"an independent online kurdish website

لە میدیاکان بلاو بۆوە کە عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاندووە، زیادبوونی جموجۆڵی “گرووپە تیرۆریستییەکان” لە هەرێمی کوردستان جێگەی نیگەرانییە.

لێرەدا مەبەستی تێرۆریست شەمخانی  “گرووپە تیرۆریستییەکان” حیزبە کوردیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن کە بۆ ئازادی و مافی نەتەوەیی گەلی کورد خەبات دەکەن و داوای لە کازمی سەرۆک وەزیرانی عێڕاق کردوە کە چالاکی ئەم هێزانە رابگیرێ و بەزووترین کات چەک بکرێن و لە عێراق دەربکرێن.

کۆماری ئیسلامی رۆژی 07-09-2021 ئێران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی داو داوای لە خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە لە بارەگاکانیان دووربکەونەوە. دوای دوو رۆژ لە هۆشدارییەکە، ئێران دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی باڵەکایەتی و برادۆست کرد و لەم هێرشەی دا درۆنی خۆکوژی بەکار هێنا کە بە خۆشیەوە سەرکەوتوو نەبوو.

دواتر لە کاژێر 12:00ـی رۆژی هەینی 10-09-2021 و بۆ دووەم رۆژی لەسەر یەک تۆپخانەکانی سوپای پاسدارانی ئێران گوندی بەربزینیان-ی لە سنووری سیدەکان تۆپباران کرد.

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە سوپای پاسدارانی ئێران لە بەرزاییەکانی دۆڵمەیدانی قەزای شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆپخانەیەکی جێگیر کردووە و لەوێوە تۆپەکان ئاراستەی ناوچەکانی باشووری کوردستان دەکات. هێزێکی زۆریشی خزاندۆتە ناوچەکە.

هەروەها درەنگانی شەوی رابردوو (شەممە 11-09-2021)  تێرۆریستەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بە درۆنی خۆکوژ هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. دواتر دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، “هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجام دراوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.”

لە سەر ئەم هەواڵانە چەند بۆچوونی دۆستان لە فەیسبووک وەرگیراوە

….

جەمیل کولاهی: لە پەراوێزی ھێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی ھەولێر!

لەم ماوەیەدا چەند جار ھێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی ھەولێر، دەنگۆی دەرکردنی حیزبی رۆژھەڵاتیش ھەبوو، بەڵام لەم چەند رۆژەی رابردوو، رژیمی ئێران بە کردوە ھەڕەشەی کردوو و

 دوای ھەڕەشەکەش ھێرشی کرد، لە پڕێکدا دوێنێ شەو ھێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی ھەولێر و لە نەکاویشدا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا سەردانی تارانی کرد. شتێکی زەق کە لە کازمی داوا کراوە، دەرکردن و چەک کردنی حیزبەکانی رۆژھەڵاتە! بە پێی ھەواڵێک کە بڵاو کرایەوە کەیسی ئاو و کەیسی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری رژیم لە دانیشتنەکانی کازمی و بەرپرسانی ئێرانی ھاتۆتە ئاڕاوە.

لێرەدا پشت پەردەی ھێرش بۆ سەر ھەولێر زیاتر روون دەبێتەوە، فڕۆکەخانەی ھەولێر یەکێک لە دەروازەکانی پێوەندی باشوور بە دنیای دەرەوەیە، ئێران لە رێگەی گرووپە لایەنگرەکانی خۆیەوە ئەو ھێرشانە دەکات تا زەختێک پێک بێنێ و کەشەکە بۆ مامەڵە لە سەر حیزبی رۆژھەڵاتی لەبار بکات. ھاوکات ھێرش بۆ سەر سنوور، فڕۆکەخانەی ھەولێر، رۆشتنی کازمی بۆ تاران بە داواکاری ئەمنییەوە، ئەوەمان پێ دەڵێ مامەڵەیەک دەکرێ. کاتێک کازمی ناوی چارەسەی گرووپە چەکدارە لایەنگرەکانی ئێران لە عێراق دێنێتە ئاڕاوە، ئێرانیش کەیسی چەک کردنی حیزبەکانی رۆژھەڵات دێنێتە ئاڕاوە، واتە ئەو دوانە کۆکن لە سەر مامەڵەکە، دەمێنێتەوە حکومەتی ھەرێم، ئەو ھێرشانە بۆ سەر فڕۆکەخانەی ھەولێر ئاگادار کردنەوە ھەرێمە، ھەرێم ھەم لە باری سیاسی و ھەم لە باری ئابووریشەوە بەستراوەی بەغدایە، من پێموایە حکومەت ھەرێمیش توانای وڵامدانەوەی نیە و تەسلیمی ئەو مامەڵەیە دەبێ، رێئال پولێتیک دەڵێ لە نێوان بەغدا و ئێران و حیزبی رۆژھەڵاتی، باشوورییەکان بەغدا و ئێران ھەڵدەبژێرن. جا دەمێنێتەوە سەر حیزبەکانی رۆژھەڵات کە ئایا تەسلیمی ئەو مامەڵەیە دەبن یان نا!

ئەرسەلان یارئەحمەدی: عەلی شەمخانی، سەرۆکی شوورای باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئەمڕۆ لە چاوپێکەوتن لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: حیزبە کوردییەکان تێکدەری ئاسایشی سنوورەکانی هەر دوو وڵاتن و پێویستە هەرچی زووتر چەک بکرێن.

پێشتر وتبووم کشانەوە ئەمجارە لە چیاکان جیاواز دەبێ و تا سنووری چەککردن دەڕوات.

ئیبراهیم جەهانگیری: حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتاقی کردنەوەیەکی دژوار

 قەدەرێکە ڕێژیمی فاشیستی مەسەبی ئیران بەهانەی بە حکوومەتی هەریم گرتووە کە دەبێ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور وەدەر بنێن، دیارە هەموو لایەک دەزانن کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە چەند ساڵی رابردووو دا کەمترین مەترسیان بۆسەر حکوومەتی ئێران هەبووە ، جا ئێستا یان ڕەچاوی حکوومەتی هەرێمیان کردووە یان هەر بۆیان نەکراوە وەک پێشوو بەگژ ئەو ڕێژیمە دا بچنەوە، کە وایە ئەو ڕێژیمە بۆچی گوشاری لەرادەبەدەری خستۆتە سەر حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان تا حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێم وەدەر بنێن؟ بۆچی لە هەموو دیدارێک و چاوپێکەوتنێکدا دەگەڵ بەرپرسانی هەرێم وعێراق ئەو داوایە دێنێتە گۆڕێ.

 ئەوەی ڕوون وئاشکرایە ئێران لە هەموان زیاتر تەنانەت لە حکوومەتی عێڕاقیش زیاتر دژی حکوومەتی هەرێمە و ئەو قەوارەیەی بۆ تەحەمول ناکڕێ، نێوە نێوەش دیتوومانە کە پیلانگێڕێ و ترۆر و تەقینەوە و مووشەک ودەرۆنی بە هەدیە بۆ ناردوون و هەر دۆینێ بۆ چەندەمین جار ئیران بەدەستی گرووپەکانی سەر بە خۆی فرۆکەخانەی نیودەوڵەتی هەولێری بەر پەلامار دا. 

 ئەو کێشەیەی ئێستا ئێران بۆ حکوومەتی هەرێمی دروست کردووە بە بەهانەی بوونی هێزەکانی ڕۆژهەڵات بە دڵنیاییەوە هۆکارەکەی بوونی ئەو هێزانە نین کە وەک کوتم لە ئێستادا بە کردەوە بچووکترین مەترسیان بۆ سەر حکوومەتی ئیران نیە،  ئەو هێزانە نە عەمەلیاتی سەربازی و نە کەمین و نە هێڕش وپەلامەری هیچ بنکەیەکی سپا و هیزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیمیان داوەو، نە بەتەمای شتێکی واشن کە وایە ئامانجی ڕێژیم لەو کارە چیە.

 ئەو پیلانە گەورەترین مەترسیە بۆ سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئێران دەیهەوێ بە تیرێک دوو نیشان بشکێنێ.

 یەکەم ئەگەر حکوومەتی هەرێم بچێتە ژێر باری ئەو داواکارییە ئیتر هیچ کەسێتییەک بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان نامێنێتەوە، با بارێکی دیکەدا بە دڵنیاییەوە پێگەی جەماوەری خۆی بەتایبەتی لە ناوخۆ لە دەرەوەی باشووریش و بە روونی لە ڕۆژهەڵات کە تا ئەم دەقیقەیەش گرینگترین  وکاراترین پشتیوانی ئەو حکوومەتە کوردیە بوون لە دەست دەداو، ئەوە ڕێک ئامانجی سەرەکی ئەو ڕێژیمە دژی گەلییەیە و لەو بارەوە من دڵنیام کە ئێران وازوو و بەهاسانی لەو پیلانە پاشگەز نابێتەوە. ئەو بەو کارەی درزکی گەورەش دەخاتە نێوان کوردانی باسوور و ڕۆژهەلات و ئەو یەکیتییەی بەکردەوە لە نیوانیان دا هەیە بە جارێ لە ناو دەچێ.

  نابێ کەس گومانی لەوەش هەبێ کە ئەگەر حکووومەتی هەریم ئەو داوایەی ڕێژیم جی بەجێ بکا کە من بە دووری دەزانم، ئیتر دوای ئەوە دە خودی حکوومەتی هەرێم هەڵدەپێچێ و ئەو شانە نووستووانەی لێ وەخۆ دەخات کە چەندین ساڵە بە پارەو پووڵی سپای قودس لە باری فکرییەوە ئامادەی کردوون، بناخەی ئەو حکوومەتە کوردیە بە تەنیا بەجێ ماوە هەڵدەتەکێنێ و ئەوەی دەیهەوێ لە جێگای دادەنێ.

 ئەوەی سەرەوە رێک سناریۆی ئێرانە وستراتیژی ئێستای ئەو ڕێژیمەیە و بەو تاکتیکەی دەرکردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەستی پێکردووە کە مەترسیدارترین پیلانی داگیرکەرێکی وەک ئێرانی فاشیستییە، بۆیە لەسەر حکوومەتی هەرێم وبەرپرسانی ئەو هەرێمەیە کە تەنانەت لە ئاخاوتن و لێدوانیش دا وشیار بن کە چ دەلێن و چۆنی دەڵێن.

 کورد لەم دەقیقەیە دا نابێ سادە و ساکار چاو لەو پیلانە بکات، نابێ بە قسەی بیبنەما وای دابنێ کە ئەوە هەمووی نرخی هەڵکردنی ئالا بوو لە تاران، نابێ وای دابنێ کە ئەوە قسەی  فواد حوسێن وەدێ دی و چی و چی، چون پیلانەکە تەنیا بۆ کوردی ڕۆژهەڵات و بۆ حیزبەکانی نییە، رێژیم کۆی مەسەلەی کورد و دەسکەوتەکانی کوردی کردۆتە ئامانج. هەموو دەبێ بە مەسئوولیەتەوە قسە بکەین، بەرپرس بین لە ئاست قسە ولێدوانمان دا، هەمووش دەبێ وێکرا و بە بیرکردنەوە یژیرانە بە گژ ئەو پیلانە دابچینەوە و جاریکی دیکەش خەونی گڵاوی دڵڕەشترین و دوژمنترین ڕێژیم واتە فاشیزمی مەسەبی ئێران پووچەڵ کەینەوە، من لەسەر ئەو باوەرەم پێشمەرگەی قارەمانی ڕۆژهەڵات و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە باشوور هەرگیز رێگا بە سەرخستنی پیلانی داگیرکەران نادەن و سەرکردایەتی کوردیش لە باشوور خۆی تووشی شکستێکی مەبدەئی و سیاسیی وا ناکا کە هەرگیز لە مێژوو دا پشتی لەژێر باری ئەو هەڵەیە دا راست نەبێتەوە.

هەڤاڵ ئەحمەدی: دەبێ حیزبەکان ئەو داواکارێکەی بە جیدی وەرگرن وە پشت گوێی نەخرێ بەڵێن وەک جارانە .چونکە ئەوجار وەک داواکارێکانی پێشتر کە پاسدارێک بە بەرپرسێکی ھەریمی کوردستانی دەگوت” با جموجۆڵیان کەم کەنەوە ” زۆر جیاوازە.

….

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی