن دەوڵەتی عێراق و سەدام دڵیان بهڕەنجێ و خوای نەخواستە بە دڵی شکاوەوە بگەڕێنەوە بەغدا.”

لە وڵامدا گوتم: “بە جیدی خەریکی خوێندنم و لە ڕاستیدا تا ئێوە باستان نەکرد هەر ئاگاداری هاتنی سەدامیش نەبووم، باشە بانچاو پێیان ڕادەگەیێنم.”

چومەوە بەشی ناوخۆیی و زۆربەی خوێندکارە کوردەکانم کۆکردوە و باسەکەم بۆ گێڕانەوە. هەموو بڕیارمان دا چۆنیان ئەمر کردووە بێ ئەملا و ئەولا وابکەین. هەرچەند ئەوکات سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی گۆرباچۆڤ بوو و تازە باسی پریسترۆیکە و گلاسنوستیش لە گۆرڕێ بوو، ؛بەڵام هیزە ئەمنیەکان و بەتایبەت (کا گێ بێ) دۆخەکەیان گرتبووە دەست و هێزی خۆیان هەر هەبوو.

هەڵبەت ئەوەش وەبیر بهێنمەوە کە، ئەوکات حیزبی شیوعیی عێراق کەوتبووە بەر غەزەبی ڕەشی سەدام و ئەوانش لەگەڵ هێزەکوردەکان شەڕی دەوڵەتی عێراقیان دەکرد و لە زۆر وڵاتان شەڕ و پێکدادن لە نێوان خوێندکارە شیوعیەکان و بەعسیەکان سەریهەڵدابوو، بۆ نموومە لە بولغارستان و ئاڵمانی ڕۆژهەڵات و تەنانەت لە یەکتریشیان کوشتبوو.

سەرەڕای ئەوەی کە ئیمە وەک گوتم بە کۆ بڕیارمان دابوو کە هیچ نەکەین با تووشی سەرێشە نەبین چونکە ئاگادارکردنەوەی ئەوان زۆر جیدی بوو. هەرچەند ئەو ئاگادارکردنەوە هەموو خوێندکارە کورد و عەربەکانی دژبەری سەدامی دەگرتەوە، بەڵام شەوی بەر لە دابەزینی سەدام لە مۆسکۆ چەند خوێندکاری حیزبی شیوعی بەکورد و عەرەبەوە بڕیاریان دابوو تا هەڵوێست بگرن. لەو ناوەدا ڕێک دوو کەس لەو خوێندکارانە کە هەر دووکیان خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بوون، لای ئیمە بوون. چەند لافیتە و دروشمیان لەسەر نووسیبوون. یەکیشیان بە زمانی عەرەبی لەبەر دەرگای بەشی ناوخۆیی هەڵاوەسیبوو. بەیانی خوێندکارە بەعسیەکان چاویان پێکەوتبوو و کۆیان کردبووە و بۆ سکاڵاکردن لای خۆیان وەک بەڵگە ڕایانگرتبوو.

ئەوە منیش ڕۆحم ئاگای لە مەحموودی بێ زەوادیش نیە و هەر نەشمبینیوە.

ئەو سەردانەی سەدام، بۆ هەردووک لا جێگای بایەخی زۆری هەبوو. هەم ئاش بوونەوەی سەدام لەگەڵ مۆسکۆ بوو و هەم واژۆکردنی چەندین گرێبەستی ئابووری و کڕینی کەڵ و پەلی سەربازی، ب تایبەت هاژۆکی بەدواوە بوو.   هەردووک لا ڕازی بوون و خۆیان بە سەرکەوتو دەزانی.

هەر دوابەدوای گەڕانەوەی سەدام بۆ بەغدا، ئێوارەیێک، پاش تەواو بوونی خۆێندن بانگیان کردم  بۆ کۆبوونەوە. کە چووم، و سڵاوم کرد، دوو کەس کە یەکیانم دەناسی و هەر ئەو کەسە بوو کە پێی ڕاگەیاندبووم کە بۆمان نیە هیچ دژکردەوەیەک بنوێنین کە دڵی بەعسیەکان خەوشدار بکات و کەسەکەی دیکەشم نەدەناسی، لەگەڵ نوێنەری خوێندکارە بەعسیەکان کە ناوی شەعبان بوو، وڵامی سڵاویان دامەوە و فەرموویان کردم.

ئەو کابرا ڕووسیە کە ناوی میخائیل بوو، گوتی ئاشتاب پێمان نەگوتن نابێ هیچ بکەن، منیش گوتم بەڵێ قەرار وابوو و هەموو کوردەکانم لێرە ئاگادار کردبووە، ئاگاداری هیچ چالاکییەکیش نیم لەو پێناوەدا. ئێستا چ بووە؟ خێرە؟!

کابرای بەعسی، کۆنە پەڕۆیێکی دەرهینا و گوتی بیخوێنەوە، منیش بە سەرسووڕمانەوە گوتم من عەرەبی نازانم و بەڕاستی نازانم کێ نووسیویەتی. ئەوانیش سەریان سووڕما کە چۆن من عەرەبی نازان.، گوتم من یەک ڕۆژیش نەک هەر لە عێراق، بگرە لە هیچ وڵاتیکی عەرەبی نە ژیاوم و سەردانیشم نەکردوون. من خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتم و کوردی و  فارسی دەزانم. بەم قسانە خۆم پەڕاندەوە و بڕوایان پێکردم. پاش چەند ڕۆژ لێکۆڵینەوە زانیان کە دوو کەس لە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بوون، یەکیان بۆ ئۆزبەکستان و ئەوی تریشیان بۆ سانت پیتربورگ گوازتەوە.

ساڵی دواتر، من لە زانکۆی پزیشکیی مۆسکۆ وەرگیرام. یەکەم رۆژ کە لە وانە ئامادە بووم، شەعبانش هەر ڕێک لەو کلاسە بوو. پاش ئەوەی ماموستاکە خۆی ناساند، ئیمەش هەر یەکەو خۆمان بە مامۆستا و قوتابیەکان ناساند. ٣٣ کەس بووین و زۆربەیان ڕووس بوون، تەنیا ئێمە ٦ کەسی بیانی بووین. کە سەرەی من هات گوتم من خەڵکی کوردستانم، زۆربەیان گوتیان کام کوردستان؟ بۆ ئەوەی لێم تێبگەن گوتم کوردستانی ئێران.

پاش تەواوبوونی وانەکە، شعبان گوتی من تازە بڕوا دەکەم کە تۆ خەڵکی کوردستانی ئێرانی، تا ئیستا پێموابوو خەڵکی عێراقی.

ئەو کوڕە بەعسییە زۆری پێ خۆش بوو و زۆری هەوڵدا هاوڕێیەتی لەگەڵ من بکات،  چونکوو هەم زۆر لەو زیرەکتر بووم و هەمیش پێی خۆش بوو بمکاتە بەعسی، بەڵام من هەرگیزاوهەرگیز نە هاوڕێیەتییم کرد ونە بوومە بەعسیش، ئەوە لە هەلومەرجێکدا بوو کە باری ئابووریم زۆر شپرز بوو و سەرچاوەی ژیانی من تەنیا ئەو بڕەپارەیە بوو کە حکومەت یارمەتی دەکردین و ژیانێکی نەمر نە ژی بوو بەڵام وەک دەڵێن سەرم لە ئەلوەند بەرزتر بوو .

شەعبان یەکجار زۆر لە دەرسەکانی تەوەزەل بوو و کەمتر دەهاتە سەر کلاس، بەڵام پارەیەکی زۆری هەبوو و تەنیا خوێندکارێک بوو کە ئەو کات لە ڕووسیە ماشێنی هەبوو !! زۆری پێدەگوتم تۆ کوردی ئێرانی و ئیمە هیچ دوژمنایەتیەکمان لەگەڵ ئێوە نیە، دەزانم تۆش دژی ڕژێمی خومەینی. تۆ زۆر کوڕێکی باشی و زۆرش هەژار و دەستکورتی، من دەمهەوێ یارمەتیت بدەم، تۆ دەرسم پێ بڵی یان رێگا بدە من لە ڕووی دەفتەرەکانی تۆ مەشقەقانم بنووسمەوە و جارێک لەگەڵم وەرە باڵوێزخانەی عێراق یان وەرە کۆبوونەوەی خوێندکارە عێراقیەکان، بەڵام من هەرگیز شەرەف و غیرەتم قەبووڵی نەکرد بۆ پارە و بەرژەوەندیی تاکەکەسیی خۆم هەر چەند زۆریش ئاتاج  بووم سەرم دانەوێنم و نەتەوەکەم لە بەشێکی تری نیشتمانەکەم بفرۆشم. شەعبان هەر لە ساڵی یەکەم کەوت و ئاگام لێی نەما و سێ و یان چوار ساڵ دوای من بە چۆرەچۆر زانکۆی تەواوکرد.

مەبەستم لەم بەسەرهاتە، ورووژاندنی ئەم پرسیارە بوو کە بۆ چی ئەو خاوەن شکۆیانەی باشوور  ساڵانێکە بە قەد و باڵای کەسانی جینایەتکار و خۆینمژی کورد لە ئێراندا هەڵدەڵێن کە لە جینایەت و نامرۆڤ بووندا، هاوشانی  سەدام حسێن و عەلی کیمیایین ئەگەر شانیان بەرزتریش نەبێ و بە دڵنیایەوە  بە هەزاران کوردیان کۆمەڵکووژ کردوە. خۆ ئەگەر مرۆڤ لە برسان و یان لە ترسان، کارێک بکات کە بەدڵی خۆشی نە بێت لەوانەیە ڕێگای تێبچێ،  بەڵام ئەو خاوەنشکۆیانە، کەسانی خاوەن کۆشک و تەلار و خاوەن دۆلار و پارەی زۆری دزێتی لە خەڵکی کوردستان یان پارەی نەوتی کوردستانن، ئاخر بەڕاستی ئەو کەسانە چ پێویستیەکیان بە ڕژیمی ئێران هەیە کە بە ڕۆژی ڕووناک و بەبەر چاوی خۆیان و هاڤاڵانیان  لە ئەمریکا و رۆژئاوا (با لەبەر جامین و خاتری کوردی ڕۆژهەڵاتیش  نە بێت) ئاوا بە بەژن و باڵایاندا دەچڕن و پەردەی حەیایان بۆ هەمیشە دڕاندووە؟

جێی خۆیەتی لێیان بپرسین کە، “ئاخر ئێوە چلۆن لە ڕووتان هەڵدێ تاریف و پەسنی ئەم دڕندانەی ئێران  بکەن؟. ئەری براستی کەس دەزانێ ئیوە خەریکی چین و لە پێناو چی پەسن و ئافەرین بۆ مرۆڤگوژانی ئێران دەنێرەن و بە شەهید لە قەڵەمیان دەدەن . ؟ بەڕاستی نهێنیی ئەو بوون بە شایەر و بەندبێژیەتان بۆ ئێران چیە؟

کوا هەست و ویژدانی کوردانەتان؟ پیاوەتی و چاکەی کوردانی ڕۆژهەڵات کە بۆ ئێوەی باشووری و بە درێژایی مێژوو کرا و دەکرێ کوا؟ ویژدانی ئێوە لە کام کونە ئەشکەوت یان مەتبەخی کام سوڵتاندا پاڵەپەستۆ لێی کەوتووە؟ ئاخر بۆ لە بەر بەرژەوەندیی خۆتان  و حیزبە شڕەکانتان ئابڕووی هەموو کوردێکی بەشەڕەفیشتان خنکاندووە؟ هەرچەند هەرچی لێکی دەدەمەوە نازانم کام بەرژەوەندیی حیزبی ئاوا مسۆگەر دەبێ و کام حیزبتان بەم پەندە شڕ و دڕ نەکردووە؟ . ئاخر چلۆن ویژدانتان قەبووڵ دەکات وا دڵی نزیک بە ١٥ میلیۆن کورد و دڵی دایکانی شەهید و هەزاران زیندانیی سیاسی و پێشمەرگە و شۆڕشگێری رۆژهەڵات بشکێنن و هاوکات سووکایەتی بە وشە و بایەخە نەتەوەییەکانی وەک پێشمەرگە بکەن و بیانخەنە ژێر پێی جەلادانی جەماران کە هەر دۆینێ و پێرێ هێرشیان دەکردە سەر دڵی کوردستانەکەش کە ئێوە خوای ئەو بەشەنی و نەتانوێرا بەتانیەکەشتان لەسەر خۆتان لادەن و فزەتان لێو نەهات. یاڕەبی تێرتەمەن نەبن و تەمەنتان لە کورتی بیبڕێتەوە. ئێوە لە کوێ بینیوتانە کوردی ڕۆژهەڵاتی بە باش و خراپ پەسن و تاریف لە سەدامی جینایەتکار و دارو دەستەکەی بکات؟ (هەرچەند ئێوە سیاسەتبازەکان واتان کردووە کە خەڵکەکەی بەشەکەی خۆشتان لەداخی ئێوە پەسنی سەدامی بکوژی خۆی دەدات).

  لە کۆتاییدا، زۆر بە زمانێکی خۆماڵیانە دەڵێم، “یاڕەبی چاوتان کوێر بێت، مڵتان بشکێ، ئەستۆتان ڕاست نەبێتەوە و گازەرای پشتتان بتەقێ”.کەس ناڵێ و نەیگوتووە  با ئێوە پێوەندیتان ل گەڵ دەوڵەتی ئێراندا  نەبێت  و بە قوڵی خۆتان دیپلۆماسی نەکەن !!.بەڵام نەک ئاوا خۆتان، نیشتمان و هەرچی جوانی و مێژوویەتی بفرۆشن و ئێسقانی کورد بکورۆژن.

 دەمهەوێ دڵنیاتان بکەمەوە کە، ڕژێمەکانی ئێران هیچ کات دۆستی کورد نەبوون و هیچ وکاتیش نابێ و  بێ جیاوازی حەزیان  لە توانەوەی کوردی هەر چوار  پارچەی کوردستانە بووە و دەبێ. ئەم ڕژیمەش تەمەنی زۆر نەماوە، ئەگەر تەمەنی ئێوە لە تەمەنی ڕژیم کورتتر نەبێ، نازانم ئەو کات چاوتان چلۆن لە حاند ڕۆژهەڵات هەڵدێنن و چلۆن دەتانهەوێ سەردانی بکەن؟

تۆ بڵێی ئەم چەرخە سوڕێکی بۆ کوردی ڕۆژهەڵاتیش پێ نەبێ؟

****

سەلام ئیسماعیل پوور

قاسم سولەیمانی و کەرەکەی مەلا نەسرەدین

ئەوەی لەو وێنەیەدا دەسووتێ و دووکەڵی دەچێتە ئاسمان، پەیکەرەی پاسداری کۆنە لات، قاسم سولەیمانییە کە بە دەستی خەڵک ئاگری تێ بەردراوە. لە کوێ؟ لە شاری کورد، ناوەندی پارێزگای بەختیاری. شوێنێک کە بە درێژایی چوار دەیەی ڕابردوو بەتایبەتی شەڕی ئێران و عێراقدا لە چاو زۆربەی ناوچەکانی دیکەی ئێران، زیاترین پشتیوانیی لە کۆماری ئیسلامی کردووە و کەمترین کێشەی لەگەڵ ڕێژیم هەبووە.

ئێستا تەنانەت ئەو خەڵکەش قاسم سولەیمانی بە ئوستوورە و پاڵەوانی خۆیان نازانن و بگرە پەیکەرەکەشی تەحەمول ناکەن. کەچی لە نێو کورددا سیاسی و بازاڕی و شێخ و هەرزە و نووسەر و فەرماندەی وا هەڵدەکەوێ کە بە ناسناوی “سەردار” و “شەهید” وتنەکەی کۆماری ئیسلامی قەناعەت ناکەن و دەیکەنە “سەروەر” و تەنانەت “شەهیدی ڕێگای ئاشتی و ڕزگاریی کوردستان”یش.

لە ڕاستیدا قاسم سلێمانی هەرگیز ئەو ئوستوورەی غیرەت و نەبەزی و فەرماندەی بلیمەت و شاکاری پلاندانان و زانستی سەربازییە نەبووە کە خانەکانی مێشک و زەینی کڵۆڵی هێندێک کاراکتەری سیاسیی کورد بەتایبەتی لە باشووری کوردستانی داگیر کردووە. بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە تەنیا چەند نموونەیەک بە کورتی دێنمەوە:

سولەیمانی پێش شۆڕشی ١٩٧٩ یەکێک لەو لات و چەقۆکێشانە بووە کە دواتر لە کۆمیتەکانی شۆڕش و سپای پاسداراندا ڕێک خران بۆ سەرکوتی ناڕەزاییە جەماوەرییەکان و کوشتاری خەڵکی ڕاپەڕیو لە ناوچەکانی وەک کوردستان. واتە هیچ ئاکادمییەکی سەربازیی نەدیوە و شارەزایی لە پلاندانان و فەرماندەهیدا نەبووە بەڵام وەک زۆرێک لە هاوتاکانی لەپڕێکدا و تەنیا بە ئەزموونی چەقۆکێشی و کوشتاری خەڵکی بێ تاوان، کرایە فەرماندەی سەربازی.

لە ڕەوتی شەڕ و بەرگریی قارەمانانەی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا دژ بە هێرشی دڕندانەی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئەگەرچی قاسم سولەیمانی بەشدار بووە، بەڵام هیچ ئازایەتییەکی لە بەرانبەر هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا نەنواندووە کە شایانی باسکردن بێت، بۆیە باسیشی لێ ناکەن.

لە نموونەکانی فەرماندەیی سولەیمانی لە شەڕی ئێران و  عێراقیشدا دەتوانین باس لە دوو عەمەلیاتی کەربەلای ٤ و ٥ بۆ گرتنی بەسرە بکەین کە هەزاران ئێرانی بەهۆی نەزانکاریی ئەو بە کوشت دران و عەمەلیاتەکە شکستی هێنا. هەربۆیە سولەیمانی تا سەردەمی دەسەڵاتی خاتەمی لە نێو سپای چەپەڵی پاسدارانیشدا گرینگیی پێ نەدەدرا.

نموونەی دیکە عەمەلیاتی گرتنەوەی تکریت لە دەستی داعش بوو کە بەهۆی کەمیی هێزەکانی داعش لەو شارەدا کە هەست دەکرا بە ئاسانی دەستی بە سەردا دەگیرێت و هەروەها گرینگیی سیمبۆلیکی گرتنی ئەو شارە بۆ ئێران، فەرماندەیی شەڕەکە درایە دەستی سولەیمانی و ڕێکلامی زۆریشی پێوە کرا بەڵام دوای زیاتر لە مانگێک و کوژرانی سەدان کەس لە هێزی حەشد و پاسدار، عەمەلیاتەکە شکستی هێنا و ناچار بە زەبری هێرشەکانی هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان بوو کە عێراقییەکان توانیان دەست بە سەر تکریتدا بگرن.

دوایین نموونەش لەو پێوەندییەدا، شەڕی داگیرکردنی کەرکووک دوای ڕێفراندۆم بوو. لەو شەڕەدا کە سولەیمانی فەرماندەیی هێرش بۆ سەر کوردستانی دەکرد، ئەگەرچی کەرکووک گیرا، بەڵام سولەیمانی لە هیچ شەڕێکدا لە بەرانبەر پێشمەرگە سەرکەوتوو نەبوو، چ لە پردێ و چ لە میحوەرەکانی دیکەی شەڕ (مەگەر بە خیانەتی کورد خۆی نەبێ).

قاسم سولەیمانی هەرگیز نە وەک هێندێک دەڵێن “فرماندە و طراح بسیار قابل” بوو و نە شەڕکەڕی ئازای بەرەکانی پێشەوە، بەڵکوو لەو کەسانە بوو کە خەڵکی دیکەی بە کوشت دەدا و لە کۆتاییدا سێڵفیی لەگەڵ کاولکارییەکانی دوای شەڕ دەگرت. ئەو هیچ کات گرینگیی بە خەساری مرۆیی شەڕ نەدەدا (چ لە بەرەی خۆیان چ لە بەرەی دوژمن و تەنانەت خەڵکی ئاسایی).

بەپێچەوانەی بۆچوونی ساویلکە سیاسییەکانی باشوور، کوشتنی ئەو  نەک کردەوەیەکی تێرۆریستی، بەڵکوو هەنگاوێک بۆ لاوازکردنی تەوەری شەڕخوازی و تیرۆر بوو.

ئەو سەرکردە و هەڵسووڕێنەری هاوکێشەکانی گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبوو، بەڵکوو بە خۆی و ڕێژیمەکەیەوە تەنیا مۆرەیەک لە شەترەنجی ژیۆپۆلیتیکی ڕووسیە و ئەمریکادا بوو کە دوای تەواوبوونی مەئمووریەتەکەی وەک پیادەیەک لە یارییەکە فڕێ درایە دەرەوە. پیادەیەک کە سەرکردەی سیاسیی باشوور پێیان وابوو و ئێستاش پێیان وایە وەزیر بووە.

 حاجی قاسم تاوانبارێکی دژەکورد و دژەمرۆڤ بوو کە تەنانەت لە بواری سەربازیشدا کەسێکی شارەزا و زیرەک نەبوو و بەس فووی تێ کرا و بوودجەیەکی بێ سنوور خرایە بەردەستی و مەیدانی بۆ ئاوەڵا کرا تاکوو ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی زلهێزەکان بکات. هەر لایەنێک بە مەبەستێک فووی تێ کردبوو لە ئەمریکا بگرە تا ئێران. لەو نێوانەدا سیاسییە ساویلکەکانی باشووریش ئەو تەبلیغاتەیان لەسەر شەهامەت و شارەزایی قاسم سلێمانی بە جیدی وەرگرتبوو و هێندە بە جیدی پەسنی ئازایەتی و جوامێریی ئەو زاتە دەکەن کە خودی ئێرانییەکانیش تا ئێستا بیریان لێ نەکردۆتەوە و پێی شۆک دەبن، بۆیە مایک و قەڵەمیان لە دەستی مەداحەکانی بەیتی خامنەیی سەندۆتەوە و داویانەتە دەست ئەمان کە باشتر لە سەنعەتی ماستاو دەزانن.

ئەو هەموو مەدح و ستایشەی سیاسی و نوخبەی کوردی باشوور لە سولەیمانی لەم ڕۆژانەدا کە ئێرانییەکانیشی پێ سەرسام بووە، چیرۆکێکی مەلای مەشهوور (مەلا نەسرەدین) وە بیر دێنێتەوە کە کەرێکی شەلی هەبوو بردی لە بازاڕ بە هەزار بەدبەختی توانی بە دوو قران بیفرۆشێ، کڕیاری کەرە هەرزانەکە لە دوو کۆڵان ئەولاتر هێندەی بە باڵای کەری مەلادا خوێند کە خودی مەلاش باوەڕی کرد بە ڕاستی ئەمە کەرێکی چاکە و حەیفە لە دەستی بچێ، هەر بۆیە چووە پێشەوە و بە سەد تمەن لە کابرای کڕییەوە.

***

برایم جەهانگیری: شەڕەف و بێ شەڕەفی

 قسەیەک دەگەڵ هەڤال ئەبووبەر و حاکم شێخ لەتیف و ئەوانی دیکەش…

 ئەو دوو دەستە وشەیە زۆر لە ناو کورد دا باون، زۆر جاران لە قسە و گفتگۆ و شەڕە دندووکەی دوو تاک را بگرە تا هێزی سیاسیش دەکار دەکرێن، من لەو بارەوە بەو قەناعەتە گەیشتووم کە هەردووک دەستە وشە وهەردووک خەسلەت ومۆڕال دەگەڵ مرۆڤ لە دایک دەبن، واتە وەک “ژێن” دەخوێنی مرۆڤەکان دا لە گەڕان وهاتووچۆ دایە، هی وایە هەرگیز ئامادە نیە سووک و چرووک بژی و نانی بێ شەڕەفی وبێ کەرامەتی ناخوا و هی واشە دەربەست نیە شەڕەف لای ئەوە تەنیا وەک وشەکە دەناسرێ و دەبینرێ.

 خۆی کەسانێک کە باوەڕیان بە شەڕەف و کەرامەتی مرۆف هەیە و ئەو دەستەوشەیە هەر وەک وشە سەیر ناکەن بەڵکوو وەک مۆڕاڵ و ئەخلاقی بەرزی مرۆڤ سەیری دەکەن، ئەوان ئامادە نین بۆ یەک چرکە ساتیش ، بەیەک وشەش لە دژی باوەڕەکانی خۆیان کە لە ئەخلاقی بەرزی ئینسانییەوە سەرچاوەی گرتووە بدوێن و بنووسن، خەڵکانی دیکەش کە ئەو دەستە وشەیە هەر بەڕواڵەت و سووک سەیر دەکەن باکیان بەوە نیە خەڵک لەبارەیان دا چۆن بیردەکاتەوە وئەسڵەن ئەوەی ناوی ئەخلاق و کەرامەتی ئینسانیە لای ئەوان بەهای نیە وبێ نرخە.

 من دوو نموونە دێنمەوە لە مێژووی نەهێندە دوور دا یەکیان لەوانەی ئێمە بە دوژمنمان زانیون و ئەوی دیکەیان لەکەڵە پیاوی مێژووی کوردان پێشەوا قازی و قاسملوو و مستەفا بارزانی را بگرە تا شەهید قارەمانی گەل حەیدەر قوربانی و کە دەکرێ لە هەموان نمووەن بێنینەوە.

 کاتی خۆی کە ڕێژیمی شایەتی ڕووخا و مەلاکان هاتنە سەر کار، ئەوان دەس بەجێ دادگای بە ناو شۆڕشیان دانا و دەستیان بە محاکەمەی چەند دەقیقەیی سەران و بەرپرسانی باڵای رێژیمی پاشایەتی کرد، بە چەند ڕۆژێک سەدان کەسیان لە بەرپرسە باڵاکانی ڕێژیم گوللەباران کرد. لە یەکێک لەو محاکەمانە دا سپەهبود ئەمیری رەحیمی کە ئەز قەزا کوردی کرماشان بوو و پێش ڕوخانی ڕێژیم فەرمانداری نیزامی تاران بوو دەگەڵ سالاری جاف محاکەمە دەکرا، کە ئەویش هەر کورد بوو. واتە دیسان دوو کورد بە ڵام نەک لەسەر مافی کوردان بەڵکوو لەسەر خزمەت بە دەسەڵاتی پاشایەتی دادگایی دەکران.

 لە داگاکە دا چەند مەلا وەک قازی شەرع دانیشتبوون  دوو تۆمەتبار بەرامبەریان، سالاری جاف هەر کورد و پیاوی ڕێژیمی پاشایەتی و سپەهبود ئەمیری رەحیمی هەر کورد و فەرماندەی سەربازی ڕێژیم، هەردووک تۆمەتبار دەیانزانی چارەنووسیان کوشتنە،  یەکەو پەرداخیک ئاویان لەبەر دەستی بوو. سالاری جاف بە دەستی لەرزۆکەوە ئاوەکەی خواردەوە و چی پێ نەچوو داوای پەرداخێکی دیکەی کرد، ئەمیری ڕەحیمی پەرداخە ئاوەکەی خۆی لە پێش سالار جاف دانا چاوێکی مانا داریشی لێکرد. کە نورە گەیشتە سالاری جاف و وڵام دانەوەی جاف ، خۆی لەسەرپێ  پێ رانەدەگیرا، بە دەنگی لەرزۆک دەیکوت کە هیچ تاوانێکی ئەنجام نەداوە بەڵکووو بیبەخشن.

 نۆرە گەیشتە سپەهبود ئەمیری رەحیمی، هەستا سەر پێ و کڵاوەکەی لەسەر ناو دەست بە نیشانەی ڕێزگرتن بەرز کردەوە و کوتی من سەربازی شام، ئێوە دەسەڵاتێکی نایاسایین وئەمن ئێوە نە بەرسمی دەناسم و نە وڵامیشتان دەدەمەوە ، من سوێندم بۆ نیزامی شایەتی خواردووە ئەگەر دەسەڵاتیشم هەبێ یەک بەیەکتان محاکەمە دەکەم. کە دوایی ئیعدام کرا.

 ئەوە بوو بە مێژووی مرۆڤێک کە ئەگەرچی لە خزمەت سیستەمێکی دژە کورد و ناعادڵ دا بوو بەڵام هەزاران و بە میلۆنان کەس ئافەریمیان پێ کوت و ئێستاش جار جارە سەلتەنەت تەڵەبەکان وەک فەخر وشانازی خۆیان باسی دەکەن. جا ئەوە لەبەر چاو بگرە کە ئەو لە بەرامبەر ئێعدام دا قەراری گرتبوو. ئەوە نیشانەیەک کە مرۆڤێک نایهەوێ پێ لە باوەرەکانی خۆی بنێ و بە ترسەنۆکی نامرێ. ئەو ئەخالقێکی لە ڕوانگەی خۆیەوە هەبووە و پێی پابەند بووە ، هەر بۆیەش ئێستاش وەک سیمبۆل قارەمانێک سەیری دەکەن.

   جارێ با حەیدەر قوربانی وەبیر هەندێ خوێریلکە و هیچ و پووچ بێنمەوە کە بە ناوی کوردەوە حەیا و کەرامەتی کوردشیان بردووە. ئەوان یان بە خومەینی هەڵدەڵێن وەک سەرچاوەی عەداڵەت و یان بە قاسم سولەیمانی ژن و منداڵ کوژ و دوژمنی قەستە سەری کورد و پلانداڕێژی گرتنەوەی کەرکووک کە خەونی کوردی بۆ سەربەخۆیی بە هاوکاری هەر ئەو خوێریلکە نیشتمانفرۆشانە لە گۆڕ نا،

  خۆ هەر دۆێنێ بوو ، حەیدەر قوربانی دەینەڕاند و دەیگوت : قەسەم بە خوا مسقاڵە زەرەیەک ترسم نیە خۆ گیانی من لە گیانی ئەو سێ کوڕەی یەک بنەماڵە شیرینتر نیە کە تازە لە شەڕی داعش دا گیانیان فیدای کوردستان کرد، سەت گیانیشم هەبێ دەیکەم بە قوربانی ئەو خەڵکە باشەڕەفە و ئەو کوردستانە!

 ئایا ئێوە چەقۆی ئێعدامتان لەسەر ملی ڕاگیرابوو وا خوێڕیانە و هیچ وپووچانە و سەرشۆڕانە سەری خۆتان هیچ سەری کوردیش شۆر دەکەن؟ ئەگەر پێتان وای سیاسەت دەکەن وئەوە دیپلۆماسییە با نموونەیەکەتان لە دیپلۆماسی دوکتور قاسملووی نەمر بۆ بێنمەوە .

 لە یەکێک لە دانیشتنەکانی دوکتور قاسملوو لە گەڵ نوێنەرانی حکوومەتی بەعسی عێراق کە ئەو کاتی حیزبی دێمۆکرات و قاسملوو هەموو شتێکیان لە لایەن حکوومەتی عیراقەوە پێ دەگەیی لە خواردن و لە جلوبەرگ ڕا بگرە تا دەگاتە چەک وتەقەمەنی.  نوێنەرانی حکوومەتی بەعس لە قاسملوو دەپرسن :

ئەرێ وەزعی موخەڕبین چۆنە؟

 قاسملوو ولام دەداتەوە و دەڵێ :

 “ئێمە پێوەندی دۆستانەمان دەگەڵ هەردووک لاتان هەیە نە پێمان خۆشە لە کن ئێمە ئێوە بە ئەوان بڵێن موخەربین و نە ئەوانیش بە ئێوە بڵێین فاشیت.”

 جا خۆتان هەڵسەنگێنن دەگەڵ دیپلۆماسی قاسملوو و تیتۆڵێک لەو گەورەیی و شەڕافەتە دادڕن کە ئەو وەک مرۆڤێکی کورد لە بەرامبەر دڕندەترین حکوومەتی هەموو مێژووی عێراق دا بەو کەرامەتی کوردبوونە وڵام دەداتەوە ئێوەش لەو پەڕی دەسەڵاتتداری دا خۆتان هێندە سووک و چرووک کردووە خەریکن سوجدە بۆ خومەینی دەبەن کە حوکمی جیهادی لە دژی کورد دا و سەتان ژن وپیاو منداڵی پی تاوانی خەڵتانی خوێن کرد و بۆ قاسم سولەیمانی سەر دەقوڕ دەنێن و خەرین لێمان دەکەن بە سیمبۆلی ئاشتی و پەپوولەی ناسک وسووک باڵ! لە حاڵێکدا دەستی بە خوینی هەزاران کەسی بێ تاوان لە ئێران ولە کوردستان سوورە و بە دەیان هەزاریشی لە سووریە خەڵتانی خوێن کردووە و ٨٠ پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی و چەندین  پێشمەرگەی پارتی ، هەردووک لە ڕێزی هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەربە پیلانی ئەو پاسدارە زەعیف کوژە  لە ١٦ ئۆکتۆبر و ڕۆژەکانی دوای ئەو شەهید بوون.

 بۆیە وبەو هۆکارانەی سەرەوە دڵنیام سبەی ئەگەر ڕێتان بکەوێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان  وەبەر نەفرەتی خەلک دەکەون و بەتەماتەی بۆگەنیوی گەنج و لاوی کورد و تفی ژنان وپیاوانی کورد پێشوازیتان لێ دەکرێ.

***

عەزیز مورادپەرەست:

هەرکام لە ئێوە بەرێزان هاوڕابوو لە گەڵ ئەم نووسراوەیە دەتوانێ ناو و پاشناوی خۆی لە بەشی کۆمێنت بنووسێ یان هاوپێچەکە لە سەر ڤاڵ و دیواری خۆتان بەش بکەن بۆئەوەی زۆرترین کەس بیبینێ

نامەیەکی سەر ئاواڵە

بۆ ناوەندیی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران!

بەرێزان هەروەک ئاگادارن ئەمڕۆ 6/1/2022 لە یادی ۲ ساڵەی کوژرانی تیرۆریست قاسم سولەیمانی لە شاری سلێمانی باشووری کوردستان، لە لایەن چەند کەسایەتییەکی دیاری کورد، وێرای شاردنەوەی رووی رەش و جینایەتکارانەی رێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی و بە دیاریکراوی تیرۆریست و بکوژی هەزاران تێکۆشەر و ئازادیخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان قاسم سولەیمانی، لە لایەکی دیکەشەوە رەوایی دانبوو بە هەموو جینایەتەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی و رووداوەکانی دوای 16ی ئوکتوبر و داگیرکردنی نیوەی خاکی باشووری کوردستان، شەهید و بریندار کردنی هەزاران پێشمەرگە، وێرانکردنی گوند و شارەکانی باشوور ، ئاوارە بوونی هەزاران بنەماڵەی نیشتمانپەروەری ئەم بەشەی کوردستان بە سەرپەرەستی تیرۆرسیت قاسم سولەیمانی.

پێکهێانی ئەو کۆریادە و بەو شێوە قسەکردنە لە سەر کۆماری ئیسلامی و  بە تایبەتی تیرۆریست قاسم سولەیمانی، رەوایی دانبوو بە بریاری جیهادی خومەینی دژی گەلی کورد لە گەلاوێژی ٥٨ لە روژهەڵاتی کوردستان، ئەو کۆڕیادە وەک ئەوە بوو کە ئەمرۆ هێرش کرایە سەر کوردستان و بەتایبەت شاری سنە و  دەیان شار و گوندی رۆژهەڵاتی کوردستان و قەتلوعامی گوندەکانی قارنێ و قەڵاتان و کورەی سەروو وخوارێ و دەیان گوندی دیکەی کوردستان و قەتلوعامی دیکە و وێرانکردنی کوردستان بە گشتی لە لایەن رێژیمی ئاخۆندییەوە.

ئەو کۆریادە و بەو شێوەیە قسەکردن لە سەرکۆماری ئیسلامی رەوایی دانبوو بە، لە سێدارەدانی 59 لاوی مهاباد و شەهید کردنی 49 پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە ناو شاری ورمێ لە ماوەی یەک رۆژدا، شەهید کردنی هەزاران تێکۆشەری حیزبی دێموکرات و کومەڵە لە سەنگەری بەرگری لە خاکی پیرۆزی نیشتمان. ئەمرۆ دەنگی چەکی تیرۆریستان لە ئوتریش و بێڕلین دەبیسترا و رێبەرانمان دیسان شەهید کرانەوە، ئەمرۆ زیاتر لە 300 تێکۆشەری رۆژهەڵات لە باشووری کوردستان شەهید کرانەوە، ئەمرۆ هەزاران زیندانی سیاسی دیسان لە سێدارە درانەوە و هەزاران کۆلبەر شەهید و بریندار کرانەوە، ئەمرۆ هێرش کرایەوە سەر کەمپ و بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە کویە و جێژنیکان، ئەمرۆ قەڵای دێموکرات مۆشەکباران کرایەوە، دەیان کادر و پێشمەرگە شەهید و بریندار کرانەوە، ئەمرۆ هەزاران چالاکوان و مامۆستای وەک خاتوو زارای محەممەدی برانە زیندان و ئەشکەنجە کرانەوە. بەلێ ئەمرۆ ئەو کۆرگێڕانە لە شاری سلێمانی و لە پێش چاوی دەیان میدیاکار و دەزگای راگەیاندن رەواییان بەخشی بە هەموو ئەو جینایەتانەی کۆماری ئیسلامی و بەو قسانەی خۆیان هێرش و بێرێزیان کردە سەر بزۆتنەوەی رەوای گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و خوێنی شەهیدانمان و هەست و شعووری ئازادیخوازانی رۆژهەڵاتیان بریندار کرد.

هەر بۆیە ئێمە وەک تێکۆشەران و چالاکڤانانی روژهەڵاتی کوردستان بە دڵێکی پر لەخەم و بە هەستێکی بریندار، داواتان لێ دەکەین هەر وەک هەمیشە گوتووتانە سەربەخۆیی سیاسی و بڕیاردان لە گەڵ بەرژەوەندی کاتیی ناگۆڕینەوە  و ئەوەشتان ئیسپات کردووە، بەدەرکردنی بەیاننامە و ئیدانەکردنی ئەو کۆریادە و لێدوانی لەمشێوەیە شەرمەزار بکەن بۆ ئەوەی لانیکەم لە داهاتوودا گوولە نەنێن بە برینە سارێژ نەبووەکانمانەوە.

لەوانەیە کەسانێک هەبن و بڵێن ئەوە راوبۆچوونی چەند کەسێکە لەو کۆریادەی قاسمی سولەیمانی تیرورستدا، بەڵام وانیە و ئەو کەسانە پلەی سیاسی و حکوومیان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و  ئەگەر بێ دەنگی لێبکرێت لە داهاتوودا شاهیدی تێکشکاندنی زیاتری شعووری سیاسی و نەتەوەیی تێکوشەرانی رۆژهەڵات دەبین لە لایەن کەسانی هاوشێوەی قسەکەرانی ئەمرۆ لە شاری سلێمانی.

لە گەڵ رێز و حورمەتماندا …

کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان.

***

ناسر باباخانی: نامەیەکی سەرئاواڵە بۆ هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری پارێزگای سلێمانی

ئەم بەیانییە کە لە خەو هەستام چاوم بە وردەفەرمایشەکانی جەنابت کەوت،

 ئاخر ئێمە لە ئەمریکا لەگەڵ باشووری کوردستان هەشت ساعەتمان جیاوازی کات هەیە، بەڵام خوا هەڵناگرێ هەڵوێستی ئەم خەڵکە ئەوەندەی من بەدواداچوونم بۆ کرد سەبارەت بەم قسانەی جەنابت لەسەر گەورەتیرۆریستی سەدە، واتە پاسدار قاسم سولەیمانی، هیچیان بۆ من تێدانەهێشتۆتەوە و ئەم کورتەنووسینەی منیش کورد کوتەنی نۆش با بێتە سەر دە!

ئەوەی ڕاستی بێ ئەو قسانەتم زۆر بەلاوە سەیر نەبوو و بە پێی ئەو ناسیاوییەی لە ڕێگەی میدیا و سۆشیال میدیاوە لە جەنابتم هەیە تا ڕادەیەکیش چاوەڕوانکراو بوو. بەڵام بۆ داکۆکی لە کەرامەتی تاکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنانەت لە باشوور، لە هەمان کاتدا ڕێزگرتن لە ئینسانی ئەم ناوچە بەنەفرە‌ت‌کراوە واتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم نامە سەرئاواڵەیەم بۆ نووسی، بۆ ئەوەی شەرمەزاری مێژوو بی نەک ویژدانی خۆت! چون ئەگەر “مثقال ذرە”یەکت ویژدان بوایە، بەم وتانەت سەبارەت بە پاسدار تیرۆریستێکی وەک قاسم سولەیمانی کوردایەتی و مرۆڤایەتیت بریندار نەدەکرد!

 بۆ بەڕێز هەڤاڵ ئەبووبەکر!

هەندێ کەس هەن بە دیلی لەدایک دەبن، بە دیلی دەژین و بە دیلی دەمرن. تۆ ڕێک یەکێکی لەم تاقمە. دەکرێ  لەسەر ئەم سێ حاڵەتە زۆر بەوردی بدوێین، بەڵام حاڵەتی یەکەم کە ڕەنگە بڕێکیش نامۆ بنوێنێ واتە ئەوانەی بە دیلی لەدایک دەبن دەگەڕیتەوە سەر دۆخێکی سایکۆلۆژی و نەفسی کە لەبەر ڕێزگرتن لە هەرێمی تاکەکەسی، لە دەڤەری گشتی باسی ناکەم.

بەڵام سەبارەت بە دوو حاڵەتەکەی تر واتە بە دیلی ژیان و بە دیلی مردن:

ئەوە کە جەنابت وەک کۆنەبەعسییەک ناسراوی پەیوەندی بە منەوە نییە، ئەوەی کە جەنابت کابرایەکی ئیخوانی بووی پەیوەندی بە منەوە نییە، ئەوە کە جەنابت چۆن بەم ڕابردوو پاک و خاوێنەتەوە بووی بە پارێزگاری سلێمانی – مەڵبەندی ڕۆشنبیری و حەماسە – پەیوەندی بە منەوە نییە،

شێوازی بەڕێوەبردنی شار و شارۆچکەکانی ئەم پارێزگایە و گلەیی و گازندەی خەڵک لە جەنابت پەیوەندی بە منەوە نییە، بەڵام تۆ بۆت نییە نەک وەک پارێزگاری سلێمانی، نەک وەک کوردێک، بەڵکوو تەنانەت وەک مرۆڤێک، دڕندەترین کەسایەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەی بە نماد و هێمای ئاشتی و دیالۆگ، ئەویش ئاشتی جیهانی و دیالۆگی گەردوونی! بەڕاستی تۆ لەسەر بنەمای چ شتێک داواکاری ڕۆژی کوشتنی قاسم سولەیمانی بکرێتە ڕۆژی ئاشتی جیهانی و دیالۆگی گەردوونی؟! کام تایبەتمەندی ئەخلاقی ئەم پاسدارەت کردووە بە پێوەری ئاشتی و دیالۆگ؟

تۆ یان نازانی ئاشتی و دیالۆگ چ مانایەکی هەیە یان نازانی قاسم سولەیمانی چ تیرۆریستێکی مەترسیدار بووە یان نا، دەزانی و  خۆتی لێ…

دەنا کام ساویلکە هەیە شوێن‌په‌نجه‌ی كۆماری ئیسلامی و به‌تایبه‌تی ده‌وری پاسدار قاسم سولەیمانی لە پاش ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لەبیر بکا. ئەوەی تۆزقاڵێک مێژووی خوێندبێتەوە دەزانی قاسم سولەیمانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ جەللادێک بووە و کاتێ بۆتە فەرماندەی سپای قودس چ قەسابێکی دڵ پڕ لە قین لە ناوچەدا.

سەیرە، زۆر سەیرە تۆ کە مامۆستای ڕۆژنامەگەری لە زانکۆ بی نەزانی پاسدار قاسم سولەیمانی هێمای سەرکوتی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێرانە، نەزانی قاسم سولەیمانی هۆکاری سەرکوتی ڕاپەڕینی خەڵکی سووریایە، نەزانی ناوی قاسم سولەیمانی وەک تیرۆریست لە لیستی ڕەشی یەکێتی ئورووپا و ئەمریکادایە، نەزانی ناوی قاسم سولەیمانی لە لیستی گەمارۆکانی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان‌دایە. دەی ئەمە بۆ ئەوە دەبێ ببێ بە هێمای ئاشتی؟ ببێ بە سیمبولی دیالۆگ؟

قاسم سولەیمانی هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیری ناوچە بوو بەبێ هیچ شک و گومانێک و تەنیا و تەنیا کۆیلەک دەتوانێ بەپێچەوانەی ئەمە بیر بکاتەوە.

ڕێک ئەو کاتەی تۆ  پێشنیارت کرد ڕۆژی کوژرانی سولەیمانی بکرێتە ڕۆژی ئاشتەوایی جیهانی و دیالۆگی گەردوونی، خەڵکی وەزاڵەهاتوو و ئازادیخوازی ئێران لە ناوخۆ پەیکەرەی قاسم سولەیمانی گەورە تیرۆریستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان ئاگر تێبەردا.

خراپی بۆچووی کاکی پارێزگار، ڕێک بەپێچەوانەوە، ڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی دەبێ ببێ بە ڕۆژی ئاشتەوایی و دیالۆگی گەلان و دەوڵەتانی ناوچە. وەک دواوتەم دڵنیام نووسەران و ڕووناکبیران و ڕۆژنامەوانانی باشوور بەگشتی و بەتایبەتی پارێزگاری سلێمانی وڵامێکی شایانی خۆت و قسەکانت دەدەنەوە، دڵنیام!

ناسر باباخانی

٦ی جانیوێری ٢٠٢٢

ئەمریکا

****

مەجید حەقی:  #کورد و خۆکەمبینی بەرامبەر #فارس، #عەرەب و #تورک و خۆگەورە بینی بەرامبەر یەکتر

لەو ڕۆژانەدا بەبۆنەی ساڵرۆژی کوژرانی گەورەتیرۆریستی ئێرانی قاسم سلێمانی “سەرکردە” سیاسیەکانی باشووری کوردستان رکەبەریان دەکرد بۆ پەسنبێژی  لە “شەهید قارەمان!!” کە یەکێک لە داڕێژەرانی کارەساتی شانزدەی ئۆکتۆبر و یەکێک لە هۆیە سەرەکیەکانی وێکنەگەیشتنی لایەنە سیاسیەکانی کورد لانی کەم لە باشووری کوردستان بووە. ماوە چەند ڕۆژ لەمەوبەریش لە بەشی فارسی رادیۆ دەنگی ئەمریکا بەرێز خاڵد عەزیزی سکرتێری گشتی حدک بەناوی چاوپێکەوتن لێپرسینەوەی (بازجوویی) لێدەکرا و سیامەک د‌ێهقان پوور بەجیاتی چاوپێکەوتن لە گەڵ رێبەری سیاسی حیزبێک پرسیارەکانی جۆرێک داڕشتبوو کە زۆرتر وەک “بازجویی” و “اعتراف گیری” دەچوون. لەمەوبەریش رێبەرانی حیزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاتێ چاوپێکەوتن لە گەڵ میدیا فارسیەکان لە مەڕ داخواز و پرسە سیاسیەکانی کوردستان تووشی “لکنت زبان” بوون. بەڵام لە بەرامبەر یەکتردا هەرکام لە رێبەران و حیزبەکان لەیەکتر گەورەتر و “مدعی”ترن و بچووکترین کێشەی نێوانیان تا ئاستی لێکترازانی مەترسیدار پێش دەبەن.

دەکرێ خۆ کەمبینی نەتەوەی ژێردەست لە تایبەتمەندیەکانی بیر و دەروونناسی گشتی زاڵ بەسەر خەڵکی کوردستان بزانین، نەک هەموو کەس، چونکە لە ناو ڕووناکبیرانی کورد کەسگەلی زۆر دەبینرێت کە بەبڕوا بەخۆیەوە ویست و داخوازەکانی خەڵکی کوردستان بۆ نەتەوە سەردەستەکان شی دەکەنەوە و بەشانازیەوە لەبەرامبەریان ڕادەوەستن، لەیلازانا، سەلاحەدین دەمیرتاش، عوسمان بایدەمیر و زۆر کەسی دیکە لەو نموونانەن. کەسانێک هەن کە کاتی کێشەکانی ناوخۆیی بنەماکانی ئەخڵاقی و هێلەنەتەوەییەکان تێپەر ناکەن. هەرچەند پێموانیە هیچ لێکۆلینەوەیەکی مەیدانی لە مەڕ دەروونناسی گشتی کۆمەڵگای کورد بۆ پرسی خۆکەمبینی بەرامبەر نەتەوە سەردەستەکان ئەنجام درابێ، بەڵام نموونەگەلی زۆر و دووپاتکراوە هەن بۆ ئەوەی نیشان بدات ئەو “زێهنیەتە” لە لایەن رێبەران و بڕیاردەرانی سیاسی و ئیداری کورد کەڵک وەردەگیرێت بۆ ئەوەی ببێتە هۆی بێدەنگی بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیرانی ناوخۆی حیزبەکان و لەکاتی هەڵسوکەوتی ناڕەوا لە گەل لایەنی بەرامبەر. ئەمەش لە قەدەغەکردنەکانی نەنووسراوەی بەشداری کردن لە بۆنە و ڕێورەسم و بەرنامەکانی لایەنەکانەوە بگرە تا کارشکێنی لە پێوەندی لە گەڵ پرسە هاوبەشەکان و هەوڵدانی بەردەوام بۆ لاوازکردنی یەکترەوە و هێرشی جاربەجاری تۆرەکۆمەڵایەتیەکان بەیەکترەوە دەبیندرێت.

هەستی خۆ بچووک بینین و “حقارت” لەبەرامبەر دەسەڵاتداران و نەتەوە سەردەستەکان و خۆ بەزڵزانی بەرامبەر بەیەکتر و لاوازەکان لە وێنەکانی بەرچاوی خەسارناسی و دەروونناسیی ئەو کۆمەڵگایانەیە کە ژێردەستی، دیکتاتۆری و زۆرداری لەناو تانوپۆی کۆمەڵگادا بە درێژایی مێژوو “نهادینە” و جێکەوتبێت.

 فارسەکان، عەرەب و تورکەکان لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی پێشكەوتووتر لە کوردەکانن و هێزەکانی تورک و فارس لە شەڕی چاڵدرانەوە تا ئەمرۆ چارەنووسی کوردیان دیاری کردووە. بۆیە خۆ بچووک بینی کوردەکان لەبەرامبەر ئەو “زڵهێزانە” بووە بە بەشێک لە تایبەتمەندیەکانی گشتی کۆمەڵگای کوردی.

بەڵام هۆی خۆبەزڵزانی بەرامبەر هاونشتیمانان و کوردەکان تەنیا بە هۆی خۆ کەمبینی بەرامبەر بە دوژمنانەوە شی ناکرێتەوە. چونکە ئەو دیاردەیە بەرهەمی گریمانە ئاڵۆزەکانی دەروونی مرۆڤی کوردە نەک تایبەتمەندیی مرۆڤی.

کورد سەرەرای هەموو قارەمانیەک کە لە بەرگری لەخۆیدا نیشانی داوە لە زۆربەی هەرە زۆری شەڕەکانی لە گەڵ نەیاران و داگیرکەرانی کوردستان شکستی هێناوە و سووک کراوە. سووک کران و شکست هێنان زۆرجار دەبێتە هۆی پەروەردەی ئەندێشە و “توهم”ی خۆ بەزڵزانین لەبەرامبەر داگیرکەراندا. کەم نین لەناو خۆمان ئەوانەی فارس بە “کویرنشین”، عەرەب بە “پێپەتی” و تورک بە “موغولی” و … ناو دەبەین.

لە سەردەمی نزیکدا ئێمەی کورد تووشی چەندین شکستی تاڵ هاتووین بەرامبەر بە نەیارانمان کە شوێندانەری لەسەر جۆری بیرکردنەوەی ئێمە بەرامبەر بەیەکتر و دوژمنانمان داناوە: ڕووخانی کۆماری کوردستان، نسکۆی شۆرش لە ساڵی 1975، پاشەکشەی پێشمەرگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دوای هێرشی بەربڵاوی رژێمی ئێران، شەڕەکانی ناوخۆیی و پەنابردن بۆ دوژمن بەرامبەر بە یەکتر، ڕفاندنی بەرێز ئۆجەلان و فەرمانی ئاشکرای ئاشبەتاڵی لە لایەن ئۆجەلانەوە بە ناوی “هێمای ئاشتی”، شانزدەی ئۆکتۆبر، لەدەست دانی بەشێکی زۆر لە ڕؤژاوای کوردستان بەهۆی هێرشی تورکیا و زۆر نموونەی دیکە، ئەوانە و زۆر نموونەی دیکە بووتە هۆی ئەوەی کە خۆمان بەرامبەر بە داگیرکەران کەم ببینین و بۆ پاساوهێنان هێرش بکەینە سەریەکتر.

تانەلێدان و گاڵتەکردن بە سەرکردەکان لە کاتی دەربرینەکاندا تەنیا دەتوانێت کارایی “پانادۆلێک”ی هەبێت بۆ کەسێک کە نەخۆشیی شێرپەنجەی هەیە. پێویستمان بە بنیاتنانەوەی پەروەردەیەکی بنەمایی کۆمەڵایەتی و تۆکمەی هەمەلایەنە هەیە بۆ ڕزگاربوون لەو بەدەوری خۆدا سووڕانانە و گەیشتن بە ئاستێک کە بتوانین بگەینە بە ئازادی و ئاستی یەکسان لە گەڵ نەتەوە هاوسێکانمان.

***

برایم قەززاق : بۆ بەرێز هەواڵ ئەبوو بەکری پارێزگاری سولێمانی !

چەند رۆژ پێش گوێم لە قسە کانی جەنابت بوو لە دووهەمین ساڵ وەگەری کوژرانی قاسم سلێمانی کە بە مووشەکی هاوپەیمانانی نێو نەتەوەیی لە فرۆکەخانەی بەغدا کرا بە ئامانج و تەنانەت کەلاکی کوژراوی پارچە بووشی نە دیتراوە.

بەرێز هەواڵ ئەبوو بەکر !

خەڵکی تێکۆشەری رۆژهەڵاتی کوردستان تان رەنجاند و دڵی دایکی شەهیدان و هەموو تێکۆشەرانی دژی ئەو رێژیمە فاشیستی یەی ئێران تان شکاند و بۆ قاتڵی هەزاران پیر و پەک کەوتە و گەنجی کوردستان و تەنانەت بگرە  عێراق و سوریە و یەمەن و زۆر وڵاتی دیکەش کەوتنە گریان و شین و شەپۆر !  تەنانەت بەوەندەش قایل نەبوون و داواتان کردووە کە ، ئەو رۆژە پیرۆزە بۆ دژ بەرانی رێژیمە فاشیستەکەی ئێران بە گشتی و بە تایبەت خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بکرێ بە رۆژی ” بە رۆژی ئاشتی جیهانی و دیالۆگی گەردوونی ” ؟!

جەنابی پارێزگاری سولێمانی هیچ بیرتان لەو چەند وشەیە کردۆتەوە ؟ ئێوە چۆنە باسی بکووژەکانی قاسم سلێمانی ناکەن و نەتان وێرا تاقە جارێکی بوو بێ بڵێن لە بیرتان ناکەین و تۆڵەتان لێ دەستێنینەوە !

جەنابی هەواڵ ئەبووبەکر !

ئێوە بۆ قاتڵی هەزاران ئینسانی کوردی بێ تاوانی رۆژهەڵات و باشوور کە بە پیلانی ئەو جینایەت کارە شەهید کراون و بێ سەر و شوێن نێژراون ؟ بە تەمان ئەو رۆژە بکەنە رۆژی ئاشتی جیهانی ؟!

 چەند بیر کردنەوەیەکی بێ  بیر کردنەوەیە !

کۆتا قسەم ،

 فەرموو سەیری ئەو بەڵگەیە بکە کاتێکی رێژیمی عێراق حەولی دا سەرۆک بارزانی بە پیلانێکی تێرۆریستی شەهید بکات و بە خۆشی یەوە سەری نەگرت ، لێرە سەیری هەڵوێستی سیاسی و بوێرانەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بکە  لە کاتێکی هەر ئەو رۆژنامەیەش بە پارەی دەسەڵاتی ئەو کاتی عێراق چاپ دەبوو ! بەڵام حیزبێکی سیاسی بەرپرس بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆی بەوشیوەیە بۆ مێژوو تۆمار دەکات . بەڵام ئێوە چ پێویستی یەکتان بە ئێران هەیە و تەنانەت ماوە  ئیزن  تان  بدا کێ دەگەڵ کێ هاوسەر گیری بکا !

دەسەڵاتی ئێوە بۆ دەبێ هێندە مل کەچی تاران بێ ؟

کوردی باشوور و رۆژهەڵات پشتی یەک تر بگرن تارانیش وەلەرزە دەخەن!

بەرێز هەواڵ ئەبوو بەکر !

پاشی ئەو هەموو بێ رێزی و بێ حورمەتی بە خەباتی زیاتر لە ٤ دەیەی خەڵکی رۆژ هەڵاتی کوردستان و شەهید و ماڵ وێرانی و ئەشکەنجە و هەڵات هەڵات و ئاوارە بوونە  ،تکایە لەو پۆستەت ئیستیقالە بدە و کارت بە سیاسەت نەبێ کە لە بەرژەوەندی نەتەوەیی مان دایە .

رێز و حورمەت برایم قەززاق

***

سەرجەم بابەتەکان لە فەیسبووکی نووسەران وەرگیراوە و  سەدان نووسینی تریش بڵاو بۆتەوە کە ئێمە تەنیا ئەم چەند نووسنەمان بلاو کردەوە.

***

قاسم سولەیمانی تێرۆریست، دژی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست بوو

(پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە پەراوێزی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی قاسم سولێمانی لە شاری سلێمانی)

کۆنسولگەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سلێمانی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی بەفرانبار (٦/١/٢٠٢٢) ڕێوڕەسمێکی بەبۆنەی یادی دوو ساڵەی کوژرانی پاسدار قاسم سولەیمانی لە تەلاری هونەری ئەم شارەدا پێک‌هێنا. لەم کۆڕەدا هەڤال ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی وتارێکی پێشکێش کرد و پێشنیاری کرد کە ڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی بکرێ بە “ڕۆژی جیهانیی ئاشتی و دیالۆگی گەردوونی”. لە پێوەندی لەگەڵ ئەوەدا کە کاربەدەستێکی پایەبەرزی هەرێمی کوردستان داوا دەکا ڕۆژی کوژرانی کەسێکی وەک قاسم سولەیمانی بکرێ بە ڕۆژی ئاشتیی جیهانی، و لەبەر ئەوەی پێشتریش چەند جاری دیکە و لە زمانی بەرپرسە جۆراوجۆرەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەڵوێستی لەو چەشنە بینراون، چەند سەرنجێک دەخەینە ڕوو:

پێش هەموو شتێک جووڵانەوەی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوونی پێوەندیی سیاسی، دیپلۆماسی و بازرگانیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شتێکی ئاسایی دەزانێ و هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ ئەوجۆرە پێوەندییانە نییە و نەشبووە. حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە بە خەمی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بوون و بزووتنەوەی کورد لە ئێران بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی هەرێم باج و تێچووی زۆر و قورسیشی داوە کە ئەمە هەست بە بەرپرسایەتیی سیاسی، نەتەوەیی و مێژوویی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەهەمبەر داهاتوو و چارەنووسی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت. لەلایەکی دیکەشەوە خەڵکی دوو بەشی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکەڵاوییەکی مێژوویی و پێوەندییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی پتەو و دوورودرێژیان لەگەڵ یەکتر هەیە و ئەو پێوەندییە دیرۆکییە لەنێوان هێزە سیاسییەکانی ئەو دوو بەشە لە کوردستانیش هەر بەو شێوەیە بووە. پێشمەرگە دێرینەکانەکانی هێزە سیاسییەکانی هەردووبەش دەزانن کە لە زۆر کات و بڕگەی مێژوویی و لەپێناو ئامانجی هاوبەشدا کورد گوتەنی خوێنیشمان تێکەڵی یەکتر بووە، لە ڕۆژە ناخۆشەکانی مێژووشدا خەڵکی باشوور و ڕۆژهەڵات لەپشتی یەکتری بوون و ئەو هاوپێوەندی و هاوچارەنووسییە لە مێژووی نەتەوایەتیماندا ڕەگاژۆی کردوە.

لە پێوەندی لەگەڵ قاسم سولەیمانی و دەورونەخشی ئەو کاربەدەستەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشدا دەڵێین:

ناوبراو فەرماندەیەکی سەربازیی ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران بووە و ئەوە خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە دەبێ لەسەر جێگە و پێگەی ئەو بدوێن و قەزاوەت لەسەر ئاکار و کردەوەکانی بکەن، وەک چۆن ئێمەش ئەو ئیزنە بە خۆمان نادەین قەزاوەت لەسەر کاربەدەستێکی ئێستا و پێشووی عێڕاق بکەین، بەتایبەت هەرگیز ڕێگەش بە خۆمان نادەین پەسنی هیچ دەسەڵاتدارێک بدەین کە لە یەکێک لە بەشەکانی کوردستان‌دا دەستی بە خوێنی ڕۆڵەی کورد سوور بووبێ. جیا لەوە کارنامەی قاسم سولەیمانی وەک فەرماندەی هێزەکانی قودس کە باڵی سەربازیی رێژیم لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەم وڵاتەیە، بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە. قاسم سولەیمانی ڕووی لە هەرکوێ کردبێ، کوشتار، کارەسات، وێرانی و کاولکاریی لەگەڵ خۆی بردوە. قەیرانە نێوخۆییەکانی سووریە، لوبنان، یەمەن و عێڕاق و ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاکامی ڕاستەوخۆی کاریگەری و حزوور و سیاسەت و کردەوەکانی قاسم سولەیمانین. هەروەها هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە نیزیک شاری کۆیە لە قووڵایی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ (٨ی سێپتامبری ٢٠١٩) کە لەودا ١٦ پێشمەرگە و کادری ڕێبەریی حیزبی دێموکرات شەهید بوون، لەگەڵ چەندین جار هەڕەشەی ئەمنییەتی لەسەر بارەگاکانی کۆمەڵە بەهۆی ئەوەی کە ئەو عەمەلیاتە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دەکرا، دەبوا قاسم سولەیمانی بڕیاری لەسەر دابا و فەرمانی ئەوی لەپشت بوو. هەروەها پێشتریش تێرۆری سەدان تێکۆشەری کوردی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی هەرێمی کوردستاندا بە بڕیاری سپای قودس جێبەجێ کراون کە قاسم سولەیمانی فەرماندەی گشتیی ئەو سپایە بوو. لەبیرمان نەچێ کە قاسم سولەیمانی هەر بەپێی بەڵگە و داناننانی زۆر مێدیا و دامەزراوە و ئاشکراکردنی حیزبی سیاسی لە عێڕاق، ڕۆڵی فەرماندەیی و بڕیاردانی لە زۆر جووڵە و ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستانیشدا هەبووە. بۆیە هەرچەشنە پێداهەڵگوتن و ڕێزلێنانێکی کاربەدەستانی باشوور لە قاسم سولەیمانی، دەستخۆشانەی هاوزمان و هاونەتەوەکانمانە بۆ ئەو خوێنانەی سولەیمانی لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕشتوونی.

قاسم سولەیمانی لە لیستی ڕەشی سزاکانی ئەمریکا، یەکیەتیی ئورووپا و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان‌دا بوو. کاتێکیش کە کوژرا لە ئەمریکا بە دێموکرات و کۆماریخوازەوە و، لە ئورووپاش کەس پرسیار و گومانی نەخستە سەر دروستیی ئەو بڕیارەی کۆشکی سپی کە بۆ لێدان لە ناوبراو دابووی.

ئێمە دەخوازین ئەو جۆرە کۆبوونەوە و لێدوانانەی کاربەدەستانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار نەکەنە سەر پێوەندیی کوردەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان. بەدڵنیاییەوە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران حیسابی خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئەو جۆرە ڕوانگە و بۆچوونانەی ئەو بەشە لە کاربەدەستانی هەرێم و هێندێک لە سیاسییەکانی باشوور لێک جیا دەکاتەوە. بۆیە جارێکی دیکە پێ لەسەر ئەوە دادەگرینەوە: قاسم سولەیمانی کاربەدەستێکی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو کە پلەکانی سەرکەوتنی بە جینایەت و کومەڵکوژی لە کوردستان‌ڕا دەست پێ کردبوو و دواتریش سیاسەت و بڕیارەکانی ناوبراو کاریگەریی ڕاستەوخۆی زۆر کارەساتباری لەسەر ژیان و ئەمنییەتی خەڵکی ئێران هەبوو. بۆیە ئەوە خەڵکی ئێرانن کە دەبێ قەزاوەت لەسەر ناوبراو بکەن و هەروەک چۆن بینیمان کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە “شهر کرد”ی پارێزگای “چوار مەحاڵ و بەختیاری” خەڵک پەیکەری قاسم سولەیمانیان پاش چەند سەعات لە دانانی لە ناوەندی شاردا ئاگر دا.

لە کۆتاییدا دەبێ بڵێین کە هەرێمی کوردستان هەموو کات ناوەندی بیری نەتەوەیی و نیشتمانی و بەرخۆدان و سەرهەڵدان بووە و ئەم جۆرە ڕێوڕەسم و کۆڕوکۆبوونەوانە پرسیار لەسەر پرسە گەورەکەی کورد دروست دەکا و لە هەمان کاتیشدا تۆوی ناهۆمێدی لە دڵی خەڵکی کوردستاندا دەچێنێ و خەڵکی کوردستان ئەمە بە جۆرێک بە پشت‌تێکردن لە ئاڕمانە نەتەوەییەکانی کورد لێک دەدەنەوە.

بەو هیوایەی کە لە داهاتوودا هەڵوێستی لەو چەشنە دووپات نەبێتەوە و هەست و بیری کوردانی ڕۆژهەڵات چی دیکە بریندار نەکرێ و تەنیا لەو حاڵەتەدایە کە هیچ شتێک ناتوانێ کەلێن بخاتە نێوان پێوەندیی نەتەوایەتیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

17ی بەفرانباری ١٤٠٠

datafixare

نویترین هەواڵ و بابەت