"an independent online kurdish website

لە غوربەتی پڕ لە تراویلکەی بەختەوەری لە نێوان شەڕی چارەنووسی هەتاو و  ئەنگوستە چاودا، لە ژێر ڕەهێڵەی ئازادیی و بەناوی مرۆڤایەتییەوە لە داڵانی تەنگەبەری مێترۆ و

شەمەندەفەری تیژ و پڕتاو لە سەهۆڵبەندانی وڵاتێکی سارد و لاسار دوور لە خەڵک و تەنیا پێنووسێک و لێنووسێک بە لەرینەوە، تاراوی بیرێکی چڵکنی ویشوومە و هزرێکی کەونی پەست و بەڵایەکی ئاسمانی بە ژانێکی قەتیس ماو لە هەناوی وڵات دەستەڵاتێکی نگریسی قیزەون، لە سەرماوەزی ڕۆژێکی پڕلە گرین و شایی دەستەخوشکی هەموو ئەو ڕۆژانەی بەرز و ڕاوەستاو دەستی نیزامییەک بەڕێزەوە دەچتە سەرگوێ دەبمە خرمەی چەکێکی دوورهاوێژی ڕۆژئاوا و جەستەی تەزیوم لە شەقەی باڵ دەدا و بەبێ هیچ بانگهێشتێک و بێ ڤیزا و بێ تکایەک هەتا چاوهەتەرکا فڕین و فڕین و “چیا” بگرە ئەو شوێنەی پشت و پەنا و هێلانەمە. ئەو چیا و پێدەشتانەی گەرمێن و کوێستان کە بە هەناسەی “تۆ” سەری سپی و سینگی کەسکیان لەپەنا ڕەوەز و کانی و جۆگەلە و شەتاو بەبەژنی باڵا و کز و ڕەقەڵەی سەرتاسەر فیشەکدان و ڕەخت لە بن گوێنی و بنچک و دەوەن و بەن و گەزۆ و بەڕوو و بۆنی بیزا و کوڕادە و کەرکۆڵ و ئاخ و خاکی نیشتمان دا ئۆقرەیان گرتووە جەستەیەکی بەسام و نەبەزیو لەشەوانە تریفەیەک دەدا مانگ بەو چاوانەی ڕوو لەئەستێرەکانە و بە ڕۆژ شنەیەک دەچڕێ بە پشووی هەڵماڵاوی کەمین و عەمەلیاتی ئەهریمەن. خرخاڵی ناسک خەیاڵی تەژی لە تاسە و بوێری پووزەوانەیە و ملوانکەی گەردەنی ڕاکێشراوی فیشکەدانی ئاگر و سینگی نارنجۆک، دوژمنان دەتاسێنێ ئەو کەزییە هۆنراوەی ئاماڵ زەردی تەوارێک، تەنافی سێدارەی ناحەزان گرێ دەدا و بە قاسپەی دەنگی سروودی “سەرکەوتن تا نەسرەوتن” دەڵێتەوە و دەنگێکی بەگوڕ پڕ لە تاسە و ئاشناش گوڵە شلێرە و سوێسن و بەیبوون دەکاتە دیاری و بەختی خۆشی ئەو شەهیدەی بێ کفن و دفن بەبەرگی خاکی و پشتێندی ڕەش و پێڵاوی سپی و جامانەوە لەژێر داوێنی نیشتمان لە بەر جادە و سەرترۆپک و پەنا کانی و لەناو ئەشکەوت و بن بەرد و سەر گرد و لای چاک و پاک دەنێژرێ و دەنگێکی ناسک و خەیاڵاوی سروودێکی بۆ دەچڕێ دەنگێکی تیژ بۆ “ئەو” و نەرم بۆ “تۆ”، هەموو گابەردەکان پاڵ پیوەدەنێ، سەری گڕکانی ئاگری هەڵدەگرێ و قەندیل دەکاتە کڕێوە و گێژەڵۆکەیەکی تووشی بەفراوی و شاهۆ وەک هەڵۆ بەگژی دادەدا. بەدوای خوێناویی قەتماغە بەستوو لەژێر ئاژێری خیزەڵانی بەڕوو چرۆیەک چووکەرە دەکا دەبێتە گوڵ و دەچێتە بەرگی “دۆنادۆن” وەک گڵ و هەتاو، هەنگ و گوڵ بەردەوام و بێ پسانەوە چەک دەگرێ و بەرەو خۆر هەنگاو دەنێ. “تۆ” ئەومرۆڤەی بیرت قەڵغان و جەستەت لەمپەڕ و چەکت بەرگریکاری گەلە، لە سەرما و زوخم و چلوورەی بەستەڵەکی ڕێبەندانەوە لەپەنا بەرد و ژێرحەرز دەستت کۆلکە و پێت ڕەقی بەستوو بەڵام سەرت بەرز و دڵت گەرمیی پاناو، لە وەرزی گەرمیی ناوچە کۆڵەپشتیت پڕ لە گێلاس و کتێب و وێنە و نامەی ئەوین بە دڵێکی ئۆقرەنەگرتوو ترپەی دەگاتە شار و بەرلە “ئەو” دەبێتە ترس بۆ دوژمنان و خەونێکی خۆش بۆ هەیاران.

“تۆ” ئەو باوەڕە بەرزەی لە چوارچراوە بەیداخی شۆڕش و ئازادیت لەسەر هەموو دوند و سەرچیا و ترۆپک و کەڤری شەکاوە ڕاگرت و ڕوحی شیرنی خۆت فیدای ئاڵا و نیشتمان، گەل لە هەموو وەرزەکان هەموو مانگ و ڕۆژ و دەمژمێر و خولەک و چرکەیەک نەک هەر لە سەرماوەزی تووشی شیاوی پێشەوا وەک ڕووگەیەک دەست لەسەر سینگ سروودی “ئەی ڕەقیب” دەڵێنەوە. سامیی ناوت بەرگ و چەکت ئاڵبۆمی وێنەیەکی دوورە لە خەباتێکی سەختی بێ بەزە لە شەوە ئەنگوستەچاوەکاندا لە شەڕگەی خوێناوی بەکۆڵی شلکی شەهیدەوە بە بزەی سەرکەوتن و ئازاری برینێکی هەتا مەرگ ژان و ژان و ژان دەکولێتەوە ئەو بیرەوەرییانەی هاوڕێ و هاوسەنگەر کوڵی دڵی خۆیان بە گەل و نیشتمان دادەمرکێ و شەوقی شۆخی شەوارەی چاوەکانت لە شاردا ئەستێرە و لە ئاواییا ئاوێتەی خۆشەویستی و دلۆڤانی خەڵکێکی هەتاسەر جوان دەبێتەوە، ئەو دەمانەی ناوی بەرزت وەک سروودێک و پەیام و درووشم و حەزی پڕ لە شانازی دێتە سەر لێوان جیهانی سڕ و کڕ و ماتی بەرژەوەندی دێتە گۆ دەچێتە سەر چۆک و ڕادەمێنیت لە غیرەت و شەهامەتی و گەورەیی ئەو ئاشنایەی ماچی ژیان دەکا و بۆ شایی گەل سەرچۆپی مەرگ دەگرێ هەتا بەختەوەر بێ ئەو کۆرپەیەی لەبێشکەی ساوای ڕاژاندن دا بە زانست و نیشتمان پەروەردە بێ هەتا سەنگەر ئاوەدان بێ.

“تۆ” ئەو هێما و شوناسە نەتەوەییەی نە خامە باشاڕت دێ و نە وێنەیەک و قالبێک هەڵدەتگرێ هەتا لەسەر تاخچەی ژووری ماڵە شەهیدێک و خوشکێکی دڵ بەکوڵ ڕوندکی شانازیت بۆ هەڵوەرێنێ و نە ڕۆمان و هەقایەت و چیرۆک ئەوەندە کەمە دەبییە ئەفسانە و لەسەر شاباڵی تیژی هەڵۆ پەیکەرێک لەسەر “زێئووس” ڕۆدەنێی و دەبییە خواوەندی ئاسمان و لەسەر زەوی فەرماندەری بیر و هزری هەست و نەستی کۆمەڵگادا و لە دڵی هەموو تاکێک بە قەڵەمی کۆکەن داتاشراویی و ناوی بەرزت ڕووگەی ئارامی چڵکنان دەشێوێنێ و هەتا مەرگ هەیە ئەزموونی دەکەی و قەت جارێک چۆک دانادەی، نە ڕەنگەکان ئەوەندە هەن نیگارکێشێک دیمەنی سەختی شەڕ و بەرگریت وێنا بکات و نە مۆسیقایەک لەبەر گەورەیی ناوت ژێ دەپسێنێ.

لێرەوە لە شەقامە چۆل و بێکەسییەکانمدا لە ماڵێکی ئاماڵ وێرانی بێکەس و شەیدا، ئەوینی چەک و ناوی “پێشمەرگە” ئۆقرەم لێ هەڵدەگرێ و دەپەڕمەوە ئەوبەری نێوڕووبار و دادەگژێمەوە سەر پەڕەکان و خواوەندەکانی تاریکایی و دێوەزمەی شەوی پێ دەتۆقێنم، ناوت دەکەم بە چرا و شەوەزەنگ دەشکێنم و خەباتت دەکەم بە ڕێنوێن و ئازادیی پێ دەستێنم.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی