"an independent online kurdish website"

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەنیسبەت لەسێدارەدانی شەهید “حەیدەر قوربانی” لەلایەن ڕێژیمی بکوژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ئازادیخوازانی جیهان!

گەلانی ڕزگاریخوازی ئێران!

خەڵکی نیشتمانپەروەر و خەباتکاری کوردستان!

بەداخەوە ڕادەگەیەنین کە جارێکی دیکەش دەسەڵاتی ڕێژیمی ئازادیکوژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆڵەیەکی هەڵکەوتەی نەتەوەکەمان، لاوێکی گەلخۆشەویست و دێموکراتی لە باوەشی دایکی نیشتمان ڕفاند.

 حکوومەتی بکوژی لاوانی کوردستان سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەز، بە شەهیدکردنی “حەیدەر قوربانی”، لوولێکی تاریکتری هەڵپێچا سەر تۆماری دزێوی تاوانەکانی.

شەهید “حەیدەر قوربانی” کوڕی شەهید “عەلی” ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٥ لەلایەن چەکدارەکانی ڕێژیمەوە هەڵکوترایە سەری و بە تاوانی ئەندامیەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەشداری لە بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستاندا دەسبەسەر و پەلکێشی بەندیخانەکانی ڕێژیم کرا. لە ماوەی ٥ ساڵ دەسبەسەری لە بەندیخانەدا وێڕای ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر  لە هەموو مافێکی بەندکراوێکی سیاسی تەنانەت لە چاوپێکەوتنی ئاساییش لەگەڵ خۆشەویستانی بێبەش کرابوو. شەهید حەیدەر قوربانی لەگەڵ ئەوەی هیچکام لە تۆمەتەکانی  دەزگا ناقەزاییەکانی ڕێژیمی وەئەستۆ نەگرتبوو و پاڵپشتییەکی بەرینی ئازادیخوازان و بیروڕای گشتیی بۆ ئازادکردنی لەپشت بوو، ڕێژیم سوور بوو لەسەر بەتاوانبارزانینی و سەرەنجام سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٨ی سەرماوەز لە بەندیخانەی سنە حوکمی داسەپاوی ئێعدامی لەسەر بەڕێوە برد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای مەحکوومکردنی ئەو جینایەتەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بە بنەماڵە و کەسوکاری “حەیدەر قوربانی” و خەڵکی کامیاران ڕادەگەیەنێت و خۆی به هاوبەشی خەمیان دەزانێت.

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

….

هەر لەم بارەوە

هەنگاو: سزای سێدارەی حەیدەر قوربانی بەندکراوی سیاسیی کورد بە نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرڤی هەنگاو، کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢١ (١٩ی دێسامبری ٢٠٢١)، سزای سێدارەی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامێران بە نهێنی و بە بێ ئەوەی مافی دواهەمین چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبێت، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا. ناوبراو کاتژمێر ١١ی شەوی ڕابردوو گوازرابوویەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی قوربانی لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: کاتژمێر ٥ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ زەنگیان داوە و وتوویانە کە حەیدەر بەڕێ دەکەین بۆ تاران، وەرن چاوتان پێبکەوێت و کاتێک ڕۆشتووین ئێمەیان بردووەتە گۆڕستانی سنە و وتوویانە حەیدەر لەسێدارە دراوە و ئەمە گۆڕەکەیە و تەنانەت ئیزنیان نەداوە کە تەرمەکەی ببینین.

پەیوەندییە گشتییەکانی دەزگای دادی پارێزگای سنە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەیندراوێک هەواڵی لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی بە فەرمی پشتڕاستکردووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حەسەن قوربانی برای حەیدەر قوربانی دوای ئەوەی بە نیسبەت جێبەجێکرانی سزای حەیدەر ناڕەزایەتی دەربڕیوە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

حەسەن قوربانی برای حەیدەر قوربانی پێشتر لەمبارەوە بە هەنگاوی وتبوو: “ئێمە بە پێی ماددەی ٤٧٧ داوامان لە دیوانی بەرز کردبوو کە سەپاندنی سزای سێدارە بە سەر حەیدەر قوربانی پێچەوانەی شەرع و پێجەوانەی یاسا بووە و ئەوانیش دۆسیەکەیان بە مەبەستی پێداچوونەوە گەڕاندبوویەوە بۆ دادگوستەری شاری سنە. من ڕۆژی دووشەممە ١٨ی گەلاوێژ چوومەتە دادگوستەری سنە و ئەوانیش وتوویانە ئێمە داواکاری ئێوەمان ڕەد کردووەتەوە و سزای لەسێدارە دانی حەیدەر قوربانی بۆ ناوەندی جێبەجێ کردنی سزاکان لەکامێران بەڕێ کراوە.

حەیدەر قوربانی کە رۆژی ٢٥ی رەزبەری ٢٧١٦( ١٦ی ئوکتوبری ٢٠١٦) لە گەڵ برایەکی خێزانیدا بە ناوی ” مەحموود سادقی” لە ماڵەکەیدا دەستبەسەر کرابوون، چەندین مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا و بە وتەی کەسە نزیکەکانیان لە ژێر توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و رۆحیدا بوون و لە ئاکامدا حەیدەر قوربانییان ناچار کرد کە لە کاناڵی ئینگلیزی زمانی پرێس تیڤی بە زۆرەملێ دانپێدانان بکات.

حەیدەر قوربانی مانگی ڕێبەندانی ٢٧١٩ (ژانویەی ٢٠٢١) لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی ە تۆمەتی “بەغی” و “هاوکاری و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” سزای سێدارەی بەسەردا سەپا و ئەم سزایە ٨ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ (٢٨ی ژانویه) بە فەرمی بەناو براو لە بەندیخانەی سنە ڕاگەیەندرا.

سزای سێدارەی حەیدەر قوربانی، ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٠)، لەلایەن لقی ٢٧ی دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە پەسەند کراوە و پارێزەرەکانی ئەو حوکمەیان بە بنەماڵەی ڕاگەیاندبوو.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە حەیدەر قوربانی ماوەی ٢٠ مانگ هیچ چەشنە پێوەندییەکی لە گەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە و چەند مانگ پاش ئەوەیەکە دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراو لە سەر تیڤی بڵاو بووە، بنەماڵەکەی بۆ یەکەم جار و ئەویش لە رێگای تەلەفوونەوە توانییان لە گەڵیدا قسە بکەن.

…..

گفتگو با صالح نیکبخت، وکیل حیدر قربانی، زندانی سیاسی کُرد اعدام شده٬ درباره‌ی جزییات اجرای حکم

datafixare

نویترین هەواڵ و بابەت