"an independent online kurdish website

لارا ئه‌بوبه‌کر ره‌شید په‌‌رتوکێکی نووسیو‌وه به زمانی نۆرویژی و له ساڵی ٢٠٢١ زاینی چاپ کراوه. په‌رتوکه‌که‌ ٢٧٦ لاپه‌ره‌یه و به کوالیتی باش و به‌رگی ره‌ق چاپ کراوه‌.

ئه‌و خاتونه ته‌مه‌نی چوار ساڵ بووه که له‌ باشوری کوردستانه‌وه له گه‌ڵ دایک و باوکی (خاتو به‌یان و کاک ئه‌بوبه‌کر) و خوشکی “بانو” و براکه‌ی ” عه‌لی ” هاتونه وڵاتی نۆرویژ. باسی ژیانی باپیر و باوک و دایکی ده‌کات له باشوری کورستان له شار‌‌ه‌کانی که‌رکوک، چه‌مچه‌ماڵ و هه‌ولێر. ده‌سه‌ڵاتی دیاکتاتۆری ” سه‌دام حوسێن ” له باشوری کوردستان باس ده‌کات. هه‌روه‌ها خه‌باتی باوکی “ئه‌بوبه‌کر” و مامی “حه‌مه” به دژی رژێمی سه‌دام و زیندانی کردن و ئه‌شکه‌نجه‌یان روون ده‌کاته‌وه.

” سه‌دام حوسێن”که چۆن و به چی شێوه‌یه‌کی دراندانه “هه‌ڵەبجه‌” ی به چه‌کی کیمایی بۆمباران کرد و ٥٠٠٠ هه‌زار که‌سی بێ تاوان شه‌هید کران. رژێمی ئێراق به سه‌رۆکایه‌تی “سه‌دام حوسێن” ١٨٠٠٠٠ کوردی به ناوی “ئه‌نفاڵ” بێ سه‌رو شوێن کرد.

شه‌ری  “سه‌دام حوسێن” و رژێمی ئێران ” خومه‌ینی” که هه‌شت ساڵی ته‌واوی خایاند و هه‌زارن کوشتن و بریندار و گرتنی لێکه‌وته‌وه. ‌‌هێرش کردنی رژێمی “سه‌دام حوسێن” بۆ سه‌ر وڵاتی “کوێت”. شه‌ڕی “جۆرج بوش” به دژی “سه‌دام حوسێن” هه‌مووی باس کراون له په‌رتوکه‌که‌ی.

شه‌ری ناوخۆی باشوری کوردستان له سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کورسی و پله و پایه، که سه‌دان کوشتن و ماڵ وێرانی و گرتن و زیندانی لێکه‌وته‌وه‌و په‌‌ڵه‌یه‌کی ره‌ش و شومی له مێژووی کوردستان تۆمار کرد.

ئه‌و ماڵه به ده‌رده‌سه‌ری و سه‌ختی له رێگه‌ی “سوریا” ده‌بنه په‌نابه‌ر له وڵاتی نۆرویژ له ساڵی (١٩٩٩) ی زاینی. ماوه‌ی چه‌ند مانگێک له کامپه‌‌کانی “تراندوم”، “دیمارک”، ” نێسبیه‌ن‌” ژیان به‌ سه‌ر ده‌به‌ن. دوایی ئه‌وه‌ی که ئیقامه‌یان بۆ ده‌رچوو له شاری “نێس ئۆدن” نیشته‌ جێ بوون. لێره ده‌ستیان به ژیانێکی ئاسایی کردووه. منداڵه‌کان چوونه باغچه‌ی منداڵان و قوتابخانه. هه‌روه‌ها دایکی و باوکی به دوایی کار په‌یدا کردندا گه‌ران و کاریان ده‌ست کە‌وتووه. به‌ڵام ئه‌و شوێنه‌ی که پێیان وابوو. ئارامترین وڵاتی جیهانه، ده‌بێته مایه‌ی خه‌مێکی گەوره‌ و برینێکی قوڵ.  

خاتو” لارا “خۆی باسی له ژیان له نێوان دوو داب و نه‌ریتی کوردی و نۆرویژی کردووه.  

په‌رتوکه‌که پڕه له کاره‌ساتی تراژیدیا و به سه‌‌رهاتی ناخۆش. “بانو” کچی گه‌وره‌ی ئه‌و ماڵه بوو. ئه‌و له گه‌ڵ ‘لارا” خوشکی بچوکی ده‌بنه ئه‌ندامی چالاکی رێکخرای یه‌کیه‌تی لاوانی حیزبی “کرێکاران” له شاری ” نێس ئۆدن ” خاتو “بانۆ”  له کۆنگره‌دا وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌کیه‌تی لاوانی حیزبی “کرێکاران” له شار ‘ نێس ئۆدن ”  هه‌لده‌بژێدراێت.

هه‌موو ساڵێک له مانگی حه‌وت دا یه‌کیه‌تی لاوانی حیزبی “کرێکاران” له دۆڕگه‌ی “ئوت ئۆیه‌” له هه‌موو نۆرویژرا  بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێک له‌وێ له بن خێوه‌تان ده‌مێننه‌وه. له‌و ماوه‌دا چه‌ندین که‌سایه‌تی سیاسی حیزبی “کرێکاران” و نوێنه‌ری حیزبه سوسیال دێموکراته‌کانی وڵاتانی ئۆروپا به وتار و سیمینار و کۆنفراس به‌شداری ده‌که‌ن.

 

له رێکەوتی ٢٢/٧/٢٠١١ ی زاینی خاتو ‘بانو” و خاتو ‘لارا” به شدار بوون له کۆبوونه‌وه‌ی ‘ئوت ئۆیه”. له‌و رۆژه‌دا تیرۆریستی نژادپه‌رستی نۆرویژی” ئه‌ندێش بێهرینگ برێڤیک” به لیباسی پۆلیسیه‌وه به چه‌که‌وه ده‌چته ‘ئوت ئۆیه‌”. له وێ ده‌ست ده‌کات به تەقه‌ کردن و ٦٩ که‌س لە ئه‌ندامانی یه‌کیه‌تی لاوانی حیزبی “کرێکاران” ده‌کوژیت. هه‌روه‌ها خاتو ‘بانو” له گه‌ڵ ئه‌و کوژراوانه ده‌بێت. خاتو “لارا” به سه‌د ده‌رده‌سەری و ناخؤشی، خۆی له قه‌راغ ئه‌و دوورگه‌یه له گه‌ڵ چه‌ند که‌سی تر ده‌شاریته‌وه‌و له کوشتن رزگاری ده‌بێت. کوشتنی به ناحه‌قی خاتو “بانو” کاریگه‌ری زۆر ناخۆش و تراژێدی له سه‌ر ده‌روونی دایک و باوک و خوشک و براکه‌ی داده‌نێت. هه‌روەها ئه‌و نژادپرسته ” ئه‌ندێش بێهرینگ برێڤیک ” پێش هاتنی بۆ دوورگه‌ی ” ئوت ئۆیه ” خانوی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی حکومه‌تی نۆرویژ به بۆپ ده‌ته‌قینیته‌وه‌و ٨ که‌س گیانیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن، ئه‌و تێرۆریسته ٧٧ که‌سی به شێوه‌یه‌کی درندانه کوشتن.

١

خاتو “لارا” بریار ده‌دات که رێگای ئاوات و ئامانجی خوشکی “بانو” به‌ر نه‌دات. لارا له ساڵی ٢٠١١ له کۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی یه‌کیه‌تی لاوانی حیزبی “کرێکاران” له شاری ” نێس ئۆدن” وه‌ک به‌رێوه‌به‌ری یه‌کیه‌تی لاوان هه‌ڵبژێدرا. چاڵاکانه و لێهاتوانه ده‌ستی به چالاکی سیاسی کردووه‌و چه‌ندین پله‌ و پایه‌ و به‌رپرسیایه‌تی وه‌رگرتووه. ئه‌و دوایی ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تی و شه‌هید بوونی خوشکی له ژیاندا به‌رده‌وام ده‌بێت. ده‌ڵێن باشترین پاداشتی شه‌هیدان به‌رده‌وامدان به ڕێگایانه، به‌راستی خاتو “ڵارا” ئه‌و کاره‌ی کرد و ئاوات و ئامانجی شه‌هیدی گۆرغه‌ریبی خوشکی گه‌وره‌ی”بانو” به جێ گه‌یاند.

خاتو “لارا” له ساڵی ١٩٩٤ (ی) زاینی له باشوری کوردستان له دایک بووه. ته‌مه‌نی چوار ساڵ بووه که وه‌ک په‌نابه‌ر هاتونه وڵاتی “نۆرویژ”. خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناو‌ه‌ندی و دوایی ناوه‌ندی له نۆرویژ ته‌واو کردووه.  خوێندنی له باره‌ی ” سیاسه‌ت و په‌وه‌ندیه‌کانی” ده‌ره‌وه‌ی له زانکۆ له له‌نده‌ن وڵاتی ئینگلستان ته‌واو کردووه. له زانکۆی “ئۆسلۆمێت” له ولاتی نۆرویژ ده‌رسی رۆژنامه‌وانی ته‌واو کردووه. ئێستا وه‌ک رۆژنامه‌وان له رۆژنامه‌ی “ڤه‌ردنس گانگ” کار ده‌کات.

ئه‌و په‌رتوکه‌ی که به‌ناوی ” ده‌ستم بگره هه‌تا خه‌وم لێده‌که‌ویت” به زمانی نۆرویژی نووسیووه‌و زۆر په‌رتوکێکی باشه‌. من هه‌موو په‌رتوکه‌که‌م خوێنده‌وه و زۆر به زمانێکی پارا و باشی نووسیووه. ده‌ست خۆشی له خاتو “لارا” ده‌که‌م .

 

عوسمان که‌وکه‌بی‌شاد

شاری هامار/ نۆرویژ

رێکه‌وتی ٨/١٠/٢٠٢١

٢

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی