"an independent online kurdish website"

٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگە پیرۆزە

دوکتور حوسین خەلێقی کوڕی مەلا حەسەن یەکێک لە مامۆستا ئایینە بەناوبانگەکانی ناوچەی شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

لە ڕێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕی ساڵی ١٣١٥ هەتاوی (١٩٣٦ ز) لە گوندێکی خۆش ئاوهەوا و شاخاویی پڕ لە باخی میوە و پڕدیمەن بە ناوی (سەرچی) لە دایک بووە. ئەو کات لە شارو گوندەکانی کوردستان بەدەگمەن فێرگەی نوێ دامەزرابوو. هەر بۆیە لە تەمەنی  ٦ ساڵیدا لە تاقە فێرگە ئاینیەکەی گوندەکەی دا کە باوکی  مامۆستای بوو، ملی لە ملی خوێندنی پیتە عەرەبیەکان ناو چوو بەگژ سەختترین دەقی ئەدەبی عەرەبی واتە قورئان دا!

گشت هەلومەرجەکان ڕێخۆشکەری درێژەدان بە ڕچەی زانیارییە ئیسلامیەکان بوون و پاش ١٧ ساڵ خەریک بوون و بەناو کۆتایی پێهێنانی لەلەی دیاریکراو، بۆی دەرکەوت کە ئەوەی فێری بووە لە چاو زانست و زانیارییەکانی چەرخی بیستەم، قەترە بەدەریایە. چونکە لەو فێرگەدا هەواڵێک لە زانستە سرووشتیەکان وەک فیزیک، کیمیا، ماتەماتیک، گیانلەبەر ناسی، ئەستێرەناسی و هیتر نەبوو، بێجگە لە ژیربێژی (مەنتق)، ئەرەستوویی و هێندێک باسی یاسا و ئەخلاق، قوتابی و مامۆستا قەرەیان لە قەرەی زانستە ئینسانیەکانی تر وەک ژیربێژی، زانستی فەلسەفە، مێژوو، کۆمەڵناسی، دەروونناسی، هونەر و جوگرافیا نەدەدا. بەم جۆرە ناوبراو هەستی بە کەمایەسی زۆر دەکرد و تێدەکۆشا ئەگەر بگونجێ ئەو هەژاریە، چارەسەر بکا.

ئەو کات لە تاران بە وەرگرتنی ئەزموونێکی سەختی بەرنامەی دیپلۆمی ئەدەبی، یەکجێ بەڵگەنامەیەکی وەهایان بەسەر کەوتوان دەدا. لە ساڵی ١٩٥٠ ز. لەو ئەزموونەدا سەردەکەوێ و دەچێتە دەوروبەری تاران و دەبێتە مامۆستای فێرگەی سەرەتایی. کات و شوێن و ئەوین بەفێر بوون هانی دەدەن و خۆی دەخزێنێتە زانکۆی تارانەوە. پاش وەرگرتنی بەڵگە نامەیەک بەناوی (فوق دیپلم) لە هێڵی فەلسەفەدا دەبێتە خوێندکاری زانکۆ.  لە ساڵی ١٩٥٥ ز. (لیسانس)ی فەلسەفە وەردەگرێ و نامەی لیسانسەکەی لە ژێر سەردێڕی: (ابن رشد و فەلسەفە و ژیانی) پێشکەش دەکا.  بەم جۆرە یەکەم نووسراوەی ڕەخنەلێگیراو و ڕاسو ڕێسکراوی، پەسەند دەکرێ. لەگەڵ درێژەدان بە وانەگوتنەوە لە (شاری ڕی) وبوون بە مامۆستای فێرگەی ناوەندی و دواناوەندی بیری درێژەدان بە فێربوون، دەست لە یەخەی ناکاتەوە. دوای ساڵێک لە ئەزموونی (فوق لیسانس) یان ماجیستێردا بەشداریی دەکا و بە نووسینی نووسراوەیەک بە ناوی (هەڵسەنگاندنێک لە نێوان گومانی زانستی غەزالی و دیکارت)دا و بەتێپەڕکردنی دەورەکە لە ساڵی ١٩٥٨ز. دا، ئەو بەڵگەنامەیەش وەردەگرێ و دەتوانێ شوێنی خزمەتی بگۆڕێ و بچێتە شاری تاران و لەفێرگە گەورەکانی تاران دا وانە بێژێتەوە.

هۆشیاربوونەوەو هەستکردنی بە ملهووری دەسەڵاتی پاشایەتی و بەشداریی لە هەڵسوکەوتەکانی دژ بە ڕژیم و دژواریی ژیان و خەمی نانی ماڵ و خێزان نابنە لەمپەری درێژەدان بە خوێندن. لە ئەزموونی دەورەی دوکتورای فەلسەفەدا بەشداری دەکاو پاش تێپەڕکردنی دەورەکە لە ساڵی ١٩٧١ز. دا پلەی دوکتورا لە فەلسەفەدا وەردەگرێ. تێزی دوکتوراکەی کە لە ژێر ناوی (ئافرینش و نەزەر فیلسوفان ئیسلامی در بارەی ان) نووسراوە، دوای ٣ ساڵ لە هەزار بەرگدا چاپ و بڵاو دەبێتەوە.

لە ئەزموونی وەرگرتنی مامۆستا بۆ زانکۆی تەورێزدا بەشداری دەکا و سەردەکەوێ. لەو ڕێکەوتەوە وەک مامۆستا لەو زانکۆیە بە وانەگوتنەوە لە هێڵی فەلسەفە و کۆمەڵناسی و مێژووی فەلسەفەی ئیسلام و مێژووی زانستەکان و لقی مێتودۆلووژی درێژە دەدا.

بۆ ئەوەی توانایی زۆرتر وەدەست بێنێ، بەشەونوخنی و تێکۆشانی زۆر چەند جزمی  دەرسی بە ناوەکانی (مفاهیم اساسی فلسفە، مێتودۆلووژی، حکمت اشراق، تاریخ فلسفە اسلام، تاریخ علوم، سهروردی و حکمت اشراق، مکتب اشراق) لە گۆڤاری ئەدەبیاتی زانکۆدا  نووسی و لە چەند کۆنگرەی لێکۆڵینەوە ئێرانی و کونگرەی هەزارەی فارابی دا بەشداری کرد و نامیلکەی (تریقتها و نزامهای عرفانی در مناتق کردنسین و فارابی و تمدن اسلامی، تاثیر فارابی بر فرهنگ و تمدن اسلامی، در شرح حال و دیدگاە مولوی کرد) نووسی و چاپ کران. زۆری پێنەچوو رسالەی (اعتماد الحکما)ی سوورە بەردی کوردی وەرگێڕایە سەر زمانی فارسی و چاپ کرا. لەو ناوەدا چوارنامیلکەی تری نووسی کە تاکو ئێستا چاپ نەکراون. لە گەرماو گەرمی خەباتی گەلانی ئێران دژ بە دەسەڵاتی نگریسی شادا، مامۆستا خەلێقی شان بە شانی ڕووناکبیرانی هۆشیار، چالاکی بەرچاوی نیشان داوە لە بەر نووسینی نامیلکەی (تریقەت یا نیزامهکانی عرفانی در مناتق کوردنشین) لە لایەن شێخەکانی نەقشبەندییەوە سکاڵای لێکراو و ساواک دایە بەر ڕەنەو گازندە کە ئەگەر سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران وەفریای نەکەوتبایە، ژینی لێ تاڵ دەبوو.

لە ماوەی ململانێ لەگەڵ ڕیژیمی شادا، مامۆستا لەگەڵ هاوڕێیانی (ئەنجومەنی کوردی دانیشتوانی ئازەربایجانی)ی پێکهێنا و لە چەند کۆبوونەوەی گشتی دا کە پێکیان هێنا، ژێردەستی و مافخوازیی نەتەوەی کوردیان خستە بەرباس و فەرهەنگی کوردیان بە کۆمەڵانی خەڵک ناساند.

دوای سەرکەوتنی شۆڕش و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ڕاگەیاندنی جیهاد دژ بە شۆڕشگێڕانی گەلی کورد لە لایەن حکوومەتەوە، مامۆستا بە بیانووی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کەوتەبەر پەلاماری کومیتەچییەکانی تەورێزو لە ترسی کوشتنی بەناڕەوا، لەگەڵ ماڵ و مناڵ و زانکۆ و خوێندکارانی ماڵ ئاوایی کرد و نزیکەی مانگێک لە شارەکانی ئێران دا بە نهێنی ژیاوە. لەو ماوەدا جارێک چاوی بە خومەینی کەوت و سەبارەت بە بە شەڕی کوردستان (شەڕی سێ مانگە وتووێژی لەگەڵ کرد وە و ئاکامێکی نەبوو. دوای ماوەیەک سەرگەردانی و بارکردنی کەلوپەلی ماڵی لە لایەن دۆستەکانیەوە بۆ سنە، شەوێک بە دزییەوە خۆی گەیاندەوە ئەو شارە و تا دەستپێکردنی سەرەتای ساڵی خوێندن لە ماڵی باوکی مایەوە. لەبەر ئەوە خۆشی نەقڵی زانکۆی سنە کردبوو.

سەرەڕای مەترسی لە وەدەرکەوتنی، ڕۆژی کردنەوەی زانکۆ خۆی گەیاندە ئەو شوێنەو ملی لە ملی وانەوتنەوە نایەوە. ئەو کات شەڕ لە کوردستان بەردەوام بوو هێزەکانی ڕیژیم بەتایبەت لەبەشی باشووری کوردستاندا بە نیشاندانی هەڵسوکەوتی تایبەتی، دەسەڵاتیان بە سەر خەڵکدا دەسەپاند.

لە کاتێکدا پێش هەڵاتنی لە تەورێز بڕیاری گرتن و کوشتنیان دابوو، بێ ئەوەی لەوە بترسێ لە سنە وە دوای دەکەون و لە گرتووخانەی دەئاخنێنن و دەیکۆژن، ژیانی مامۆستایی درێژەدا. بەکرێگیراوانی ڕێژیم لەو ماوەدا و تاکو کۆتایی شەڕی سێ مانگە بەسەرکەوتنی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان خستیانە ژێر تانەو توانج و هەڕەشەو گوڕەشەوە، بەڵام ملی بۆ دانەنەواندن و بە نیشاندانی دژکردەوەو باس لەسەر ڕەوابوونی خەبات بۆ وەدەست هێنانی مافی پێشێلکراو، ئەرکی خۆی بەئەنجام دەگەیاند.

لە هاتووچۆی کۆڕی تایبەتی حکوومەتی کاتی ئەندازیار بازرگان دا بۆ ناو وتووێژو چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد دا، لە ڕاگەیاندنی ویست و داخوازە ڕەواکانی نەتەوەکەمان دا، چالاکی نیشان دا. دوای ڕووداوی هێرشی پاسدارەکان لە سنە و کوشتنی ٤ مرۆڤی بێتاوان و داوای خەڵک بۆ لێکۆڵینەوە و گوێ نەدانی دەوڵەت و مانگرتنی خەلک و ڕێکخراوە سیاسیەکان مامۆستا خەلێقی لە بەڕێوەبردن و باس و خواس و درێژەدان بە مانگرتنەکەدا، دەوری تایبەتی هەبوو. هەر بۆیە سەربازخانەی سنە لە ڕێکەوتی دەست پێکردنەوەی شەڕی ٢٨ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٩هەتاویدا واتە ساڵی ١٩٨٠ز.دا، بڕیاری کوشتنی مامۆستایان داوە و بەناچار لە گرمەی ئەو شەڕە نابەرانبەرەدا لە ١١ی بانەمەڕی ئەو ساڵەدا چارەنووسی خۆی بە چارەنووسی شۆڕشگێڕانی نەتەوەکەیەوە گرێ دا و لە پلە و کارو ماڵ و مناڵ و بنەماڵەی ماڵ  ئاوایی کرد و لە دەرەوەی شاری سنە بۆ لەقاودانی ستەمی بەناو کۆماری ئیسلامی وەگەڕ کەوت.

ماوەی ١٥ ساڵ لەگەڵ خەباتگێڕانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە گوند و شاخ و بەندەنەکانی کوردستان بە پێی توانا، ئەرکی خۆی بە ئەنجام گەیاند. لەو ماوەدا بێجگە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکی ڕێکخراوەیی جارێکی تر بە تێکۆشانی فەرهەنگی گەڕایەوە بۆ دۆخی کۆنەهەواری مامۆستایی و لە وەرگێڕانی کتێبی (جیایی) دوکتور مستەفا زەڵمی لە ٧٠٠ لاپەڕەدفا لە عەرەبیەوە بۆ سەر زمانی کوردی، ملی لە ملی دانان و وەرگێڕانی کتێبان ناو تاکو ٢٨ی ژوییەی ساڵی ١٩٩٤ کە بە هۆی نەخۆشی و ماندوویەتی توانابڕو لە ژێر تەوژمی ٥ مانگدا تۆپ و بومبارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دا، لەگەڵ خێزانەکەی خۆیان گەیاندە وڵاتی سوید، سەرجەم لەو شاخەو لەو بارە نالەبارەی ژیانی پڕ لە مەترسی دا ٧ کتێبی بەم ناوانە بە کتێبخانەی کوردستان پێشکەش کرد.

  • جیایی دوو بەرگ
  • کۆمەڵناسی کوردەواری ٢ بەرگ
  • فەلسەفە و کۆمەڵ
  • بناخە گشتییەکانی کۆمەڵناسی کە لە سوید چاپ کراوە
  • مێژووی سەدەکانی ناوەڕاست لە سوید چاپ کراوە
  • فێرکردنی فەلسەفەی زانستی
  • فەلسەفە بە زمانی ساکار
  • داستانی مافی مرۆڤ، چاپی سوید
  • بناخەکانی ڕێبازی شۆڕشگێڕی، چاپی سوید

هەڵبەتە نازانم سەرجەمی بەرهەمەکانی ناوبراو چەند، ئەوەی دەزانم چواربەرگی ژیاننامەی خۆی نووسیووە. ئەوەی کە جگە لە سەرەوە باسم کرد،لە کتێبخانەی مندا ئەمانەش ئەمانەن:

  • پرسیارو وەڵام، چاپی سوید ٢٠٠٤
  • ئیسلام و دیموکراسی، مافی مرۆڤ، چاپی سوید ٢٠١٠
  • ئایینی یاری، چاپی سوید ٢٠١٢
  • شێوەی سەرهەڵدانی ئایینی ئیسلام (قەشەو پەیامبەر) نووسینی ئەبوو مووسا ئەلحریری، وەرگێڕانی د. خەلێقی بۆ سەر زمانی کوردی

سەرەرای ئەم بەرهەمانەش لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان زۆر وتاری نووسیووەو چاپ و بەڵاو کراونەتەوە. ئەوەشم لەبیر نەچێ کە لە ڕادیۆی کوردستان لە ستۆکهۆڵم کارم دەکرد وتاری هەفتانەی ڕادیۆکە بەڕێز دوکتور دەینووسی. هیوای تەمەن درێژی بۆ بەڕێزیان هیوامانە…

حەمید تەیموری

datafixare

نویترین هەواڵ و بابەت