"an independent online kurdish website

دوکتۆر “رەحیم فەرەھمەند” و “دوکتۆر عەبدوڵای ئەبریشەمی” کەوتوونەتە لێدانی سەروگوێلاکی بزوتنەوەی مافخوازانەی کورد و ناوی ئەو سەروگوێلاک شکاندنەش ئەنێن”دیالۆگ کردن”!

بۆ وێنە بەڕێز د.فەرەھمەند بە گاڵتەوە ئاماژەی بۆ وتەیەکی زێڕین و پڕ ھەیبەت و شکۆ و ئێرادە و خۆڕاگریی خەباتکارانی کورد کردووە کە ئێژێ:” بزوتنەوەی رەوای کورد و شۆڕشەکانی، جگە لە خەڵکی کوردستان و چیاکانی، ھیچ پشت و پەنایەکی دیکەیان نیە.” بەڵام ئەو ھاتووە بە گاڵتە و تانەوە ئێژێ:” دەڵێن کورد ھیچ پەنایەکی جگە لە شاخ و کێو نیە!!” بۆیە ھەر شارەکان جێ دێڵن و روو دە شاخان دەکەین! کورد مەگەر کوندە کە ھەر…؟”

 منیش پێتان ئێژم یەکەم قوفڵەوقوون لە دوروشمەکە تێگەییشتوون، دووھەم ئەم دورشمە بەو شێوەی ئێوە ناتەواوە. وەک ئەوەیە لە ( لا إله إلا الله ) دا تەنیا بێژی (لا إله). لە راستیدا دروشمەکە ئاوایە: “تەنیا پاڵپشتی راستەقینەی شۆڕشەکان، خەڵک و چیاکانی کوردستانن.”

ئەو دروشمەش ترسنۆکانە نیە، بەڵکوو شۆڕشگێڕانەیە، خەباتکارانەیە، مافخوازانەیە، نەبەزینانەیە، سەرشۆڕنەکردنانەیە، خۆبەدەستەوەنەدانانەیە و…،.

چونکی بە درێژایی مێژووی ھاوچەرخ و شۆڕشە رزگاریخوازانەکانی گەلی کورد لە پارچەکانی کوردستان، سەلمێنراوە کە کورد نە توانیویە متمانە بە بەڵێنەکانی داگیرکەرانی کوردستان، واتە دوژمنانی بکات، نە پشت بە سۆز و پەیمانی بە ناو دۆستە دوور و نزیکە رەنگاوڕەنگەکان ببەستێ.

ھەڵکەوتەی نیشتمانی کورد چیاییە، بۆیە چیاکان وەک سەنگەر لەم دوروشما ھاتوون نەک  بە قەولی ئێوە، ئەشکەوت و کون بۆ خۆشاردنەوە و پەناگە. مەبەست لە چیاکان وەک پاڵپشت ھاوشانی گەلی کوردە، قوتو قاییمی باوڕی شۆڕشگێڕانی کوردە بە گەلەکەیان وەک چیایەکی قاییم و لە لەرزین و شکان و روخان نەھاتوو.

جێگای وەبیرھێنانەوەیە لای فارسی شوڤێنسیت و رەگەزپەرستی دەسەڵاتدار، چیا زیاتر وەک سووکایەتی بە نەتەوەکانی کورد، لوڕ، ئازەری و بەلوچ بەکاردێ. لە سریاڵێ بەناوی “شبھای برەرە”دا قامکیان بۆ نەتەوەکانیتر وەک خەڵکی “پشت کوە”⁄پشت چیا ئەکێشا و مەبەستیشیان لەوە، دواکەوتوو مانەوەی خەڵکانی جگە لە خۆیانە، دواکەوتوو لە بوارەکانی عەقڵ، شعور، کولتور، زڤنست، پەروەردە و …ھەموو شتێکا.

بەڵام چیا لای کورد ئەماژەیە بۆ ھەیبەت و شکۆ، سەربڵیندی، ب.ن: “سادقی شەرەفکەندی، وەک چیا سەربڵیندی”، “وەک چیا لە پشتتم” ، وەک چیا لەبن نایێ.” وەک چیا ناڕوخێ، وەک چیا چەقیوە و خۆڕاگرە. ئێرادەی ئێژی کێوە.

بۆیە چیا لای ئێمەی کورد بۆ سوکایەتی نابێ، بەڵکوو بۆ رێز و شکۆ دەبێ. بەم بۆنەیەشەوەیە کە لەم دورۆشما کە زیاتر وەک وتەیەکی رێبەری شەھید”د.قاسملوو” ناسراوە، چیا ھاوشان کراوە لەگەڵ خەڵکی مافخواز و خەباتکار و خۆڕاگر و پێشمەرگە ئێرادەی کوردستان.

ئەو خەڵکەی کە لە شەڕی داسەپاو لە لایەن خومەینیەوە بەسەر خەڵکی کوردستانا، وەک چیا لە پشت رۆڵە خەباتکارە پێشمەرگە و گیان لەسەردەستەکانیان وەستان و بە بەرگری و ھێرش و خۆڕاگریی و فیداکاری، توانیان شکەست بە سوپای داگیرکەر بە ئەرتەش و پاسدار و بەسیجەوە، بە ھێزی ئاسمان و زەوییەوە، بە توانای تۆپخانە و ھێزی زنجیرییەوە بێنن و خومەینی جەلاد ناچار بکەن ھەرچەند وەک وەک فێڵێکیش بووبێ، بە ناچاری بەرامبەر گەلی کورد ئاگربەس رابگەیەنێ.

بەڵێ بەڕێز، چیا لای کورد بۆ گاڵتە نابێ. بۆیە، ئێوەمانانیش پێش لێکدانەوەی بەراوەژۆ و قوفڵەوقوون، باشترە ھەندێ لە ناخی دوروشمەکان رامێنن.

ھوشیار ئەحمەدی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی