"an independent online kurdish website

مرۆڤێکم کە بمپشکنی خاڵێک لە جەستەم نابینی برینی پێوە نەبێ، دەمارەکانی دەروونم پساون و جەرگم شڵاڵی خوێن و سیەکانم خوێن و گورچیلە و دڵم خوێن هەر خوێن لە هەناوم مەییوە،

 ئەوەندە سنەم خوێناوی ئەوەندەش مێژوو، مینانی قەڵا لە دەوری تەرمی تەمەن دەسووڕێم و دیرۆک دەلاوێنمەوە هەتا گڕوو نەگرێ وەک مناڵی بێشکەی دڵم کاتێک دەگەڵ شیری دایکم غەمی نیشتمان دەچێژم و بە هەنیسکی ڕقی پیرۆز مەند دەبوو، ئەودەم ٥٩ گوڵە شلێرە سەریان هەڵقرتا دڵی سیسی نیشتمان لایەلایەی بۆ هەزاران بنە شلێرە دەگوتەوە و ڕایدەژاندن، لاواندنەوەی لەبەر بێر و چیخی موژگانی پۆڕێک شیلان بە گوڵە بچووکە سپییەکانی بۆنێکی بەهاری دەدایە دەستی شەماڵ و ئەویش دەیبردە قەندیل و لەوێشەوە بەرەو سابڵاغ و کۆڵان بە کۆڵانی کوردستان گەڕە لاوژەی پێدەچڕی.

کاتێک لە نێوان دوو ئاوایی مڵکی بیرم قوچاخ بە قۆپی و مێرگ و مێشە دەخوشیم دەگەیشتمە سەر گادەر، ئەوەندە مووسا دەبووم بە گۆچان شەتم دەکرد پێشم دەگرت و ڕامدەسپارد لە زەریای ویشک و سوێر لامەدە بە ژێر ئاخا تاو بدە دەشتێک بکە پێخوست و لە کارێزی ئەوین سەرچۆپی بگرە و دۆی چەلەنگی چاوجوانی ناسکی شەنگ و دڵبەری شۆخ و دڵگر و وڵێو شێوەشیرنی چەلەک بگرە دەست و سەمای هەڵپەرکێ بەچاوی دەزبڕ و خاپینۆک دادە ئەوانەی ڕۆژێک کوڕیان لە وێنەی تۆدا شک دەبرد و تێچێن و شۆفار و بەکرە هەناش و زیران و گوێ بەل دەکەوتنە گیانت هەتا بۆنی عەتری گوڵی سپی جندی خاڵخاسی ڕند و خرنگی ڕووپەری یەڤەن دڵگر و شیاو، بۆگەن بکەن. تۆی ئەوەندە نازدار بەچاوی بەدکار بە سیلەی کۆن مێشکێکی گەنیو خەرفاو لەناو پاناوی دیوەخانێکی ڕازاوە بەڵام کوڵکن. ئەوەندەم حەز لێتە وەک مناڵ بە بێشکە وەک سێو بە زریان وەک گەڵا بە دار و وەک گوڵ بە گڵ و وەک بۆن بە هەناسەکانت! تۆ هەموو بیری مناڵی منت زیندوو کردەوە کاتێک ڕوندکی کل ڕژاوت هاتە سەر گۆنا و مشتێک دڵی خوێناویت بە پۆڕێک شیلانی دەم کانی سەر ڕەوەزی چخووری سەوەزەڵانی پڕ لە ئەوینی و حەز و مەیل و هۆگری پێشکەشی من کرد و منیش ئاوێتە بووم لە هەناوی حەقیقەتێکی شاراوەی تێڕامانی چلەکێشی ڕێبازێک و هاتمە سەر ئۆلی باوەڕ و لە خانەقای عەرشی قورشی تەختی ئاسمان دەم لە ناو دەم زکری ڕۆژە دژوار و ئاستەم و ئاز و سەخڵەت و چەتمان دەکرد کاتێک پیاڵەی سۆفی بە تەلیلەی ئاوی کەوسەری شەڕابی خەستی هەزار ساڵەی مێژوو دەهۆندەوە، ویستی کردگار هاتە دی و لە پەنا گۆڕستانی خوێناوی سینگت بارگەم داکوتا و بوومە خاوەن ماڵ! بەلام چ هێلانەکی شێواو و پەشێو بوو، دڕک و زی ئەنگوستیان دەمژی، خەرتەل چڕنووکی دەخستە ناخی هەنیسکت و زێروو هەناسە و ئاواتی دەمژتی و هەرزەیەکی بژار لەسەر پشتت ڕەگی داکوتابوو.

نەستم لە پردی ئایشەخان بەجێماوە گۆمێکی مەند و مۆڵگەی هاوسێ، کە باران دەباری تەڕ تەڕ دەچۆڕاوە فرمێسکی چاوەکانم و دەڕژایە ئەو ڕووبارەی مەنزڵگەی تۆی دەهۆندەوە، پێیەکانم لە هەموو نیشتمان هەر وا دەڕۆن، ڕێ دەپیون دەچنەوە بن قەڵاغ و سەر قەڵەمە و سەربان و سەرگوێلکە و سەرجیخون و سەرکانی و سەرئاو و سەرما و سڕسڕ دەبوونەوە شل شەکەت شێواو دەخزامە کورسیلە، ئەوەندە یادت دەکەم پڕ بە سییەکانم ناتوانم تاو و تین و پرزە بدەم، شەقێک لە بەختم دەدرێ هەڵدەدێرم بەڵام ئەمجارە نەگلیام، ئەوەندە پڕم لە مێژوو سینگم هەوری و هەموو خەفەت و غەمی نیشتمانی ڕاکێشاوە ئەوەندە قورسم لە تاسە و حەسرەت هەموو ئاخی گەل بۆکڕووزی هەڵقرچاوی سووتمانی ئاسمان هەڵدەگرم و جانتا و خێڵخانەم ڕکیش دەکەم هاوتەریب وێکڕا بەردەبێری شانت و قامەتی ڕاوەستاو و بیچمی ڕازاوەت چوست شادی دەزێنێ.

قوژبنی دیوەخان مزڵی دڵتەنگییەکانت بوو کاتێک باران دەباری وەک کوێران مژێکی تاری ئەنگوستەچاو ئادگاری منداڵیت دەشەوتاند و حەسرەتێکی نەزانی بێ ئاوەز گەوجی گەلحۆ پێکەنینی پەپوولەی لە ئاوێنەی دزێو و دێوەزمەی بیری نەشیاوی ناشیرن و ڕووزە دەدی. لە جێ پێت گوڵ غەنچەی شاری شنۆ ماچ دەکا، پیاسەکانت لەسەر پردی سوور و باغی گۆرانی سەوزەی کەسک و شین دەچڕێ ئەو کاتەی تووشی دێوێکی چاوچنۆکی بەدفەڕی مناڵ دەبییەوە و بەغوربەت ڕایدەژێنی دەیلاوێنییەوە ئەو بژارەی وەک فریزوو بینەقاقای گرتبووی هەتا بزەت ببێتە بوغز و گڕوو کلوو کلوو ببارێتە سەر جەستەی چاوەکانت.

هەنووکە شیلان و شەو بەختێک سپی دەکەن، مێژوو دەزێ لەناو بزەی شایی من و تۆ بەوێنەی شەوقی شەوارەی مانگی دێ دەڕژییە ئەشکەوتی ڕابردووم و پرچت دەهۆنمەوە کەزی دادێنم قفڵبەندی دەکەم لەناو بەندی دڵم.

سەلیم حەقیقی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی