"an independent online kurdish website

هەنگاو: لەماوەی ساڵی ڕابردووی زایینی و بە هۆی شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان حیزب و لایەنە کوردستانییەکان و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نزیکەی ٣٠ کەس گیانیان لە دەست داوە و یان بریندار بوون.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ساڵی ٢٠٢١ دا، لانیکەم ١٢ تێکهەڵچوون لە کوردستان ڕووی داوە کە ٨ حاڵەت کەمتر بووە لە ساڵی ڕابردوو.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ئەنجامی ئەو تێکهەڵچوونانەدا ١٣ ئەندامی سپای پاسداران، هێزی ئینتزامی و ئەندامی بەسیجی ئێران کوژراون و لە بەرانبەردا ١٣ ئەندامی حیزبە کوردستانییەکان کوژراون و ٣ گریلاش بە دیل گیراون.

زیاترین تێکهەڵچوون لە پارێزگای ئورمیە تۆمار کراوە کە لە کۆی ئەو ١٢ تێکهەڵچوونە ٩ حاڵەتی لە پارێزگای ئورمیە ڕووی داوە. لە پارێزگای سنەش ٣ حاڵەتی تێکهەڵچوون تۆمار کراوە

جیاکردنەوەی تێکهەڵچوونەکان

لە کۆی ئەو تێکهەڵچوونانە پژاک و پ ک ک  بەرپرسیارێتی ٦ تێکهەڵچوونیان بە ئەستۆ گرتووە،.هەروەهاحیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و گرووپەکانی نزیک لەو حیزبە (هەڵۆکانی زاگرۆس) ٦ تێکهەڵچوونیان ئەنجام داوە.

قوربانیانی لایەنە سیاسیەکان

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ئەنجامی ئەو ١٢ تێکهەڵچوونەدا ٩ گریلای پژاک و پ ک ک و ٤ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گیانیان لە دەست داوە.

هەروەها، بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢١ دا لانیکەم ٢ گریلای پژاک لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای سلێمانی هەرێمی کوردستان بە هۆی بوردمانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیاوە گیانیان لە دەست داوە.

تۆپباران و هێرشی ئاسمانی

لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١ هێزەکانی سپای پاسداران ١٠ جار بەرزاییەکانی کوردستانیان تۆپباران کرد و دوو جاریش بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بنکەکانی حیزبەکانی ئۆپۆزێسیۆنی حکوومەتیان لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کردە ئامانج.

ئەم تۆپبارانانە زیانی گیانییان نەبووە و تەنیا زیان بە ژینگەی ناوچەکە گەیشتووە.

لە ساڵی ڕابردوودا ١٨ لاوی ڕۆژهەڵاتی لە باکوور، ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان گیانیان لە دەست داوە

بە پشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١ دا، لانیکەم ١٨ گریلای خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و حیزبەکانی نزیک لەو حیزبە، لە باکوور، باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان گیانیان لە دەست داوە.

پارتی کرێکارانی کوردستان گیان لە دەست دانی ئەو ١٨ گریلایە بە فەرمی لە میدیاکانی خۆی بڵاو کردووەتەوە.

تیرۆری چالاکانی سیاسی

بە پشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١ دا، لانیکەم  ٤ چالاکی سیاسی کورد لە شارەکانی پێنجوێن،م سلێمانی و هولێرە لەلایەن دام و دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە تیرۆر کراون.

ئاکۆ فەتحی و مێهدی ڕەزایی گریلای پژاک و هەروەها  بێهرووز ڕەحیمی ئەندامی پژاک و موسا باباخانی ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک) لە شارەکانی پێنجوێن، سلێمانی و هەولێر تیرۆر کراون.

بەگویرەی ئەو بەڵگانەی کە دەست هەنگاو کەوتووە و ئەو لێکۆڵینەوانەی کە ئەنجاممان داوە، وەک هەنگاو پشتڕاستی دەکەینەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران هێشتاش پێبەندی مافەکانی پشتیوانی چاوەدێر لە شەڕە چەکدارییە نێوخۆییەکاندا و یاسا بنەماییە مرۆڤددۆستانەکان وەکوو قەدەغە کردنی بەکار هێنانی چەک و چۆڵی تەقینەوەی و هەروەها جیاکردنەوە حەشیمەت و شوێنی ناسەربازی لە ئامانجە سەربازییەکان نییە.

داونلۆدی فایلی PDF

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی