لە ماوەی چەند ساڵ و بە دوای چەند شەڕی قورس دا کە بەینی سوپای ئێران و لەشکری عەڕەبی کۆ بۆوە لە ژێر رایەتی ئیسلام دا روویدا ، ئێرانیە کان شکستیان خوارد و عەڕەبەکان هاتنە نێو خاکی ئێرانەوە .
ئاخرین بەربەرەکانی گەورە و رێک و پێکی سوپای ئیران لە نهاوەند (بەینی کرماشان و هەمەدان ) بە دەستووری (یزدگردی سێهەم ) شاهەنشای ساسانی ، لە ژێر فەرماندەریی فیروزان ناسراو بە مەردانشا دابوو.
(یزدگرد) لە مەداین هەڵاتبوو پەیامی بۆ هەموو حاکمانی ولایات و سەردارانی ئێران ناردبوو بە لە شکری زۆر و چەک و دارایی یاریدەی بکەن . هەر چەند لەو وەختەدا بەو شکستانەی بە سەر سوپای ئێران هاتبوو هیچ سەردارێک نەدەپەرژا سەر (یزدگرد) و هۆشی ئەویان بڕابوو بەڵام چونکە سەرکەوتنی عەڕەبەکان وەکوو چارەنووسێکی تاڵ هەڕەشەی لە مەوجوودییەتی وانیش دەکرد لەشکری گەورە و پۆشتەیان لە نهاوەند کۆ کردەوە . کە دەڵێن نزیک سەدوپەنجا هەزار کەس بووە .
ئەو لەشکرە ماوەیەک لە نهاوەند لە بەرابەر سپای عەرەب دا راوەستا بە بێ ئەوەی هێرشێکی گەورە بکەنە سەر یەکتر . سەردارەکانی عەرەب لە ژێر فەرمانی ( نعمان بن مقرن) دا فێڵیان کرد و کوتیان خەلیفەی موسوڵمانان لە مەدینە فەوتی کردووە و ئەوان دەیانەوێ بگەڕێنەوە ولاتی خۆیان و دەستیان کرد بە کشانەوە . ئێرانیەکان خەبەرەکەیان باوەڕ کرد و لە سەنگەر و قەڵاکانی خۆیان هاتنە دەرێ و بە بڵاوی وەدوای لەشکری ئیسلام کەوتن . عەڕەبەکان لە هەلی موناسیب دا لێ یان گەڕانەوە و وەدەست هاتن. شەڕێکی قورس و چەند شەو و رۆژی دەستی پێکرد . ئەو پێک دادانە لە ساڵی 24 ی کۆچی دابوو و بە شکانی ئێرانیەکان تەواو بوو . بە دوای ئەو شکستە دا دەروازەی ئێران لە سەر گازی پشت بە رووی داگیر کەردا کراوە و شار بە شار و ناوچە بە ناوچە کەوتە دەست بێگانە .
هەر چەند خەباتی زۆر شێلگیرانە بۆ دەرکردنی بێگانە لە وڵات هەبوو ، هەموویان تێک شکان و لە خوێن دا نوقم کران بۆ وێنە ساڵی 30 ی کۆچی خەلکی شاری ئیستەخر لە فارس لە دژی عەڕەبەکان راپەڕین و حاکمی عەڕەبی شارەکەیان کوشت و بۆخۆیان دەسەڵاتی شار و ناوچەکەیان بە دەستەوە گرت . (عبدالە بن عامر)سەرداری عەرەب بە تۆڵەی ئەو سەربزێویە سوێندی خوارد هێندە لەو خەڵکە بکووژێ تا لە خوێن یان جۆگە ساز دەبێ ، دەستووری کوشتاری دا و خوێنی خەڵکی مەباح کرد . دەڵێن لەو رووداوەدا زیاتر لە چل هەزار ئێرانی کوژران و خوێنەکە هەر لە جۆگەدا دەمەیی و نەدەرۆیی ناچار بۆ وەی فەرماندە سوێندی لێ نەکەوێ ئاویان لە جۆگەکان کرد تا دەگەڵ خوێنەکە تێکەڵ بێ و بروا ئەوجار خەڵکەکەیان ئەمان دا .
لە هێرش و دەسەڵاتی عەڕەب دا شار و گوندی زۆر وێران بوو ، بنەماڵە و خانەدانی بە ناوبانگ تێداچوون ، مال و دارایی زۆر بە تاڵان چوو ، کیژ و گەنج و ژن و منداڵی ئێرانی لە بازاری کۆیلەداریی مەدینەدا بە فرۆش چوو ، پیشەوەر و وەرزێری ئێرانی کە دینی ئیسلامیان قبووڵ نەدەکرد باج و داراییەکی زۆریان لێ ئەستێندرا و نێوی جزیەی لە سەر داندرا . دەلێن (ابولحاج ) والی دەوروبەری کوفە بوو ، کابرایەکی مەسیحیان گرتبوو هێنایان ، لێی پرسی نێوت چیە ؟ کابرا کوتی نێوم (بندان شهر بندان) ە والی کوتی جا ئەوە چۆنە سێ نێوت هەیە و یەک خزیە دەدەی ، فەرمانی دا جزیەی سێ کەسی لێ بستینن . کەسێک وێرابای بە گژ ئەو هەموو زۆرداریە دا بێتەوە تووشی سەزای حەد و رەجم و کوژران و سووتاندن دەبوو.
لە ناوچوونی سەر بەخۆیی ئێران و سەقامگیر بوونی ئیمپراتووریی ئیسلامی وای کرد کە بۆ ماوەی دووسەد سال حاکم و کار بەدەستانی ناوچەکانی ئێران راستەوخۆ لە مەدینە و کووفە ودمیشق و بەغدا را دیاری دەکران. دەسەڵات داریی ئەو حاکمانە زاڵمانە و خوێناوی بووە . لاپەڕەی کتێبە کانی مێژووی ئەو سەردەمەی ئیران پڕە لە بەڵگەی ئەو توند و تیژیانە و ئەو چەوساندنەوە و خوێن رشتنانە ، بەربەرەکانی ئیرانیەکانیش بێ وچان هەر بەردەوام بووە . ئیرانیەکان کە وڵاتێکی بەربڵاویان هەبوو ولە رابردودا خۆیان دەسەڵاتدار بە سەر خۆیان و گەل و نەتەوەی دیکە دا دیتبوو ، هێندەیان قودرەت و شەوکەت بە خۆیانەوە دیتبوو کە نێوی ئازادەگان یان لە خۆیان نابوو ، بە دیتنی ئەو وەزعە ، بۆ هاتنە دەر لە ژێر دەستی بێگانە و ئەستاندنەوەی ئەوەی لە دەستیان دابوو وەخۆکەتبوونەوە و بە رێگای جۆراوجۆردا خۆیان رێک خستبوو کۆمەلانی خەڵک دەگەڵ هەر بەربەرەکانیەکی لە دژی دەزگای خلافەت کرابا هاودەنگ دەبوون و هاوکاریان دەکرد . یاریدەی زۆری (مختار ثقفی ) و (زیدبن علی ) و (یحیا بن زید ) یان دا . بۆ خۆشیان زۆر راپەڕینی گەورەیان رێکخست کە رەنگی دژە ئیسلامیان هەبوو ئەوەش مانای وایە ئەفکار و بیر و باوەڕی رابردووی ئێرانی لە ژێر ەسەڵاتی دین و دەوڵەتی تازەدا بە تەواوی تەفر و تونا نەببوو و لە هەر دەرفەتێکی تازەدا کە رێگای سەرهەڵدانی دەدیت دەهاتە مەیدان و خۆی نیشان دەدا . وەکوو راپەڕینەکانی (سنباد و استذسیس و مقنع ) کە هەموویان رەنگی زیدی ئیسلامیان هەبوو و لە سەر فکری قەدیمی ئێرانی پێش ئیسلام بەرپا کرابوون هاوکات دەگەڵ ئەوانە بەشێک لە سەرداران و دەسەڵات دارانی ئێرانی کە تێکەڵی دەزگای خلافەت ببوون و جێ و رێیەکیان بۆخۆیان دەست خستبوو دەگەڵ سەرهەڵدانی ناکۆکیەکانی نێو دەزگای خەلافەتی عەباسیان وەخۆ کەوتن بە لایەنگری کردن لە لایەنی دلخوازی خۆیان و لەو کێشە کێشانەدا نفووزی خۆیان زیاتر کرد . حکومەتی تاهریان کە هەوەڵین دەسەڵاتی ئێرانیی دوای داسەپانی ئیسلام لە ئێران دابوو بە کەڵک وەرگرتن لەو ناکۆکیانەی نێو دەزگای خلافەت جێ پێی خۆیان لە خوراسان کردەوە و دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرت . هێندێک سەرداری دیکەی ئێرانیی دەرەوەی دەزگای خەلافەت لە ناکوکیەکانی نێو دەوڵەتی عەباسیان کەڵکیان وەرگرت و لە دژی هەموو چەشنە دەسەڵاتێکی بێگانە راپەڕین بۆ وێنە لە تەبەرستان خەڵک لە دەوری فەرمانرەواکانی ناوچە کە وەک (ونداد هرمز ، سپهبد شروین ، مصمغان و لاش ) کۆبوونەوە لە دژی موسوڵمانەکان یەکیان گرت و عەرەبەکانیان قەتڵ و عام کرد تەنانەت موسولمانە خۆ جێیەکانیش کەوتنە بەر ئاوری توورەیی و تۆڵەی خەلک . لە زەمینەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئاوادا خورەم دینان سەریان هەڵداوە و جووڵانەوەیەکی بە هێزی سەربەخۆیی خوازانە ، دژی دەسەڵاتی نیزامی ، سیاسی و مەزهەبیی عەرەبیان لە ئازەربایجان رێک خستووە . خورەم دینان لە بیروباوەڕدا وێدەچێ لایەنگران و درێژەدەرانی رێگای (مزدک بامدادان ) پێشەوا و فەرزانەی زەمانی قوباد شاهە نشای ساسانی بن کە لە زۆر لە رێ و رەسمەکان و پێوەندە دینی و سیاسیەکانی ئایینی زەڕدەشت دا ئال و گۆڕی پێک هێنا و رێبازێکی تازەی هێنا گۆڕێ کە لە مێژوودا بە ئایینی مەزدەکی ناسراوە . مەزدەک لە هەوەڵین سەرهەڵدانی رێبازەکەیدا لە لایەن قوباد شەهریاری ساسانیەوە پشتیوانی لێکرا و وادیارە زیاتر بۆ بێ هێز کردنی دەسەڵاتی عولەمای زەردەشتی لە نێو کۆمەڵگا و دەرباری ساسانی دا ئەو کارەی کردبێ بەڵام لە ئاخری سەلتەنەتی قوباد دا کە نەوشیروان وەلیعەهد بوو بە فیت و فتنەی عولەمای زەردەشتی و دەستووری نەوشیروان مەزدەک محاکەمە و مەحکووم بە مەرگ کرا . کەوڵیان کرد و پێستەکەیان پڕ کرد لە کا و لە یەکێک لە دەروازەکانی تیسفونەوە هەڵیانواسی و لایەنگرانیشی بە کۆمەڵ زیندە بە چاڵکران . قوباد لەو کارەی نەوشیروان چاوپۆشی کرد .
سەراوبن زیندە بەچال کردنی مەزدەکیەکان بە فەرمانی ئەوشیروان بەو مانایە بوو تەواوی رێفورم و دیاردە فکریەکانی مەزدەک رەد کراوە و هەموو شت هاتەوە سەر رەوتی پێشوو و ئەوەش بە دڵی عولەمای ساحەب دین و دەوڵەتی زەردەشتی لە درباری ساسانی دا بوو. ئەو مەزدەکیانەی توانیان لە سەردەمی نەوشیروان دا خۆ بشارنەوە بە نهێنی فکرەکەی خۆیان پاراست و دوای نەوشیروانیش خوسرەو پەرویز و جێ نشینەکانی لە بەر گرفتارئیەکانی خۆیان ئیدی نە پەرژانە سەر سەرکوت کردنی مەزدەکیە کان و دوای هاتنی ئیسلامیش وادیارە هێندێک ئاڵو گۆریان لە بنەماکانی فکریی خۆیان دا کردووە و نێوی خۆرەم دینیان لە سەر خۆ داناوە . لە کاتی دەسەڵاتی خەلیفەکانی ئیسلام دا لە گورگان ، دەیلەمان ، ئازەربایجان ، ئەرمەنستان ، دینەوەر و هەمەدان و ئیسفەهان یەک جار زۆر بوون و لە دژی دەسەڵات داریی عەرەبەکان و موسولمانەکان خەباتیان دەکرد.
خورەم دینان عەقیدەیان بە دوو ئەسڵی نوور و تاریکی بووە و پێیان وابووە سەرچاوەی عالەم نوورە کە بەشێکی ئالوگۆری کردووە و تاریکی لێ دروست بووە .نوور سەرچاوەی چاکە و تاریکی سەرچاوەی خراپەیە . رسکانی بەشەر و ژیانی عالەم بۆ خەبات بە قازانجی نوور لە دژی تاریکیە هەروەها عەقیدەیان بە تەناسوخ بووە . تەناسوخ لە نێو مەدەنییەتی ئینسانی شەرقی دا پێشینەی لە مێژینەی هەیە . خورەم دینان نەزەریان لە سەر تەناسوخ ئاوابووە کە لە لایەکەوە رووحی ئیلاهی لە ئەشخاس دا حولول دەکا و لە لایەکی دیکەشەوە پێیان وابووە رووحێکی واحید لەوانەیە بە چەندین لەشی جۆراوجۆردا بگەرێ و سەر هەڵدا. خورەم دینان چەندین فرقە و دەستە بوون و هەموویان عەقیدەیان بە تەناسوخ بووە و باوەڕیان بە گۆڕانی (اسم) و ئال و گۆری (جسم) بووە . دەیان کوت هەموو پێغەمبەرەکان هەرچەند شەریعەتەکەیان فەرقی هەیە خاوەنی روحێکی واحیدن و دەڵێن وەحی قەت ناپسێتەوە و هەر ساحەب دینێک کە ئیمانی بە سەواب و ترس لە عەزاب هەبی ئەوە لە رێگای راست و دروست دا هەنگاو هەلدێنێتەوە و قەت خراپەی ناڵێن مە گەر زەرەر بە دین و رێبازی وان بگەیەنێ . لە خوێن رشتن خۆ دەپارێزن مەگەر بە ناچار تووشی شەڕ بن . ئیمامی خۆیان هەیە کە بۆ کاروباری دینی پێوەندی پێوە دەگرن و بە قسەی دەکەن و یەک جار زۆر بۆ پاراستنی پاک و خاوێنی تێدەکۆشن . دەگەڵ خەلک و میوان رووخۆش و بە خزمەتن .هەر شتێکی نەفسی ئینسان لەزەتی لێ بچێژێ و دڵ مەیلی بکا بەو شەرتەی زەرەری بۆ کەس نەبێ بە مەباحی دەزانن.
شتێکی لە پەیوەند دەگەڵ خورەم دینان دا زۆری لە سەر نووسراوە چونیەتی پەیوەندی ژن و پیاو و هەڵبژاردنی هاوسەر بووە . (ابن اثیر ) دەڵێ : پیاوانی ئەو ئایینە دەگەڵ دایک و خوشک و کچی خۆیان دەست تێکەڵ دەکەن و دەبنە هاوسەر لە بەر ئەوە ئایینی ئەوان بە ئایینی (شەلفیە ) نێو دێر دەکرێ . ئەو شتەی ئیبنی ئەسیر دەیڵێ لە ئێرانی کۆن دا هەبووە و زۆر لە شایانی هخامەنشی و ساسانی دەگەڵ نزیکانی خۆیان وەکوو دایک و خوشک و کچی خۆیان بوونەتە هاوسەر . کتێبە کانی مێژووی ئێرانی کۆن لەو بارەیەوە زۆری تێدایە . بۆ وێنە کە مبوجیە و داریوشی دووهەمی هێخامە نشی و بارامی گوری ساسانی . سەرداری گەورەی ئێرانی لە زەمانی ساسانیان دا بەهرامی چوبین دەگەڵ خوشکی خۆی بە نێوی کوردیە هاوسەر بووە بەڵام چونکە کتێبە کان هەر باسی شاهان و سەردارانیان کردووە روون نیە ئەو رێ و رەسمە لە نێو چینەکانی دیکەی کومەلیش دا هەبووە یان نا ؟
ئەگەر ئەو شتە لە نێو خوڕەم دینان دا بووبێ ریشەی لە رێ و رەسمێک دایە کە وا دیارە لە چینەکانی خوارووی کۆمە لیش دا باو بووە و شتێکە بە دڵی موسوڵمانان نە بووە و یەک لەو دەلیلانەی عولەمای ئیسلام و نووسەران و کاربە دەستانی ئیسلامی خورەم دینانیان ناخۆش ویستووە دەبێ بەشێکی لە سەر ئەو رێ و رەسمە بووبێ. هێندێکی دیکە لە مێژوو نووسان تاوانباریان دەکەن بە (اباحە) و مەبەستیان ئەوەیە لە ژنەکانیان دا هاو بەشن و ئەگەر ژنەکان رازی بن ئەوە پیاوەکانیان لە گەڵ ژنەکانی یەکتر نزیکی دەکەن . شوێنەواری کۆمەلایەتی شتی وا لە هیچ دەورەیەکی مێژووی ئێران دا لە هیچ سەنەدێک دا نابیندرێ . لە ئێرانی قەدیم دا شتێک هەبووە ئەویش ئەوەیە ئەگەر ژنێک پێی خۆش بووبێ دەگەڵ پیاوێک بێ و هەردوو لا رازی بن رێگای پێکەوە بوونیان لێ نە گیراوە و ئازاد بوون . لە شانامەدا پێوەندی زاڵ و رودابە ، روستەم و تە همینە ، بیژەن و مەنیژە و خوسرەو و شیرین هەمووی نیشاندەری نەوعێک لەو ئازادیەیە . روودابە کە زولفی دەکاتە کە مە ند و زاڵی پێ هەڵدەکێشێتە سەر کونگرەی کۆشکە کە ی خۆی یان تەهمینە ، شەوێ لە چادری روستەم وەژوور دەکەوێ و دەگەڵی تیکەڵ دەبێ یان مەنیژە کچی ئەفراسیاب ئەوینی خۆی بۆ بێژەن باس دەکا و هەموو رۆژێ دێ لەو چاڵەی دا بیژەن زیندانیە سەری لێ دەدا نیشانەی پیوەندی ئازادی بەینی ژن و پیاوی کۆمەڵن و ئەو نەوعە پێوەندیە لە شانامە دا نەک خراپ نین بەلکوو مەقبووڵییەتی کۆمەڵایە تیان هەیە و هێندە جوان رازاونەتەوە هەر کامیان تابڵۆیەکی ئەدەبی یان لێ دروست بووە . وێدەچێ ئەو چەشنە ئازادیە لە نێو خورەم دینان دا بووبی نەک ئیشتراک لە ژنی یەک تر دا و دەست درێژی بۆ سەر ژنی یەک تر . ئەو قسەیە نەیارانی خورەم دینان بە عەمد لە نێو لاپەڕەی کتێبە کانی مێژوویان خزاندووە . هەر لە شانامە دا لە داستانی سیاوەش و سودابە دا دەر دەکەوێ کە رێ و رەسمی ئیشتراک لە ژن دا لە ئێرانی کۆن دا نەبووە . دەبینین سودابە بەو هەموو جوانیەی خۆیەوە مایلە دەگەڵ سیاوەش تێکەڵ بێ ئەمما سیاوەش چونکە سودابە ژنی بابیەتی خۆ لەو کارە نادا و بە گژی دادێتەوە و وەقاحەتی پیوەندێکی وای دەخاتە بەرچاوی بۆیە تاوانی اباحە بەو شێوەیەی لە سەر خورەم دینانیان نووسیوە قسەی نەیارانیانە و وە درۆ دەچێ بە هەر حال ئەو ماجەرایە هەر چۆنێک بووبێ موسولمانەکانی تووڕە کردووە و بۆ دوژمنایەتی کردنی خورەم دینان هانی داون.
شتێکی دیکەی لە سەر خورەمدینان نووسیویانە ، لێدان و دەست بە سەر داگرتنی کاروانەکان بووە ، دەبێ مەبەستی خورەمدینان لەو کارە چ بووبێ ؟ ئایا ئەوان رێگر و زیانی خورۆی مالی خەلکی دیکە بوون؟
رێگرتن لە کاروانەکان بەشێک لە خەبات بووە بۆ هەڵبڕینی رایەڵەی ئابووری کۆمەڵ کە بە دەست دەزگای دەوڵەت و بازرگانە گەورەکانەوە بووە . بە دەسکەوتی کالای ئەو کاروانانە خەڵکی هەژار و راپەریویان ژیاندووە ، ئەوەش کارێک بووە عەییاران وەستۆی خۆیان گرتبوو . یەعقووبی لە یسی سەفار لە چینی بن دەستی کۆمەڵ و لە سەرۆکە گەورەکانی عەییاران بوو کە لە ئێران دەوڵەتێکی ئێرانی بنیات نا ومێژوونووسان بە تاریفی دادێن. بابەک خورەمدین هەر کارەکانی یەعقووبی کردوە بەڵام چونکە موسوڵمان نەبووە و لە کاری دروست کردنی دەوڵەتیش دا سەر نە کەوت مێژوو نووسانی وەک (خواجە نظام الملک ) ، پاسداری دین و دەوڵەتی سەلجووقیان ، غەیبەتیان دەکا و بە رێگر و خراپ و (قرمطی ) نێویان دەبا . زۆربەی مێژوونووسان ، لایەنگرانی بابەکی خورەمدین یان وەک خەڵکی رووت و هەژاری کۆمەڵ ناساندووە کە بە فەقیری دەژیان . ئەو فەقیری و دەست تەنگیە شیان بە هۆی چەوسانەوەیان لە لایەن عامیلەکانی حکومەتی زاڵمی ئیسلامی وشەڕوشوڕی ئەمیرەکان و سەردارەکان و دەسەڵات دارانی ناوچەکە بە سەر دا سەپابوو بۆیە خوڕەمدینان دەیانکوت جەبارەکاب دەکووژین ، ئایینی مەزدەک زیندوو دەکەینەوە و ئەو کەسانەی لە کۆمەڵ دا بە سووکی و چرووکی جاویان لێ دەکرێ عەزیز و سەرفەراز دەکەین و لە ماڵ و داراییش دا بەرابەری و یەکسانی پێک دینین . لە کۆمەڵگای ئەو سەردەم دا کۆیلە داری دیاردەیەکی باو بوو . هیچ یاسا و دەزگایەک بۆ داکۆکی لە چینی هەژار و بێ سامان ، بوونی نەبوو . فشاری ژیان بڕستی لێ بڕیبوون . شۆرشی خورەمدینان لە باری سیاسیەوە بۆ لابردنی دەسەڵاتی بێگانە کە لە لیباسی ئیسلام دا دەسەڵاتێکی جەبارانە بوو هەروەها سەزادانی چینی باڵادەستی کۆمەڵ بووە بۆیە هەم دەزگای خەلافەت و هەم بەشێکی زۆر لە چینی باڵا دەستی کۆمەل دوژمنایەتی خورەمدینانیان کردووە .
نیهزەتی خورەمدینان زۆر پێش سەرهەڵدانی بابەک وجوودی بووە و دوای بابەکیش چەند سەدەی دیکە هەر بووە . هەوەڵ جار کە باسی خورەمدینان کراوە مەربووتە بە سالی 162 کۆچی ، خاجە نیزامولمولک دەڵێ : لە زەمانی خەلیفەی عەباسی (مێهدی )دا باتنیەکانی گورگان کە پێیان دەکوترا (سرخ جامگان) دەگەڵ خورەمدینان رێک کەوتن و کوتیان ئەبوموسلیم هەر زیندووە ، ئێمە ئەو وڵاتە دەستێنینەوە ، کوڕی ئەبوموسلمیان وەپێش خۆیان دا و بەرەو شاری (ری) وەرێکەوتن. دووهەمین جار کە باسیان دەکا ئەو کاتەیە (هاروون الرشید) لە خوراسان بووە یانی سالی 192 ی کۆچی ، خورەمدینان لە (اصفهان ، ترمدین ، کۆپلە ، ری و همدان )راپەڕین ژمارەیان زیاتر لە سەدهەزار کەس بوو .(بودلف عجلی و عبداللە مبارک) سەردارەکانی هاروون ئەلرەشید دەگەڵیان بە شەڕ هاتن و شکاندیانن و منداڵەکانیان بە کۆیلە بردن و لە بازارەکانی بەغدا فرۆشتیانن . دوای 9 سال لە تێپەڕبوونی ئەو رووداوە لە زەمانی مەئمون خەلیفەی عەباسی دا بابەک لە ئازەربایجان راپەڕی . بابەک کێ بوو ؟ ئەوەی روونە بابەک لە ئاوایی (بلال آباد) سەر بە ناوچەی مە یمە لە ئازەربایجان لە دایک بووە ، غاڵبی مێژوونووسانی موسوڵمان هەوڵیان داوە نیشان بدەن بابەک لە پەیوەندی نا مەشرووعی ژن و پیاوێکی فەقیر و بێ سامان بە وجوود هاتووە ، دەیانەوێ تەحقیری بکەن و کەسایەتیەکی سووکی لێ نیشان بدەن. ئەوەی روونە دایکی جاوێکی کوێر بووە ، لە سەردەمی منداڵیدا بابی کوژراوە و دایکی بە سەغیری گەورەی کردووە . لە جحێڵیدا هاتۆتە مەنتەقەی نهاوەند و لەوێ بۆتە مەیتەری(شبل ازدی) و لە نۆکەرەکانی ئەو فێری جۆرێک لە موسیقا و لێدانی تەنبوورە بووە . لە 18 ساڵیدا هاتۆتەوە بۆ لای دایکی لە ئاوایی بلال ئاباد لە ناوچەی کوێستانی (بذ) .
(مطهر بن طاهر مقدسی ) دەنووسێ: لەو کوێستانەدا ژومارەیەک خورەمدینی لێ بوو کە دوو پێشەوایان هەبوو و دەگەڵ یەک ئیختلافیا+ن بوو . یەکیان نێوی (جاویدان بن شهرک ) بوو . لە سەفەرێکی جاویدان بۆ ئاوایی بلال آباد بابەکی دیت و وەبەر دڵی کەوت و هێنایەر ریزی نەفەراتی خۆیەوە . ماوەیەک پاش ئەوە جاویدان لە شەرێکی دەگەڵ رەقیبەکەی خۆی (عمران) کردی بریدار بوو دوایە فەوتی کرد ، ژنی جاویدان لێهاتوویی بابەکی دیتبوو بە لایەنگرانی خۆیانی راگەیاند جاویدان پێش مەرگ کوتوویەتی رووحی دەچێتە لەشی بابەکەوە و دوای ئەو بابەک سەروەری ئەوانە و سەرکەوتنی گەورەیان بۆ دەستەبە ر دەکا دینی مەزدەک سەر دەخا و خەڵکی بێ سامانی وڵات عەزیز و سەر بەست دەکا ، خەڵکە کە بابەکیان قوبوول کرد و سەریان بۆ دانەواند.
هەلبژاردنی بابەک بە سەرۆکی خورەمدینان هاوکات بوو دەگە ڵ سەردەمی گیرو گرفتی جۆراوجۆر کە بۆ مەئموون خەلیفەی عەباسی هاتبووە پێش و نەدەپەرژا سەربابەک ، بابەکیش لە ئازەربایجان بوو لەو دەرفەتە کە ڵکی وەرگرت و بناغەی دەسەڵاتی خۆی قایم کرد و کاری خوڕەمدینانی رێک و پێک تر و پەرەگرتووتر کرد و دەسەڵاتێکی گەورەی لە ئازەربایجان و دەور و بەری بنیات نا . وەختێک مەئمون دەستی وەبەر خۆی کەوتەوە بابەک زۆر بە هێز ببوو هەر بۆیەش توانی نزیک بیست سال بەربەرەکانی دەزگای خەلافەت بکا و بەشێکی زۆر لە هێرشەکانی سەرداران و لەشکرەکانی مەئمون و موعتەسەم تێک بشکێنێ . مەئمون سەردارێکی خۆی بە نێوی (یحیی بن معاذ بن سلم )لە قەبیلەی شیبانی کردە مەعمووری ئەرمەنستان و ئازەربایجان و سەرکوت کردنی بابەک . یەحیا و بابەک چەند شەڕی قورسیان کرد . یەحیا سەرکەوتنێکی نەبوو ناچارمەئموون (عیسی بن محمد بن ابی خالد )ی ناردە سەر بابەک و سپایەکی گەورەشی کە ناسراو بە (حربیە) بوو دەگەڵ خست ، ئەو سپایە ش شکستی خوارد و بەرەو ئەرمەنستان پاشە کشەی کرد . ئەو شکستە ساڵی 206 ی کۆچی بووە . ئەو جار مامون (زریق بن علی بن صدقە ازدی ) ناردە سەر خورەمدینان ، ئەویش چی بۆ نەکرا . مەئمون بە دوای ئەوانەدا (محمد بن حمید ) طوسی کردە مەئموری سەرکوت کردنی بابەک . محەمەد بن حەمید سەرداریکی گەورە و بە ناوبانگی دەزگای خەلافەت بوو ، زۆر شاعیری عەرەب وەکوو (بختری و ابوتمام طایی) پێیان هەڵکوتووە . محەمەد لە سەرەتادا هێندێک سەرکەوتنی بە دەست هێنا ئەمما لە ئاخردا لە رێگایەکی سەخت و باریک دا لە داویان خست و کوشتیان . ئەو رووداوە ساڵی 214 ی کۆچی بووە و لە
(هەشتا سەر) روویداوە . لە ساڵی 218 ی کۆچی دا خورە مدینان لە بەشە کانی دیکەی ئێرانیش وەکوو ئیسفە هان ، رەی ، ماسبەزان ولورستان سەریان هەڵێناوە و وێدەچێ بە ویست و پشتگیریی بابەک بووبێ بەڵام شۆڕشی ئەو بە شانە لە شەڕێکی خوێناویدا کە بەینی خوڕەمدینان و سەرداریکی موعتەسەم خەلیفەی عەباسی بە نێوی (اسحاق ابراهیم بن مصعب)رووی دا بە شکان و کوشتاری گەورەی خورەمدینان تەواو بوو . شومارەیەکی زۆر یشیان لێ گیرا و ژن و منداڵیان لە بازاری کۆیلە فرۆشی بەغدا دا بە فرۆش چوون . دەڵێن شومارەی کوژراویان بێجگە لە گیراو نزیکەی سەد هەزار کەس بووە .
بە هاتنە سەرکاری موعتەسەم خەلیفەی عەباسی سەرکوت کردنی شۆڕشی بابەک شێلگیرانە تر لە هەمیشە درێژەی پەیدا کرد . موعتەسەم یەک لە سەردارانی گەورەی خۆی بە نیوی (خیذر بن کاوس )ناسراو بە ئەفشین کە لە دەسترویشتوانی ناوچەی فرغانە بوو دیاری کرد و سەردارێکی دیکەشی بە نێوی (ابو سعید محمد بن یوسف طایی تغری) دەگەڵ خست . لە شەڕێکی گەورەدا کە لە ساڵی 220ی کۆچی دا بەینی بابەک و ئەفشین لە شوێنێک بە نێوی (ارشق) روویدا ، بابەک شکستی خوارد و دەستی لە ناوچەکانی ئەردەبیل و بەرزەند هەڵگرت و بەرەو دەشتی موغان و قەڵای (بذ) کە ناوەندی رێبەرایەتی خۆی بوو پاشەکشەی کرد . ساڵی 221 ی کۆچی لە ناوچەی هەشتا سەر بەینی یەک لە سەردارانی ئەفشین بە نێوی (بغای بزرگ) و بابەک شەڕێکی قورس روویدا کە شکستی (بغا) ی لێکەوتەوە ، لە باقی شەڕەکانی دیکە دا بابەک شکستی خوارد . سالی 222 ی کۆچی موعتەسەم یەک لە سەردارانی خۆی بە نێوی (جعفر بن دینار الخێاط ) ی ناردە یاریدەی ئەفشین و بە دوای ئەویش دا غولامی خۆی (ایناخ) ی بە سی ملیۆن درەمەوە بۆ خەرج کردن لە شەڕی بابەک دا بەڕێ کرد . وادیارە دوای بیستنی ئەو خەبەرە بووە کە بابەک نامەی بۆ (نئوفیل) ئیمپراتوری رۆم نووسیوە و هەوڵی داوە بۆ شەڕ دەگەڵ خەلیفە هانی بدا بەڵکوو لە فشاری هێزەکانی خەلیفە بۆ سەر خۆی و ناوچەکەی کەم بکاتەوە . لەو نامەیەدا بۆ ئیمپراتوری رۆمی نووسیوە :
پادشای عەڕەب هەموو لەشکرەکانی خۆی تەنانەت (خیاط) چەعفەرئەلدینار و (طباخ) ی خۆشی ئیناخ بۆ شەڕی من ناردووە و دەربارەکەی چۆڵە و ئەگەر بتەوێ هێرش بۆ ئەوێ بکەی کەس نیە پێشت پێ بگرێ . لە کۆتایی شەڕەکان دا بابەک شکا و قەڵاکەی و ژن و منداڵی کەوتە دەست ئەفشین و بە دیل گیران ، بۆخۆی و براکەی و چەند کەسێک بە کەڵک وەرگرتن لە دار و جەنگەڵ و کوێستانی مەنتەقە پاشەکشەیان کرد و لە چۆمی ئەرەس پەڕینەوە و بەرەو ئەرمەنستان رۆیشتن . لە ئەرمەنستان (سول بن سنباط ارمنی) لە دەست رۆیشتوانی ناوچە و هاوئایینی بابەک خۆی وەفادار نیشان دا و بابەکی بردە ماڵی خۆی و بە دزی خەبەری بە ئەفشین دا بابەک لەوێیە ، رۆژێک کە هێزەکانی ئەفشین لە شوێنێک کەمین یان کردبوو ، سەنبات بە فێڵ بابەکی بۆ راوکردن بردە ئەو شوێنە ، لەوێ لە ناکاو گەمارۆ درا و گیرا و بردیانە شوێنی فەرماندەریی ئەفشین .
ئەفشین لە پاداشی ئەو خزمەتەدا سەدهەزار درەمی دا بە کوڕی سەنبات و ملوێنێکیشی بۆ سەنبات لە موعتەسەم وەرگرت و کەمەربەندێکی گەوهەر نیشان و تاجێکی سەران و سالارانی بۆ نارد . ئەفشین لە مانگی سەفەری سالی 223 ی کۆچیدا بابەک و عەبدولای برای بابەکی بە دیلی هێنا شاری تازە سازکراوی سامەڕا . کاتێک ئەفشین گەیشتە پردی خەلیفە ، کوڕەکان و بنەماڵەی موعتەسەم هاتنە پێشوازی . ئەفشین بابەکی بردە کۆشکی خۆی لە (مطیرە) سبەینێ موعتەسەم بە رەسمی لە دەربار دانیشت و خەلکێش لە بابئەلعامە ڕا تا متیرە بە ریز سەفیان بەستبوو . بە فەرمانی موعتەسەم بابەکیان سواری فیل کردبوو هێنایانە کۆشکی خەلافەت . جەللادی بابەک بە دیل گیرابوو موعتەسەم دەستووری دا هێنایان ، حوکمی لێکرد دەست و لاقی بابەک بپەڕێنێ پاشان سەری ببڕێ و زگی بدڕێ . سەریان بۆ خوراسان بەڕێ کرد ، دەگەڵ عەبدوڵلای براشی هەروایان کرد . دەڵێن کاتێک جەللاد دەستی راستی بابەکی پەڕاند بە دەستەکەی دیکەی خوێنی خۆی لە سەر و چاوی هەڵسوو . لێیان پرسی بۆ وادەکەی ، کوتی لە بەر ئەوەی ئەگەر خوێن لە لەش رۆیشت رەنگ سپی هەڵدەگەڕی ، با کەس وانەزانێ لە ترسان رەنگم پەڕیوە . دوای کوژرانی بابەک خورەم دینان لە قەڵا و جێگا سەختەکانی خۆیان هەرمانەوە و بە بێ راپەڕینی ئاشکرا بە نهێنی خە ریکی بڵاو کردنەوەی ئایینی خۆیان بوون .
(خواجە نظام الملک) لە سیاسەت نامە دا دە نووسێ : خورەم دینان لە زەمانی (واثق باللە) خەلیفەی عەباسی دا لە وڵاتی ئیسفەهان راپەڕین و تا ساڵی سێسەدی کۆچی یانی نزیکەی سی و چەند ساڵ فیتنە کەیان بەردەوام بوو . (ابو علی مسکویە ) لە کتێبی (تجارب الامم ) دا دەنووسێ : عیمادئەلدەولە پادشای آل بویە ساڵی 321ی کۆچی دەستی بە سەر قەڵای خورەم دینان داگرت کە لە دەوری شاری کەرەج هەڵکەوتبوون . هەر لەو کتێبە دا لە باسی رووداوەکانی سالی 360 ی کۆچیدا دەڵێ : عە زدولدەولەی دەیلەمی لەشکری بردە سەر ئەو خورەم دینانەی لە خەلیجی فارس دا رێگرییان دەکرد ، سەرکردەکەیان بە نێوی (ابوعلی بن کلاب) گیرا و کوژرا و بۆخۆشیان قەتل وعام کران و شومارەیەکیشیان وەکوو کۆیلە رەوانەی شاری شیراز کران ، ئەوە مەعنای وایە خورەم دینان تا سالی 360 ی کۆچی یانی 138 سال دوای زەمانی بابەک لە فارس و دەوروبەری خەلیجی فارس هەر هەبوون . (محەمەد عەونی ) لە کتیبی (جوامع الحکایات و لوامع الروایات ) دا دەڵێ : سالی (529/512) خورەم دینان لە ئازەربایجان هەر هەبوون و لەوێ سەربزێویان دەکرد یانی 278 سال دوای کۆتایی هاتن بە کاری بابەک خورەم دینان لە ئازەربایجان هەر دژایەتی دەزگاای خەلافەتی عەباسیان کردووە و تا نێوە ڕاستەکانی سەدەی 6 ی کۆچی لە ئازەربایجان هەر ماون.
سەرچاوەکانی ئەو باسە
- قیام و نهضت علویان زاگرس “محمد علی سلطانی ”
- اسلام در ایران “پطروشفسکی”
- دو قرب سکوت “دکتر عبدالحسین زرین کوب”
- قهرمانان ملی ایران “عبدالرفیع حقیقت”
- سیاست نامە “خواجە نظام الملک”
- الکامل “عزالدین ابن اثیر”
- شاهنامە فردوسی متن کامل ” فردوسی”