"an independent online kurdish website

کۆڕو کۆمەڵە جیهانییەکان!

ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ!

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

لە پەلامارێکی سەرکوتکەرانەی دام و دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم بۆ سەر چالاکانی مەدەنی له کوردستان‌، به دەیان کەس دەستبەسەر و ڕاپێچی ناوەندە ئەمنیەتییەکان کران. لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ خەزەڵوەری ١٤٠٠ هەتاوییەوە تا ئێستا 33 کەس لە چالاکانی مەدەنی کە زۆربەیان چالاکی فەرهەنگی و ژینگەپارێزن، لە شارەکانی بانە، مەریوان و سەقز لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی پاڕێزگای سنەوە دەستبەسەر و ڕاپێچی ئیدارەی ئیتلاعتی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە شاری سنە کراون.

ئەم شەپۆلە نوێیە لە ڕەشبگیریی چالاکانی مەدەنی لە کوردستان کە هاوکاتە لە گەڵ ئاڵوگۆڕی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ناوەندە ئەمنیەتییەکان و بەرپرسانی ئەم ڕێژیمە دوای دەستبەکاربوونی دەوڵەتی رەئیسی، دەرخەر و سەلمێنەری دوژمنایەتیی لەبڕانەهاتووی ئەم نیزامە لە گەڵ خاک و خەڵکی کوردستانە.

دەوڵەتی تازە خۆسەپێن کە لە ئێستادا بە دەیان قەیرانی چارەسەرنەکراوی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و پێوەندیدار بە ژیان وگوزەرانی خەڵکی وڵاتی لە ئەستۆیە و لە ئاستی نیوونەتەوەیی‌ و ناوچەکەدا لە هەمیشە گۆشەگیرتره و لە گەڵ رق و بێزاریی پەنگخواردووی خەڵکی وڵات بەرەوڕوویە، بەم پەلامارەی بۆ سەر چالاکانی مەدەنی لە کوردستان، خەریکە هێزی خۆی بەرانبەر بە خەڵک بە تاقی دەکاتەوە. غافڵ لەوەیکە دەوڵەتانی پێش ئەو و، ئەم ڕێژیمە لە تەواویەتی خۆی‌دا زیاتر لە چل ساڵە هێزی سەرکوت ودوژمنایەتیی خۆیان لە سەر خەڵکی کوردستان تاقی دەکەنەوە و جیا لە پەرەسەندنی ڕق و بێزاریی خەڵک و لەسەرپێمانەوەی ئەم نەتەوە مافخوازه بەرهەمێکیان نەچنیوەتەوە.

پەلاماری هێزە سەرکوتکەرە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نیوەی دووهەمی خەزەڵوەری ئەمساڵ‌دا لە کاتێک دایە کە دادگایەکی نێونەتەوەیی لە وڵاتی بریتانیا وێڕای ئامادەبوونی سەدان شاهید و قوربانیی دەستی چاڵەڕەشەکانی ئەم ڕێژیمە، لێکۆڵینەوە لە جەنایەتەکانی ڕێژیم دەرحەق بە خۆپێشاندەرانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی دەکات.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکومکردنی ئەم شەپۆلە لە ڕەشبگیریی چالاکانی مەدەنیی کوردستان، داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکان و ناوەندەکانی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و هەروەها کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات، بەرانبەر بەم سەرکوتکاریانەی ڕێژیم و چارەنووسی چالاکانی دەستبەسەرکراوی کورد بێ‌هەڵوێست نەبن. هەروەها لەم دەرفەتەدا وێڕای هیواخواستن بۆ بەروپێشچوونی کارەکانی دادگای نێونەتەوەیی لەندەن کە بە دادگای ئابان ناسراوە و دەرچوونی بڕێارێکی ئازایانە و دادپەروەرانە، ئاواتەخوازین لە وەها دادگایەک دا ڕاشکاوانە بڕیاردەرانی سەرکوت و کوشتاری خەڵکی کوردستان دادگایی و بە سزای جینایەتەکانیان بگەن و لەبەرانبەر ئەم جینایەتانەی رێژیم بێ هەڵوێست نەبن.

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٠

١٤ی نوامبری ٢٠٢١

****

هەنگاو: لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە شارەکانی سەقز، بانە و مەریوان، هاووڵاتییەکی دیکە لە مەریوان دەستبەسەر کرا.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٢ی خەزەڵوەەری ٢٧٢١ (١٣ی نۆڤەمبەر ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان هاووڵاتییەکیان بە ناوی “عەبدوڕەحمان ئەشتەک” خەڵکی گوندی نێ دەستبەسەر کردووە.

شەوی ڕابردوو ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (١٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١)لانیکەم پێنج کەسی دیکە بە ناوەکانی محەمەد ئەحمەدی، فەرید درەخشانی، کەیوان مینوویی، ئیدریس بەهرامیان و عەبدوڕەحمان ئەفشار” هەر لەگوندی نێ و لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کرابوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گوندی نێ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات خانووی ئەم کەسانەیان پشکنیوە و لە کاتی دەستبەسەرکران ئەشکەنجە و ئازار دراون و بێ رێزی بە بنەماڵەکانیان کراوە.

تا کاتی نووسینەوەی ئەم هەواڵە هۆکارەکانی دەستبەسەرکرانی ئەم شەش هاووڵاتییە و ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیان نەزانراوە. ئەم کەسانە دوای دەستبەسەرکران بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گوازراونەتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ئیوارەی ڕۆژی پێنج شەممەوە هەتا ئەمڕۆ لانیکەم ٢٨ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی سەقز، بانە و مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

***

هەنگاو: لە ڕەوتی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە شاری بانە نزیک بە ٢٠ کەس لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و دەیان هاووڵاتیی دیکەش ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی ڕابردوو ٢٠ خەزەڵوەری ٢٧٢١ (١١ی نۆڤەمبری ٢٠٢١) ڕاپۆرتێکی لەسەر دەستبەسەرکرانی لانیکەم ١٨ هاووڵاتی لە شاری بانە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بڵاو کردەوە و لە دوایی بەدواداچوونی زیاتر تا ئێستا ناسنامەی ١٤ کەس لە دەستبەسەرکراوان بە شێوەی خوارەوە بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە؛

سەلاح پزیشکی، ڕەفێق پزیشکی، مەناف پزیشکی (وەفا) ، بێهزاد پزیشکی، کەریم پزیشکی، ئەبوبەکر پزیشکی، ئەحمەد پزیشکی، فەرهاد پزیشکی، فەرزاد پزیشکی، ئەرسەلان پزیشکی، کامران پزیشکی، جەماڵ موروەتی و عوسمان محەمەدپور.

هەنگاو ئاگادار بووە کە سەلاح، مەناف و ڕەفێق برای یەکترین و هەروەها کەریم و ئەبوبەکریش برا و ئامۆزای سێ کەسەکەی دیکەن.

هەنگاو، شەوی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات چەندین ئۆتومبیلی مانگی سووری بانەیان بەکارهێناوە و هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندەکانی “چۆمان، کەوپێچ، نەمەشێر و نجنێ” و دەستیان داوەتە دەستبەسەرکرانی بەربڵاوی خەڵک و هەروەها بنەماڵەی ئەم کەسانەیان داوەتە بەر لێدان و بێڕێزی پێ کردن.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو، دەیان هاووڵاتی خەڵکی بانە شەوی ڕابردوو لە ترسی دەستبەسەرکران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە ماڵی و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە، یەکێک لەم هاووڵاتییانە کە دانیشتووی یەکێک لەو گوندانەیە کە لەسەرەوە ئاماژەی پێدراوە،  شەوی ڕابردوو لە شاخەکانی نزیک لە گوندی خۆیان بووە و لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند هێزە ئەمنییەکان بۆ دۆزینەوەی ئەم کەسانە کەڵکیان لە فرۆکەی بێ فرۆکەوان وەرگرتووە.

شایانی باسە کە بەشێک لە کەناڵە خۆجێیەکان ڕایانگەیاندووە سەعید قادری و ئیبراهیم قادری دەسبەسەرکراون کە دوای بەدواداچوونەکانی هەنگاو دەرکەوت ئەم دوو کەسە دەستبەسەر نەکراون.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی